رۆمانی پاشای گەورەو  بەراوردکارییەک
  2023-01-04       851       

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

   ماوەیەک لەمەوپێش برامان ئارێز عەبدوڵڵا ڕۆمانی "پاشای گەورەی" بڵاوکردەوە و بە حوکمی ئەوەی لەبارەی میرنشینی سۆران و بەتایبەتتریش لەسەر ژیان و ماوەی حوکمڕانیی میر محەمەدی ڕەواندزی نووسیوە، کە بەهێزترین و بەناوبانگترین میرەکانی کورد و ئیمارەتەکانێتی و بەو پێیەی ئەو ئیمارەتانە بەشێکی باشیان لە مێژووی کورد داگیر کردووە، بە ئەرێنی و نەرێنییەوە ئەگەر بە چاوی ئەمڕۆ تێیانبڕوانین. بەندە بە پەرۆشی و وەک دەڵێن بە چاوی کڕیارەوە کەوتمە خوێندنەوەی و بە چەند ڕۆژێک تا هەر ٣٥٠ لاپەڕەکەیم تەواو نەکرد دەستم لێ هەڵنەگرت. ڕۆمانەکە وەک نووسەر خۆشی لە دەسپێکەوە ئیشارەتی پێداوە مێژووییە و بۆ ئەم کارەی سوودی لە گەلێ سەرچاوەی زارەکی و نووسراو بینیوە لە سەر ئەو مێژووەی کەوا ئەو میرەی ئیمارەتی سۆران تێیدا حوکمڕان بووە و بەرگێکی فەنتازیای خەیاڵی بەبەردا کردووە، بە شێوەیەک کەوا سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت و چێژێکی هەم خۆش و هەم ناخۆشی پێدەبەخشێت و مەراق و خولیایەکی دەداتێ کە پێ بە پێ و بەش بە بەش لەگەڵ  ڕۆمانە مێژووییەکەدا بڕوات و ئاوێتەی کاراکتەرەکانی ببێت.

 

چەردەیەک لە هەستی نەتەوایەتی

   خۆشییەکەی ئەوەیە  کەوا لە سەردەمێکی تووش و نالەباردا ئەم میرە جۆرە کاریگەرییەکی ئەو بای نەتەوەخوازی یان ناسیۆنالیستییەی بەسەرەوە دەبێت کە لە ئەوروپاوە هەڵیکردبوو و پڕیشکێکیشی گەیشتبووە وڵاتی عوسمانی و  میللەتە ژێردەستەکانی. ئەم بارە لای گەلانی بەڵکانی ئەوروپای ژێردەستەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی خۆی لە گەلێ شۆڕش و ڕاپەڕیندا بینیوەتەوە بۆ ڕزگاربوونیان لە ستەمکاریی ئەو ئیمپراتۆرییەتەی کە تا دەهات هێدی هێدی گڵۆڵەی دەکەوتە لێژی و بەرەو ئەوە دەچوو کە چیتر لەگەڵ چەرخی بەمۆدێرنبوون و پیشەسازیی ئەوروپیدا هەڵنەکات و بەرەو کۆتایی بچێت و ئەو گەلانەش بەرودوا ڕزگار دەبوون. ناخۆشییەکەشی کە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا میر یان پاشای گەورە بەو دەردە دەچێت کە لە نزیکەی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا تەواوی میرنشینە کوردییەکان کۆتاییان پێهات و لەسەر دەستی    لەشکر و قۆشەنی تا ئەو دەمەش زەبەلاحی عوسمانیدا شکستیان هێنا و خرانەوە سەر ئیمپراتۆرییەت و حوکمی ناوەندیی عوسمانی. میر و ئەریستۆکراتە فیوداڵەکانی ئەو میرنشینانە تێکەڵ بە دەزگای بیرۆکرات و حوکمڕانیی ئۆتۆکراتیی عوسمانی کرانەوە لە ئەستانبووڵی پایتەخت و گەلێک لەوانە و دواتریش نەوەکانیان پلەی جیاجیای دەسەڵات و حوکمڕانییان پێدرایەوە لە ئیدارەی شوێنە جیاجیاکانی وڵاتی پانوپۆڕی عوسمانیدا، بەڵام دوور لە شوێنی حوکمڕانی و دەسەڵاتی پێشووی میرنشینەکانی خۆیان. دوای ئەمانیش خەڵکە ڕەعییەت و ستەمدیدەکەی خۆیان کەوتنە ژێر بارێکی قورستر لە جاران و ستەمی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی عوسمانی و باج و خەراجی زۆر لەپێشوو گرانتر، لەسەردەستی کاربەدەستی گەندەڵ و بەرتیلخۆری ئیدارەی دواکەوتووی عوسمانی. ئەوەی کە میر محەمەدی سۆرانی جیاکردەوە لەو سیاسەتەی کەوا عوسمانییەکان پەیڕەوییان دەکرد ئەو چارەنووسە کارەساتبارەی کوشتن یان بزرکردنی بوو پاش ئەوەی لە سەر سوێند و بەڵێن بە قورئانێکی مۆرکراو "موهرلی قورئان" خۆی ڕادەستی ڕەشید پاشای سەدری ئەعزەم و سەرلەشکری عوسمانیی کردبوو. هەڵبەت وەک سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن، لەسەر ڕاسپارەی ئەم ڕەشید پاشایە میوانی سوڵتان مەحموودی دووەم دەبێت و بە یاوەریی ئەویش دەچێتە نوێژی هەینی و وەک میوانێکی پایەبەرز و ڕێزلێگیراوی دەوڵەت سەردانی گەلێ دامودەزگای پایتەخت دەکات و لەوانە کارگەکانی چەک و جبەخانە دروستکردن. پاشانیش فەرمانی سوڵتانیی بابی عالیی بۆ دەردەچێت گوایە وەک میری سۆران بمێنێتەوە پاش ئەوەی ئەمیش بەڵێن دەدات کە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەت لە دەستدرێژی و هێرشی دەوڵەتی قاجاری ئێرانی ڕکابەری عوسمانیبپارێزێت. دواجار لە ڕێگەی ئەماسییەوە دەنێردرێتەوە بۆ ڕەواندز، بەڵام لەو ماوەیەدا کە ئەم لە گەشتەکەیدا بەرەو ڕەواندز بەڕێوە دەبێت و لە ئەماسییە گوایە وەک میوانی پایەبەرزی دەوڵەت دەیهێڵنەوە و بەپێی فەرمانێکی بابی عالی مەلا عەزیزی  بەڕێوەبەری دیوانی میرایەتییەکەی و یاوەری لەم سەفەر و مانەوەیدا دەگێڕنە دواوە بۆ  پایتەخت. بەڵام تا مەلا عەزیز دەگەڕێتەوە میر بە پیلانێک شوێنبزر دەکرێت و تا ئێستاش هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نەدۆزراوەتەوە کە باس لەو تاوانە بکات،  چۆن ئەنجامدراوە و چۆنچۆنی لەناوبراوە، ئەگەرچی سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن گوایە بە پیلانی عەلی ڕەزا پاشای والیی بەغدا و والیی مووسڵ و سەرلەشکرەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئەو کارە ئەنجامدراوە. هەڵبەت لە کاتی خۆڕادەستکردنی میر محەممەددا ئەوان ڕاسپاردە و بەڵێنی ڕەشید پاشایان بەدڵ نەبووە و لای خۆیانەوە کەوتوونەتە پیلانگێڕی و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی. هەر لەو سەروبەندەشدا ڕەشید پاشا دەمرێت و زەمینە بۆ پیلانگێڕان دەڕەخسێت کاری خۆیان بکەن، بەتایبەتی کاتێ کەوا میر هێشتا هەر لە ئەستانبووڵی پایتەخت دەبێت. دیارە سەرەڕای ئەو ڕێز و شکۆیەی لێیدەنرێت بەڵام هەر وەک شێوە دەسبەسەرێک دەیهێڵنەوە، بەپێی سروشتی ئەو کاتەی دەزگای بیرۆکراتی حوکمڕانی عوسمانی و گوایە لە ئەنجامی مەرگی ڕەشید پاشا و نەمانی کاریگەریی ئەو لەسەر سوڵتان پیلانگێڕەکان سەردەکەون و دڵی سوڵتان کرمێ دەکەن و دواجار بەو دەردەی دەبەن کە سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن.

