حكومه‌تی هه‌رێم دەبێت بەحکومەتی ئەلکترۆنی
  2023-01-03       751       

ئا: ئاوێنە

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، حكومه‌ت كاری باشی بۆ به‌دیجیتاڵكردن و به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان كردوه‌، به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌شی دانراوه‌ تا كۆتایی ساڵی 2025، هه‌مو كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی دیجیتاڵی و ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌ده‌برێن و هیچ كاغه‌زی تێدا به‌كارناهێنرێت.

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "دیدگای سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پرسی به‌دیجیتاڵكردنی دامه‌زراوه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت كراوه‌ته‌ به‌رنامه‌یه‌كی ستراتیژی و پلانێكی درێژمه‌ودا و خێرا و ئێستا كاری پێده‌كرێت و له‌ ماوه‌ی ڕابردوشدا چه‌ندین خزمه‌تگوزاری به‌ئه‌لیكترۆنیكراون.

 

ـ پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با
ئه‌م سیسته‌مه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌، ڕۆڵێكی به‌رچاوی له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌با و ئاگاداركردنه‌وه‌ی هاوڵاتییان له‌ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی كاره‌با و ڕێگرتن له‌ زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر تۆڕی گشتی كاره‌با هه‌یه‌.
ئه‌م سیسته‌مه‌ ئێستا له‌ چه‌ندین گوندی نوێ و له‌ بازاڕی له‌نگه‌ هه‌ولێر له‌ دهۆكیش جێبه‌جێكراوه‌ و سه‌ركه‌وتوش بوه‌ له‌ ڕێكخیستنه‌وه‌ و ده‌ستگرتن و زیادكردنی كاره‌با.

 

ـ پسوڵه‌ی كاره‌با
به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیسته‌می پسوڵه‌ی كاره‌با هاوشانی پێوه‌ری زیره‌ك ده‌ستیپێكردوه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ هاوڵاتییان له‌ ڕێگه‌ی مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ ده‌توانن ئاگاداری كاره‌بای به‌كارهێندراو و خه‌رجییه‌كانی كاره‌با بن و به‌مه‌ش ده‌توانن باشتر كۆنتڕۆڵی كاره‌با بكه‌ن.

 

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی دادنوسییه‌كان
به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی سیسته‌می دادنوسی، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین سیسته‌مه‌ به‌ئه‌لیكترۆنیكراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ نزیكه‌ی 65 فه‌رمانگه‌ی دادنوسی به‌ئه‌لیكترۆنی و پێكه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌ و دواتریش هه‌مویان به‌ستراون به‌ داتاسه‌نته‌ری سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌كاردێت بۆ ڕێكخستنی كاری دادنوسی و به‌ستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لقه‌كانی دادنوسی به‌ وه‌زاره‌تی داد و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ئاسانكردن و ڕاییكردنی كاری ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌ی دادنوسییان هه‌یه‌.

 

ـ سیسته‌می ئی ـ په‌روه‌رده‌
له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌لیكترۆنی كراون. ئێستا قوتابیان و كه‌سوكاریان و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌توانن له‌ چه‌ند كاتژمێرێكدا كاره‌ كارگێرییه‌كانیان ڕایی بكه‌ن و وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ڕاسته‌وخۆ و به‌ ئاسانی و خێرایی هه‌مو داتایه‌كی ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری باشتری ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌وه‌ی میلاكانیش كه‌ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌.

 

ـ مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان له‌ خوێندنی باڵا
سیسته‌می ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتییان له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه‌ به‌ئه‌لیكترۆنی كراوه‌، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌وه‌ ده‌توانرێت فه‌رمانبه‌ر و ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ كاره‌كه‌ی له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌، هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌پێكی نێو مۆبایله‌كه‌یه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌و مامه‌ڵانه‌ بێت كه‌ پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای كردون و ده‌گه‌نه‌ كوێ و كه‌ی ته‌واو ده‌بن.

 

ـ پۆرتاڵی خزمه‌ت
له‌م پۆرتاڵه‌دا زانیاریی ته‌واو له‌باره‌ی فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌ و ده‌سته‌كان له‌به‌ر ده‌سته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێداویستانه‌ی كه‌ هاوڵاتییان له‌ كاتی ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ پێویستیانه‌. هاوڵاتی به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌توانێت به‌ سه‌یركردنی پۆرتاڵی خزمه‌ت بزانێت كه‌ چ جۆره‌ دۆكیۆمینتێكی پێویسته‌ بۆ مامه‌ڵه‌كانی.

 

ـ مۆڵه‌تی شۆفێری
سیسته‌می دیجیتاڵی مۆڵه‌تی شۆفێری و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل له‌ئه‌لیكترۆنی كراوه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ دیجیتاڵییه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی شۆفێرییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مۆدێرن و كاتێكی كه‌م. له‌ هه‌مانكاتدا كاره‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵیانه‌ و تۆماری ئۆتۆمبێل خێراتر ده‌كات له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستان.

