بڕیارەكەی دادگای توركیا لەدژی ئیمامئۆغلۆ روبەڕوی ناڕەزایەتی توندی ناوخۆو دەرەوە دەبێتەوە
  2022-12-16       1409       

ئا: ئاوێنە

وڵاتانی رۆژئاوا رەخنە لە بڕیارەكەی دادگای توركیا بۆ سزادانی ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ بە دو ساڵ و حەوت مانگ زیندانی دەگرن كە بە یەكێك لە ركابەرە گەورەكانی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەژمێردرێت. هەروەها لەناوخۆش بڕیارەكە ناڕەزایەتی گەورەی لێكەوتۆتەوەو تەنانەت زۆرینەی دەنگدەرانی حزبەكەی ئەردۆغانیش پێیانوایە، بڕیارێكی سیاسییە.

رۆژی چوارشەممە، دادگای توركیا بڕیاریدا بە سەپاندنی دو ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەر ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵدا، ئەوەش بە تۆمەتی "سوكایەتی" بە بەرپرسانی دەزگای هەڵبژاردنی وڵاتەكە.

بڕیارەكەی دادگا توركییەكە ئەگەر لەلایەن دادگای باڵای ئەو وڵاتەوە پەسەندبكرێت، ئەوە ئیمامئۆغلۆ كە بە ركابەری سەرەكی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكە دەژمێردرێت، كاری سیاسی لێ قەدەغە دەكرێت و لە ركابەرایەتییەكە دوردەخرێتەوە.

بڕیارەكەی دادگای توركیا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە كاردانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناو دەیان هەزار كەس لە ئیستانبوڵ دژبە بڕیارەكە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا نیگەرانی قوڵ و بێ هیوایی خۆی بەرامبەر بە بڕیارەكە دەربڕی و رایگەیاند، بڕیارەكە نادادپەروەرانەیە و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش بڕیارەكەی بە "وەشاندنی گورزێكی گەورە لە دیموكراسیەت" ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی، هەست بە "نیگەرانییەكی قوڵ و بێهوایی دەكەن" لەبارەی ئەگەری دورخستنەوەی یەكێك لە گەورە ركابەرەكانی ئەردۆغان لە پڕۆسەی سیاسی.

هەروەها فەرەنسا رەخنەی لە بڕیارەكەی دادگای توركیا گرت و داوای لەو وڵاتە كرد، ئاگاداری دوركەوتنەوەی بێت لە سەروەی یاسا و دیموكراسیەت و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ.

هاوكات یەكێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێكدا بڕیارەكەی بە "ناڕەوا" ناوبردو جەختی لەوە كردەوە كە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی لە توركیا لاوازكراوەو گوشاری سیاسی لەسەر دادوەران و داواكارانی گشتی هەیە.

هەرچەندە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بۆ هەڵبژاردنەكان تاوەكو ئێستا پشتیوانی لە یەك كاندید ناكەن لە دژی ئەردۆغان، بەڵام بەگوێرەی راپرسییەكان لەو وڵاتە، ئەكرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ، تەمەن 52 ساڵ، یەكێكە لە گەورەترین ركابەرەكانی ئەردۆغان.

لەدوای بڕیارەكە ئیمامئۆغلۆ لەنێو لایەنگرانیداو لەگەڵ شەش سەركردەی حزبی ئۆپۆزسیۆندا دەركەوت و رایگەیاند، هیچ ترسم نییە لە بڕیارە ناشەرعییەكەیان. دادوەرم نین پشتیوانیم لێ بكەن، بەڵام 16 ملیۆن لە خەڵكی ئیستانبوڵ و نەتەوەكەم لە پشتمن.

بەگوێرەی راپرسییەكان، بڕیارەكەی دادگا بۆ سزادانی ئیمامئۆغلۆ، رەنگە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت بۆ ئەردۆغان.

بەگوێرەی راپرسییەكی دامەزراوەی "میترۆپۆل"، زۆینەی ئەو  دەنگدەرانەشی كە دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن، پێیانوایە بڕیارەكەی دادگا دژی ئیمامئۆغلۆ "سیاسییە."

بەپێی راپرسییەكەی میترۆپۆل، لەسەدا 28.3ی دەنگدەرانی ئەردۆغان پێیانوایە بڕیارەكەی دادگای دژی ئیمامئۆغلۆ پەیوەستە بە سیاسەتەوە، لەكاتێكدا لەسەدا 24.2ی ئەو دەنگدەرانە لەگەڵ ئەوەدان كە بڕیارەكە بەهۆی "سوكایەتی" ئیمامئۆغلۆ بوە بە دەزگای هەڵبژاردنی وڵاتەكە.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×