 

تۆپەکەی وەستا ڕەجەب.. میر لە خەیاڵێک و ئالی عوسمانیش لە خەیاڵێکی تر

لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەوە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی چیتر ئەو وڵاتە پانوپۆڕەی جارانی سەر ڕووی زەوی نەمایەوە و سام و شکۆی ڕابوردووی شکا. لەم سەدەیەدا خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بەردەوام لە شۆڕش و ڕاپەڕیندا بوون دژ بە ستەمی عوسمانی و بەش بەش خۆیان لە جەستەی ئەو ئیمپراتۆرییەتە دا دادەماڵی. یۆنان لە ساڵی ١٨٣٣دا ڕزگاری بوو و تا ساڵی ١٩١٣ دوابەشی وڵاتانی بەڵکانیش لە ژێدەستەیی عوسمانی دەرچوون. هەر لەو سەر و بەندەدا میسریش چیتر وەک ویلایەتێکی عوسمانی نەمایەوە. محەمەد عەلی پاشای بە ڕەگەز کوردیش میسری کردە وڵاتێکی سەربەخۆ و لە دەوڵەتی عوسمانیی دابڕی و لەشک و سوپای خۆی هێند بەهێز و پڕچەک کردبوو کە سوپای عوسمانی دەرەقەتی نەدەهات و لە هێرش و پەلاماردانیدا شکستی هێنا. ئەوجا هەر ئەمەش بوو وای لە پاشای سۆران کرد چاوی لێبکات و لەشکری خۆی تۆکمە و تەیار بکات و بیر لە دروستکردنی تۆپیش بکاتەوە.