 

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی تۆمار و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پكشنینی پێكوته‌ و داشبۆردی كۆرۆنا
به‌ هاتنی په‌تای كۆرۆنا و بڵاوبونه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌ت هه‌وڵیدا له‌ ڕێگه‌ی سیسته‌مێكه‌وه‌ هاوڵاتییان ناوی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی پێكوته‌ی كۆرۆنا تۆمار بكه‌ن و ئاگادار بكرێنه‌وه‌ و تا ئێستاش ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌رده‌وامه‌ و زۆرترین كه‌س تێیدا به‌شدار بوه‌. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌به‌شدا سیسته‌می وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌نجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كراوه‌ته‌ ئه‌لیكترۆنی تا هاوڵاتییان بتوانن له‌ ماڵه‌وه‌ یان له‌ مۆبایله‌كانیانه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ربگرنه‌وه‌. هه‌روه‌ها داشبۆردی ڤایرۆسی كۆرۆنا دامه‌زرێنراوه‌ و سه‌رجه‌م ورده‌كاری داتاكانی په‌تای كۆرۆنا به‌پێی شوێن و ڕه‌گه‌زی تێدا خراوه‌ته‌ڕو و هاوڵاتییان و ڕۆژنامه‌وانان ده‌توانن كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن.

 

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی مامه‌ڵه‌ی خانه‌نشینی
سیسته‌می مامه‌ڵه‌ی خانه‌نشینان به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی كراوه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌وه‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌ و ئاستی هه‌ڵه‌كان و ڕۆتین كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و هۆكارێكیشه‌ بۆ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی موچه‌ی خانه‌نشینان.

 

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی گرێبه‌سته‌ گشتییه‌كان
گرێبه‌سته‌ گشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی به‌ ئه‌لیكترۆنی كراوه‌، به‌ هۆیه‌وه‌ پڕۆسه‌ی ته‌نده‌رینگ له‌ كوردستان ده‌چێته‌ قۆناغێكی نوی له‌ شه‌فافی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین و كۆمپانیا و بازرگانن ڕاسته‌وخۆ ئاگاداری ته‌نده‌ره‌كان ده‌بن و به‌شداربون له‌ ته‌نده‌ره‌كان ئاسان ده‌بێته‌وه‌.

 

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی موچه‌
سیسته‌می دیجیتاڵی به‌ڕێوه‌بردنی خشته‌ی موچه‌، سیسته‌مێكی دیكه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خشته‌ی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان، كاره‌كانی ئاماده‌كردنی لیستی موچه‌ و كاره‌ كارگێرییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ موچه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنیكراوه‌.

 

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی
سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی دارایی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م سیسته‌مه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خه‌رجییه‌كانی گشت داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م سیسته‌مه‌وه‌ ڕێڕه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان به‌ دیجیتاڵی كراوه‌ له‌ سێ به‌شی: داواكاریی خه‌رجی، تۆماری خه‌رجی و بنكه‌ی زانیاریی گرێبه‌سته‌كانی حكومه‌ت پێكهاتوه‌.

 

ـ سیسته‌می نوێكردنه‌وه‌ی زانیاری
ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌ كاردێت له‌ نێوان گشت داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری بۆ ناردن و بڵاوكردنه‌وه‌ هه‌واڵ و له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ كار ده‌كرێت له‌ شه‌فافیه‌ت و خێرایی له‌ گه‌یاندنی زانیاری.

 

ـ به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی
سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی زانیاری كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، ئه‌م سیسته‌مه‌ش له‌ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بابه‌تی پێدانی شایسته‌ داراییه‌كان به‌ كاردێت، به‌مه‌ش هه‌م داتای واقعی له‌به‌ر ده‌ست ده‌بێت و هه‌میش ماف و دادپه‌روه‌ریی ئه‌م توێژانه‌ وه‌ك خۆی ده‌بێت بۆیان و نافه‌وتێت.

 

ـ دۆمه‌ینی .KRD
دۆمه‌ینی ئاستبه‌رزی .KRD، تاكه‌ دۆمه‌ینی كوردییه‌ كه‌ نوینه‌رایه‌تی كورد له‌ جیهانی ته‌كنه‌لۆژیا ده‌كات و سودێكی زۆری له‌ چه‌سپاندنی زمان و كولتوری كوردی له‌ جیهانی ئه‌لیكترۆنیدا هه‌یه‌.

 

ـ پێگه‌ی فه‌رمی حكومه‌ت
پێگه‌ی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م پێگه‌یه‌وه‌ ماڵپه‌ره‌كانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ و هاوڵاتییان له‌و پۆڕتاڵه‌وه‌ ده‌توانن ده‌ستیان به‌ زانیاریی و داتاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگات.

 

ـ داتا سه‌نته‌ری ناوه‌ندی حكومه‌ت
داتا سه‌نته‌ری ناوه‌ندی حكومه‌ت، كۆگای زانیارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و داتایانه‌ی كه‌ به‌ دیجیتاڵی ده‌كرێن له‌و داتا سه‌نته‌ره‌ گل ده‌درێنه‌وه‌، ئه‌م داتا سه‌نته‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام پارێزراوه‌ و ناوه‌ندێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت كه‌ نزیكه‌ی 400 خزمه‌تگوزاری جۆراورجۆر له‌ خۆ ده‌گرێت و سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌تیش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م داتا سه‌نته‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و خێرا به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×