کەمال بورقای: تورکیا ڕێگە نادات کورد خۆی بەڕێوەببات
  2023-01-04       940       

ئا: ئاوێنە

 

لە کۆتایی ساڵی 2022دا حکومەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنی لە باکوری سوریا ده‌ستپێكرد، لە ماوەی ڕابردوشدا لە مۆسکۆ کۆبونەوە لە نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا، ڕوسیا و سوریا بەڕێوەچو، تورکیا دەیەوێت لە ساڵی 2023دا دۆخێکی نوێ لە سوریا بهێنێتە ئاراوە، نوسەر و سیاسەتمەدارێكیش ده‌ڵێت، "تورکیا لە لایەک بە کورد دەڵێت برای ئێمەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە ڕێگە نادات کورد خۆی بەڕێوەببات".

 

کەمال بورقای، نوسەر و سیاسەتمەداری دیاری باکوری کوردستان هێرشەکانی تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان و سیاسەتەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بە کورد ڕون دەکاتەوە و ده‌ڵێت، "ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا لە ڕۆژئاڤا ئەنجامیداون، دۆخی ئەوێی بە تەواوەتی خراپتر کردوە، لە ڕابردودا کاتێک تورکیا چوە ناو عەفرینەوە ڕەوشی ئەوێی باش نەکرد.

کەمال بورقای لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، "تورکیا مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە سوریا بکات، پێویستە تورکیا یارمەتی سوریا بدات بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و دیموکراسی لە سوریا، ئەم هێرشانەی تورکیا هیچ چارەسەرێک بۆ سوریا ناهێنن، بۆ نمونە کاتێک تورکیا چوە ناو عەفرین، دۆخی عەفرین خراپتر بو، کورد لەوێ نەمان بەهۆی کوشتنکارییەکان، بەڕای من سیاسەتێکی لەو شێوەیە هیچ چارەسەرێک ناهێنێتە ئاراوە".
 
بورقای ئەو سیاسەتانەی کە تورکیا بەرامبەر باکوری سوریا و کورد هەیەتەی لە بەرژەوەندی تورکیا نازانێت و ئاماژەی بەوەشکرد، بەرژەوەندی تورکیا لەوەدایە دراوسێیەکی باشبێت بۆ کوردەکانی سوریا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لە ڕابردودا تورکیا دژی باشوری کوردستانیش هەڵوێستی گرتەبەر، بەڵام پاشان ئەو سیاسەتەی خۆی گۆڕی، پاشان وەک دراوسێیەکی باشی کرد و سودی لە باشور وەرگرت و هیچ زیانێکی نەبینی، ئەمڕۆ پێویستە تورکیا دراوسێیەکی باش بێت بەرامبەر ڕۆژئاڤا، ئەم سیاسەتەی ئێستای لە بەرژەوەندی تورکیا نییە، پێویستە تورکیا دراوسێیەکی باش بێت".

کەمال بورقای بە توندی دژایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیای کرد و وتی، "تورکیا لە لایەک بە کورد دەڵێت برای ئێمەن، بەڵام لە لایەکی ترەوە ڕێگە نادات کورد خۆی بەڕێوەببات".

لە ساڵی 2016ەوە تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی لە باکوری سوریا ئەنجام داوە کە زۆربەی جار هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی تیادا کردووەتە ئامانج. لە مانگی 11 ی ساڵی ڕابردووشدا جارێکی تر سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی تری زەمینی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد.

 

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×