  لە قۆڵی باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە، لەم سەدەی نۆزدەیەدا چوار جەنگی گەورەی ڕووسیا - عوسمانی هێز و توانای لەبەر دەوڵەتی عوسمانی بڕی و لە جەنگی ساڵانی ١٨٢٨ - ١٨٢٩ی ڕووسیا - ئێراندا، ئیمپراتۆرییەتی قەیسەریی ڕووسیا تەواوی ناوچەکانی قەوقاز و بەشێکی ئازەربایجان و ئەرمەنستانی لە دەستی ئێران دەرکرد و خستیە سەر قەڵەمڕەوی خاکی ڕووسیا و گەورەترین هەڕەشەی دروستکرد لە سەر عوسمانی. لێرە بەدواوە گەلی ئەرمەنی کریستیان، کە ئەوانیش وەک کورد بندەستی عوسمانی بوون و ڕێژەیەکی بەرچاویان نیشتەجێی ئەستەمبووڵی پایتەخت و گەلێ شار و دێهاتی وڵاتی عوسمانی بوون. وەلێ ڕێژەیەکی زۆرتر و بەرچاوتریان لە شەش ویلایەتە زۆرینە کوردەکەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی عوسمانیدا نیشتەجێ بوون. ئەوان لێرە لەگەڵ کورد لە دێرزەمانەوە پێکەوە دەژیان و لە گەلێ ڕووەوە کولتوور و فەرهەنگیشیان لە یەکەوە نزیک بوو، هەرچەندە ئاینیشیان یەک نەبوو. بەڵام هەست و سەرەتای بزووتنەوەی نەتەوایەتی تێیاندا لەوی کورد پەرەسەندووتر بوو لەو دەمەدا. ئەوجا پاش ئەوەی ئەرمەنستانی ڕۆژهەڵات کەوتە لای ڕووسیای بەردەوام ناکۆک و دوژمن لەگەڵ عوسمانی، ئەرمەن لێرە کەوتبوونە خولیای گەڵاڵە کردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر ئەو خاکەی کوردستان کە ئەوان بە ئەرمینیا ڕۆژئاوایان لەقەڵەم دەدا. دواتر لە ئەنجامی دەستێوەردانی دەوڵەتە زلهێزە بەرژەوەندیخوازەکان و مسیۆنێرەکان و کاریگەرییان لەسەر ئەرمەن (کە ئێرە جێی باس کردنی وردەکاریی نییە)، گرژی کەوتە ناو ئەم دوو گەلەوە و حوکمڕانیی عوسمانیش دەستی خراپی هەبوو لە پەرەپێدانی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەدا و برەودان بەو ئاڕاستەیەی کەوا کورد دەبێتە ژێردەستەی ئەو دەوڵەتەی ڕووسیا و ڕۆژاوا بەنیازن بۆ ئەرمەنی دروست بکەن. ئەمەشە کەوا شاعیرێکی مونەوەری وەک حاجی قادری کۆیی لەو سەردەمەدا ترساندبوو کە ئایندەی کورد چی بەسەردێت. ئەگەرچی تێکڕا ئەم چاوبەستییانە دواجار لە مێژوودا ئەرمەن و پاش ئەوان کوردیشی بە قڕکردن و جینۆساید گەیاند، بەڵام ئەم میرەی کورد ناهەقی نەبوو لەو دەمەوە کە هاتە سەر حوکمی میرنشینەکەی بیر لە خۆ قایمکردن و خۆ پڕچەک کردن بکاتەوە، چونکە بەو هەستە نەتەوایەتییە سادەیەی ئەو سەردەمەشی گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە بابی عالی دەیەوێت قووتی بدات و دار و بەردی ئیمارەتەکەشی بە سەریەکەوە نەهێڵێت. ئاخر ئەو چی کەمە لە محەمەد عەلی پاشای میسر. خۆ ئەگەر وا نەکات ڕەنگە پێشبینییەکەی حاجی قادر بێتەدی و ئەرمەن ببنە خاوەنی دەوڵەت و کوردیش دەستبەدەر. تۆ بڵێی ڕاوبۆچوونی مەلای جزیریی بەربای گوێی نەکەوتبێت لەمەڕ دەردی کوردان؟ ئەی ئەو هەموو مەلا و مونەوەرە لە دەرباریدا چییان کردووە؟ خۆ ڕەنگە درکی بەوەش کردبێت کە دەوڵەتە زلهێزەکان بە ناوی چاکسازی و بە مۆدێرنبوونەوە سیاسەتی تەنزیماتیان بە سەر دەوڵەتی عوسمانیدا سەپاندبوو، کە یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی نەهێشتنی میرنشینە کوردەکان بوو و هەڵوەشاندنەوەیان، گوایە ناوەندێتیی دەوڵەت بەهێزتر دەکەن و دەسەڵاتی هەموو هەرێم و ناوچەکان بخەنە دەستی سوڵتان و لە کۆتاییشدا بەخوایشتی خۆیان سوڵتانی دواکەوتوو و نوقمی    عەیش و نۆشی ناو کەنیزەک و دەسەڵاتەکەی دەستەمۆ بکەن. جا کەوابوو میر ناهەقی نەبوو خۆی کۆبکاتەوە، چون هەستی بەو هەموو پیلان و چاووڕاوە دەکرد و نەردی بەختیشی بە قازانجی ئەو نەدەگەڕا.

  نووسەریش لە ڕۆمانەکەیدا وردەکاریی خەیاڵ و فەنتازیای تێکەڵ دەکات و خوێنەر دەخاتە دۆخێکی سۆزئامێزەوە و ئەندێشەی دەچێت بە لای ئەو ستەمە بێئامانەوە کە چەرخی چەپگەرد و مێژووی ستەمکار و جیۆپۆڵەتیکی ناهەموار و نالەبار بەسەر کوردیدا هێناوە و هیچ کاتێ ڕێگەی نەداوە بە مەرامی ڕەوای خۆی بگات. بێگومان، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، ئەم ڕووداوەی مێژوو بەدەر نییە لە هەڵوێستی ئەم میرە بۆ پێکەوەنانی قەوارەیەک بۆ کورد، ئەگەر زۆر سنووری سۆز تێنەپەڕێنین و نەیشوبهێنین بە هەندێ کاراکتەری مێژووی میللەتان، لەوانەی کە ئیمارەتەکانی ئەڵمانیایان یەکخستووە و لەگەڵ دەوڵەتی پرووسیادا ئاوێتە و تێکەڵیان کردووە یان بە هەمان شێوە ئەوانەی ئیمارەتەکانی ئیتالیایان خستووەتە سەر ئیمارەتی فلۆرەنس، بەڵام خۆ هەر نەبێت هاوشێوەییەک لە زەین و بیری ئەم میرەدا هەبووە بە چەمک و ڤێرژنە ڕۆژهەڵاتییەکەی. ئاخر ئەگەر وا نەبووبێت چۆن کارگەی تۆپ و جبەخانە دادەنێت و بۆچی وەستا ڕەجەب و خان گێڵدیی ئەرمەنی دەنێرێتە رووسیا بۆ فێربوون و ڕاهێنان لە سەر دروستکردنی تۆپ و جبەخانە  و بە چ خەیاڵێک سکەی دراو بە ناوی خۆیەوە لێدەدات، مەگەر ئەمانە بنەما و ڕێخۆشکەر نەبوون بۆ ئەو ئامانجەی لە خەیاڵدانیدا گینگڵی دەدا؟

   لە دووتوێی ڕۆمانەکەدا چەندین کاراکتەر و کەسایەتیی ڕۆڵ دەبینن وەک ئەوەی لە مێژووی ئەو ئیمارەتەدا  هەبوون و دیارە نووسەر خوێندنەوە و بەدواداچوونی وردی کردووە بۆ ڕووداوە مێژووییەکانی ئەو سەردەمە، ئەگەرچی سەرلەبەری مێژووی ئێمە، بە دوور و نزیکیشیەوە، نەک هەر بەتەواوەتی نەنووسراوەتەوە و ئەگەریش شتێکی لێ تۆمار کرابێت هێند کاڵ و کرچ و ناتەواوە کە پتر دەچێتە خانەی ئەفسانە و حیکایەتەوە و هێندەی لێ لابراوە یان ڕووداوی خەیاڵکردی خراوەتە سەر کە زیاتر بە لای ئەفسانەدا دەچێت وەک لەوەی مێژووی ڕاستەقینە و متمانەپێکراو بێت. هەر بۆیە ڕۆماننووس لەم کارەیدا پەنای بردووەتە بەر گێڕانەوەی پشتاوپشت و بەو پێیەی کە خۆی خەڵکی دەڤەری سۆرانە و کاتێ گەیشتووەتە تەمەنی مێرمنداڵی و کەمێک خۆی ناسیوەتەوە لە زاری باوک و دایکی و خەڵکانی تری دوور و نزیک گوێبیستی حیکایەتە ئەفسووناوییەکانی خانزادی شێرەژنی میری سۆران بووە. من بەش بە تێگەیشتنی خۆم ڕەنگە بە ئاسانی بوونی کەسایەیەتییەکی ژنی وەک خانزادم پێ قووت نەچێت لە کۆمەڵگەیەکی جووتیاری و شوانکارەی کوردەواریدا کە تا پەڕی ئەوپەڕ گیرۆدەی دەستی وشکوبرینگیی ئاین و باری کۆمەڵایەتیی دواکەوتوو بووبێت، بەڵام ئەی کانی خانزاد لەچی و قەڵا و قەڵابەندی لای هەریر لەچی کە ناوی ئەوی هەڵگرتووە؟ یان تۆ بڵێێ ئەمیش وەک حیکایەتی دایە کەیغانی لەمەڕ فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە و بنەماڵەی بەبە نەبێت.     هەرچەندە من خۆم ئەو سەرچاوەیەم نەبینیوە، بەڵام لە گفتوگۆیەکی نێوانماندا کاک ئارێز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ناوی خانزاد وەک کەسایەتییەکی ڕاستەقینەی مێژوو لە کتێبی "عەلەم ئارای عەباسی"دا هاتووە، کە ئەسکەندەر بەگی تورکمان نووسیوێتی. ئەم پیاوەش ئەمیندار و مێژوونووسی دەرباری شاعەباسی یەکەمی سەفەوی بووە (١٥٧١ - ١٦٢٩) و  لە ساڵی ١٥٨٨وە چووەتە سەر تەخت. جا ئەگەر وا بووبێت دیارە شایەتحاڵی سەردەمی ئەم میرژنە بووە و حوکمڕانییەکەشی دەکەوێتە سەردەمی دەسەڵاتی شاعەباسەوە. ئەو شاعەباسە ستەمکارەی خانی لەپ زێڕین و جەنگاوەرانی کوردی قەڵای دمدمی بەو دەردە برد، کە مێژوو دەیگێڕێتەوە. سەرەڕای ئەوش دەیان هەزار کوردی ڕاگواستووە بۆ خوراسان و سنووری ئۆزبەکستان، کە تا ئەمڕۆش نەوەکانیان لەوێ شوناسی کوردیی خۆیان پاراستووە. نازانم چۆن ئەم شاعەباسە ستەمکارە پەلاماری تەخت و بەختی ئەم شێرەژنەی نەداوە و بەدەردی خانی لەپ زێڕینی نەبردووە، با لە بەرەی عوسمانیشدا بووبێت؟ چونکە دوور نەبووە لە قەڵەمڕەوی حوکمی ئەوەوە. لە بەری عوسمانیشەوە، لەو ماوەیەدا سوڵتان مورادی چوارەم (١٦٢٣ - ١٦٤٠)  چەپی لە شاعەباس کەمتر نەبووە لە هێز و جەبەرووتدا و سەرلەنوێ بەغدای گرتووەتەوە و لە دەستی سەفەوییەکانی دەرهێناوەتەوە و تۆ بڵێی ئەگەر ماوەی حوکمڕانیی خانزاد کەوتبێتە ئەو سەروبەندەوە سوڵتانی سەفەوی بەزێن حوکمی سەربەخۆی خانزادی پێ قووت چووبێت؟

  کێشەی ئێمە لە مێژووماندا ئەوەیە کەوا کەرەستەی تۆمارکراومان بۆ بەجێنەماوە و لە تۆماری میرانی سۆراندا، بێجگە لە گێڕانەوەی دەماودەم کەسێک نییە بەم ناوەوە کەوا لە کەیدا ژیاوە و کەی حوکمی کۆمەڵگەیەکی کردووە کە پیاوانی سمێڵ بابڕ تێیدا بە چاوی سووکتر لە مێشوولە تەماشای ژنیان کردووە! هەڵبەت ئەمە بۆ مێژووی میرنشینە کوردییەکانی تریش هەر وایە و باسوخواسی کاراکتەر و قارەمانە میللییەکانمان ئەوەندەی لە داستان و لاوک و حەیران بەند و باوی گۆرانییەکانماندا ناویان دێت ئەوەندە لە تۆماری کەس و ڕووداوەکاندا ناویان نەهاتووە. ئەمانە ئەگەر ڕاستیش بن و لە واقیعیشدا بووبێتن وردە وردە بە پێی تێپەڕینی ڕۆژگار و کەم و زیاد کردن لە گێڕانەوە زارەکییەکاندا متمانەی خۆیان لەدەستدەدەن و وەک چیرۆکی خەیاڵ و ئەفسانەیان لێدێت.  بۆ نموونە، نازانم ئاخۆ کاراکتەری شەمامی ژنە قارەمانی نێو شەڕ و  پاڵەوانبازیش ئەفسانە و زادەی گێڕانەوەی حیکایەتخوانانە یان  کاراکتەرێکی واقیعی؟ ئاخۆ هیچ تۆمارێکی مێژوویی هەیە باس لە شەمام و دەستەخوشکە جەنگاوەرەکانی بکات؟

 

گۆڕت پڕ نوور بێت لەعلیخان

     لێرەدا سندووقەکەی لەعلیخانی دایکی سمایل بەگی نەوەی میرانی سۆران زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کە چۆن ساڵانێکی دوور و درێژ لە چاڵێکدا    شاردراوەتەوە و چۆن دەرهێنراوە و ڕۆماننووس چ بایەخێکی گەورەی پێداوە.              هەڵبەت سەرەڕای واقیعییەتی بوونی ئەو سندووقە شاردراوە و بایەخی کەرەستە تۆمارکراوەکانی ناوی و سوود لێوەرگرتنی بۆ داڕشتنی گەلێ لایەنی ڕۆمانەکە، ئەو ئیحایەشمان دەداتێ کە ئەمە سەرمایە و دەلالەتێکی ڕەمزییە بۆ زانیارییە شاردراوەکانی تر و خوا خۆی دەزانێت کە چەندین سندووق و گەنجینەی ترمان هەبوون کە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە و لە ژێر خاکدا ڕزیون و  چەندین تۆمار و باسوخواسی مێژوومان ئێستا لە سووچ و قوژبنی ئەرشیفەکانی عوسمانی و ئێران و شوێنانی تری دوور و نزیکدان و پەی پێبردنیان دنیایەک نادیاری و تەمومژمان بۆ دەڕەوێنێتەوە لەسەر مێژوومان، چەشنی تۆماری نێو سندووقەکەی لەعلیخان و ئەوەی ئێستا گومانی لێدەکەین ئەفسانە و خەیاڵ بێت ڕاستی و دروستیمان لا بەرجەستە دەکات.

  ئەوجا هەر لە سندووقەکەی لەعلیخانەوە بگرە تا ئەو تۆمارە مێژووییانەی دەست نووسەر کەوتوون و تا ئەو ڕاز و حیکایەتانەی دەماودەم لە باوباپیرانەوە گواستراونەتەوە و هەندێکیانی دەستکەوتووە و زۆرێکیشیان هەر لە سینگی هەڵگرانیدا قەتیس مان و کەوتنە ژێر گڵەوە و دەستی کەسیان پێڕانەگەیشت، دەکرێ بڵێین ئارێز عەبدوڵڵا تەلارێکی لێهەچنیون لە دووتوێی ڕۆمانە کتێبێکی بایۆگرافی ئاسادا و سەرکەوتووانە حەقیقەت و فەنتازیای خەیاڵی ژیاننامەی میر محەمەدی سۆرانی بۆ تۆمار کردووین هەر لە ساڵی ١٨١٣وە (هەندێ سەرچاوەش ١٨١٤ی داناوە)، کاتێ کە میر مستەفای باوکی بە هۆکاری لەدەستدانی چاوی دەسبەرداری دەسەڵاتی میرایەتی دەبێت بۆ ئەم کوڕەی، لە ئەنجومەنێکدا کە بۆ ئەم بۆنەیە دانیشن و تەواوی برا و کوڕەکانی و ئیبنوئادەمی موفتی و سەرجەمی دەسەڵاتداران و پیاوماقووڵانی میرنشینەکە تییدا بەشدار دەبن. لەم کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەدا دوو مامی میر محەمەد کە تەمەر خان و یەحیا بەگ دەبن بەرهەڵستی دەکەن و ئەمانە پێشتر دەستیان لەگەڵ پاشای بابانی ڕکابەر و دوژمنی میری سۆراندا تێکەڵ کردبوو و لەدژی براکەی خۆیان پیلانگێڕییان کردبوو. لێرەدا میر غەزەبی دەرباری میرایەتی دەست دەخاتە سەر مشتووی خەنجەر یان شمشێر و هەڕەشە دەکات کە یان میر محەمەدە و یان هەر کەسێک نەیار بێت سەری خۆی دادەنێت، لێرەدا شازەمان خاتوونی دایکی میر محەمەد هاتبووە ناو دیوەخانی پیاوان و مەسەلەی میرایەتیی بۆ کوڕەکەی خۆی یەکلا کردبووەوە و ئاشتەوایی نێو بنەماڵەکەی بەرقەرار کردبوو، هەرچەندە وەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە کە لە سەردەمێکی دواتردا لە ملی ئەم دوو برایە و دوو کوڕیشیان درابوو. ئەم ڕووداوە پرس و ڕاکەی معاویەی خەلیفەی ئەمەوی بە موسڵمانانی ڕەعییەت بیردێنێتەوە کە ئاخۆ دوای خۆی یەزیدی کوڕیان پێباشە ببێتە خەلیفە یان کەسێکی تر، هەر لەوێدا جەللادی کۆشک دەستی خستبووە سەر مشتووی شـمشێری نیوە هەڵکێشراوی و گوتبووی یان ئەم یا ئەو، ئەوجا کەس نەیوێرابوو فززە بکات.

 

سەد خۆزگە میری سۆران لەجیاتی شەڕی میرنشینەکانی تر ڕێگەی تەبایی بگرتایەتەبەرو ئەم ئاوەیان بۆ ئێستاش نەڕشتایە!

  چنینی تانوپۆی ڕۆمانەکە پێ بە پێ لەگەڵ قۆناخەکانی حوکمڕانیی میر محەمەدی سۆراندا دەڕوات کە ڕۆماننووس بە "پاشای گەورە" ناوزەدی دەکات و زۆرێک لە سەرچاوەکانیش بە میرە کۆر یان پاشا کۆرە ناوی دێنن و لە دێڕێکی ڕۆمانەکەشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چاوی چەپی کز بووە و دیارە ڕەنگە ئەوەش بۆماوەیی بووبێت، چونکە میر مستەفای باوکیشی چاوی لەدەستدابوو و هەر لەو سۆنگەیەشەوە دەسبەرداری میرایەتییەکەی بووبوو، ئەگەرچی کونسوڵی بەریتانیش لە بەغدا دکتۆر ڕۆسی ئینگلیزی ناردبوو بۆ تیمارکردنی بەڵام سوودێکی ئەوتۆی نەبووە. ڕۆمانەکە باس لە وردەکاریی شەڕ و داگیرکارییەکانی "پاشای گەورە" بۆ میرنشینی بادینان و بۆتان و هەکاری و موکس و وان و قەڵا و قایمکارییەکانی سەرجەم میر و سەرۆک خێلەکان لە باکوور و ڕۆژئاوای ئیمارەتی سۆران و شەڕکردنی لە گەڵ سوپای ئێرانی قاجاریدا لە  ورمێ و لاجان و موکریان و ناوچەکانی بەری ئێرانی ڕۆژهەڵاتی سۆرانەوە و لە باشووریشەوە هەولێر و کەرکووکی گرتووە و تەنگی بە میرنشینی بابانی ڕکابەری هەڵچنیوە و ئەگەر پاڵپشتی والی بەغدا و قاجارییەکان نەبوایە بۆیان لەناویدەبردن. ڕۆمانەکە بەشێکی تەرخان کردووە بۆ عەلیی بەگی داسنێی سەرۆکی ئێزیدی و  بەدیلگرتنی لە لایەن لەشکری میرەوە و دواتر ڕێزی لێگرتووە و ویستوویەتی لە دیڵێتی ئازادی بکات بە مەرجێ ئەگەر   هاوکار و پاڵپشتی میر بێت لە شەڕ و شۆڕەکانیدا، بەڵام عەلی بەگ بەو پێیەی کە دیلە هیچ بەڵێنێکی ناداتێ و پێی دەڵێ "قوربان ئەو ستەمەی لەشکری ئێوە لە ئێمەی کردووە عوسمانی و ئەمەوییەکانیش هەر ئەوەندەیان کردووە. گرتن، کوشتن، تاڵانکردن و ئەتککردن، لەوە زیاتر چی هەیە بەرانبەرمان بیکەن". هەرچەندە میر پاساوی خۆی هەبووە بۆ ئەو کارەی، بەڵام زۆر سەرچاوە باس لەوە دەکەن کەوا میری سۆران بە دەم فەرمانی قڕکردنی ئێزیییەکانەوە چووە کە سوڵتانی عوسمانی و والیی مووسڵ دەریانکردووە بەو پێیەی کەوا کافرن و ئەرکی پیرۆزی موسڵمانانە کە لەناویان ببەن، دەنا ناوچەی شنگال زۆر دوور بووە لە قەڵەمڕەوی حوکمی میری سۆرانەوە. بێگومان بابی عالی و والیی مووسڵ کە ئەو کار و ئەرکەیان پێ ئەنجامداوە ئەوە نەبێت لە دۆستایەتییەوە بووبێت، بەڵکو بەردەوام لە هەل و دەرفەت گەڕاون بۆ پەڕوباڵ کردنی بە هۆی ئەو سیاسەتی فراوانخوازییەوە کە ئەم میرە هەیبووە.  نووسەر لە دووتوێی کارەکانی میر یان پاشای گەورەدا ئاماژە بۆ لەشکرەکەی و ڕێکخستنی و کارگەی تواندنەوەی ئاسن و دروستکردنی چەک و جبەخانەی جۆراوجۆر   دەکات و ئەزموونی تۆپ دروستکردنیش داهێنانێکی ناوازەی ئەو سەردەمە بووە کە ئەم میرە بە مەبەست و بەرنامە دەستی دابوویە و کاتێ گەیشتبووە ئەوەی کە ئیتر پشت بە هێزەکەی و چەک و جبەخانەکەی ببەستێ لە ساڵی ١٨٢٦دا سەربەخۆیی میرنشینەکەی ڕادەگەیەنێت (وەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە). هەر ئەمەش وایکرد کە هەردوو والیی بەغدا و مووسڵ و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە بابی عالی لە ئەستانبووڵ ترسیان لێبنێشێت و لێی بکەونە سڵ و پارێزەوە و لە چەند قۆڵەوە لە ساڵی ١٨٣٣دا لەشکر و هێزی بکەنە  سەر و شەڕی بکەن، بەڵام بە خراپی دەشکێن و بۆ گەڕی داهاتوو خۆیان تەیار و ئامادە بکەن بۆ شکست پێهێنانی. هەڵبەت لەم کەینوبەینەدا ڕووسیا و ئێرانی قاجاری و محەمەد عەلی پاشا کە میسری لە دەوڵەتی عوسمانی دابڕیبوو و خۆی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ڕاگەیاند و هیزی عوسمانیشی لە شەڕدا بەزاندبوو و دەرەقەتی سوپاکەی نەدەهاتن (وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە)، بۆ ئەوەی بەربەستی بۆ دروست بکەن. بێجگە لەوەش بەریتانیا بەردەوام لەسەر خەت بوو لەگەڵیدا و  بە ناو فرەیزەر و ڕیچارد وودی کردووەتە نێوەندگیر لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و میردا، بەڵام ڕاستییەکەی پیلان و بەرنامەڕێژی بووە بۆ لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئیمارەتی سۆران بەپلەی یەکەم و دواتر ئیمارەتەکانی تریش. ئاشکرایە کەوا دەوڵەتە زلهێزەکان بەتەواوی دەستیان وەردابووە هەموو کاروباری ناوخۆی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و لە ساڵی ١٨٣٩وە سوڵتان مەحموود و دەوڵەتیان پابەند کردبوو بە یاسای چاکسازی و بەمۆدێرن کردنی دام و دەزگاکانی ئیمپراتۆرییەت کە بە زاراوە عوسمانییەکەی ناوی تەنزیماتی لێنرابوو و لەسەر ڕاوێژی ئەو زلهێزانەش و بۆ نوێکردنەوەی دەوڵەت و سەپاندنی ناوەندێتی یان سەنتراڵیزم، دەبوو تەواوی میرنشینەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا هەڵبوەشێنرێتەوە وەک مەرجێک بۆ هاوکاری کردنی ئەو زلهێزانە بۆ دەوڵەتی عوسمانی و هەر لە سەر ئەو بەرنامەڕێژییەش بوو کە پەیماننامەی ئەرزڕوومی دووەم لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران لە ساڵی ١٨٤٧دامۆرکرا و نەخشەی سنووری نێوانیان  کێشرا و دواجار ئێرانی قاجاریش هەمان ڕێچکە و شوێنپێی عوسمانییەکانی هەڵگرت بۆ لەناوبردنی ئیمارەتی ئەردەڵانی کوردی لە سنە. ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتە گەورەکانی ئەو سەردەمە و پلەی یەکەم بەریتانیا و ڕووسیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا دەیانزانی کە دەوڵەتی عوسمانی ڕوو لە کزی و تەواوبوونە و هەر لەو سەردەمەشەوە قەیسەری ڕووسیا بە "پیاوە نەخۆشەکە" ناوزەدی کردبوو، بۆ هەموو لە هەوڵ و هەڵپەدا بوون کە هەر لایەکیان گەورەترین بەرژەوەندی بۆ خۆی دەستەبەر بکات و ئەم سیستەمی میرنشینە کوردانەیان بەلاوە کۆسپ و ڕێگر بوو لە مەسەلەی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیان، بەو پێیەی کەوا ئەم میرنشینانە لەسەر بناغەیەکی فیوداڵیی دواکەوتووی کات بەسەرچوو بەڕێوەدەچوون و لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەم و نێوەندگیریی ئیدریسی بەدلیسی بە پێی بنەمای میراتگریی بنەماڵە دەسەڵاتدارە کوردەکان "یورتولک ئوجاکلک" دامەزرابوون و بۆ پاڵپشتیی دەوڵەتی عوسمانی دژ بە دەوڵەتی سەفەوی و دواتریش قاجاریی ئێران، بەڵام ئاڕاستەی بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان وا پێویست دەکات ئەو سیستەمە کۆنە نەهێڵن و لە پەیماننامەی ئەرزڕوومدا سنووری هەردوو لا دیاریکرا و بەتەواوی بەرنامەی لەناوبردنی میرنشینە کوردەکان بڕیاری لێدرا.

 

لەم ڕۆمانەدا کاراکتەرەکان بەسادەیی لە خۆیان دەدوێن

نووسەر لە دووتوێ لاپەڕەکانی ئەم ڕۆمانەدا زۆرێک لە باری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی ژیان و حوکمڕانیی "پاشای گەورە" دەخاتەڕوو و چیرۆکی پڕ تام و چێژ لەبارەیانەوە دەگێڕێتەوە چەشنی نەسرینە دۆم و  عەلی کتک و بەسەرهاتی پڕ سەیر و سەمەرەی میر سڵێمان و خۆشەویستییەکەی گوڵخاتر و سیامەند و هەروەها ناوی چەندین کەسایەتی و کاراکتەر دێنە پێشەوە کە هەر یەکە و بە جۆرێک ڕۆلی بینیوە هەر لە مەلا عەزیز و   شازەمان و میر ئۆغز و میر سڵێمان و ڕەشید پاشا و عەلی ڕەزا پاشا و مەلای خەتێ و وەستا ڕەجەب وەستا برایمی ماویلی و سەرکیسیان و شەمام و گوڵستانی دەفژەن و نەسرینە دۆم ڕیچارد وود و فرەیزەر و دکتۆر ڕۆس و محەمەد عەلی و فەرماندەکانی لەشکری پاشا و ...  کێ و کێی تریش.

 

"پاشای گەورە"ی ئارێز عەبدوڵا دەمانبات بۆ لای "کیژی کاپیتان"ی پووشکین

من دەمخواست ئەگەر تۆماری مێژوویی هەبوایە لەبارەی ئەو کاراکتەرە واقیعییانەی ڕۆمانەکەوە لە پەراوێز یان پاشکۆیەکدا ڕوونکردنەوەی لە سەر ژیانیان بدایە، چەشنی ڕۆمانی "کیژی کاپیتان"ی پووشکینی نووسەر و شاعیری گەورەی سەرەتای سەدەی نۆزدەی ڕووسیا، کە بە شایەتیی بیلینسکیی ڕەخنەگری ناوداری ڕووس شاکارترین چیرۆک و کاری پەخشانی پووشکینە. پووشكین ئەم ڕۆمانەی لەبارەی ڕاپەڕینی جووتیارانی حەوزی ڕووباری ڤۆلگاوە لە ڕووسیا نووسیوە. ئەم ڕاپەڕینە لە سەدەی هەژدە و بە وردتر لە ساڵانی ١٧٧٢ - ١٧٧٤ بەرپا بووە بە سەرکردایەتیی یێمیڵیان پووگاچیۆڤ، کەوا جووتیارێکی قەوزاقی خەڵکی ئەو ناوچەیە بووە و ئیددیعای ئەوەی کردووە کە تسار یا قەیسەر پیۆتری سێهەمە، کە بە پیلانی یێکاترینای ژنی شوێنبزر   کراوە و بە نهێنی کوشتوویەتی و پاشان خۆیشی  وەک تساری ڕووسیا شوێنەکەی گرتووەتەوە. لەو ڕاپەڕینەدا خەڵکێکی ستەمدیدەی زۆری قەوزاق و جووتیاران شوێن پووگاچێۆڤ کەوتوون و توانیوێتی ناوچەیەکی بەرفراوانی ویلایەتی ئۆرێنبوورگی ڕووسیا و گەورە شاری کازان و چەندین شار و قەڵای سەربازی بگرێت و حوکمی خۆی و شۆڕشگێڕانی تێدا دابمەزرێنێت. دواجار لە ساڵی ١٧٧٤دا بە پیلانگێڕیی هەندێ لە یاوەرانی خۆی دەگیرێت و لەسێدارە    دەدرێت و دواتر سەدان کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی قەوزاق و تەتار و باشکیر و گەلانی تری ڕووسیا، کە دژ بە ستەمی حوکمی قەیسەر وەستابوونەوە، لە سێدارە دەدرێن یان لووت و گوێیان دەبڕن و ڕاپەڕینەکە دادەمرکێننەوە. پووشکین ئەم ڕۆمانە مێژووییە لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا دەنووسێت و بۆ ئەو مەبەستەش کەرەستەکی زۆری چیرۆکی زارەکی و تۆمارکراو لە ناوچەی راپەڕینەکە کۆدەکاتەوە، کە ئەو دەمە پەنجا شەست ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیوە، ئەوجا دێت تانوپۆی ڕۆمانەکە بە چیرۆکی دڵدارییەکی کچی فەرماندەیەکی قەڵایەکی سەربازی دەچنێت لەگەڵ ئەفسەرێکی سەر بە چینی ڕەسەنزادە یافیوداڵە دەسڕۆکانی ڕووسیا کە ئەویش لەو قەڵایەدا خزمەت دەکات و سەرجەمی قەڵا و ناوچەکە دەکەوێتە دەست هێزەکانی پووگاچیۆڤ و فەرماندەی باوکی کچە و ئەفسەرانی تری سەربازگەکە دەکوژێت و ئەم ئەفسەرە لاوە بە ڕێکەوتێکی سەیر ڕزگاری دەبێت و لە کەشێکی سەرسوڕهێن و نامۆدا لەپێناوی ڕزگارکرنی کیژە دلدارەکەیدا جۆرە دۆستایەتییەک لەگەڵ پووگاچیۆڤ پەیدا دەکات و پاش لەناوبردنی بزووتنەوە جووتیارییەکە و لەسێدارەدانی سەرکردەکەی، ئەم ئەفسەرە لاوە ڕەسەنزادەیە بە تۆمەتی خیانەتی نیشتمانی دەگیرێت و پاش دادگایی کردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت و دواجار یێکاتیرینای سێهەمی خانمی ئیمپراتۆری ڕووسیا لەبەر خاتری خزمەتە زۆر و بەرچاوەکانی باوکی بە سوپا و دەوڵەتی ڕووسیا، حوکمەکەی بۆ دەکاتە هەتاهەتایی. ئەم بەسەرهاتە تاڵە خێزانە ئەریستۆکراتەکەی ئەفسەرەکە دەهەژێنێت، کە پشتاوپشت لە خزمەتی قەیسەریدا بووە و هەست بە شەرمەزارییەکی لە ڕادەبەدەر دەکەن لە ناو چینی فیوداڵ و ئەریستۆکراتی هاوشێوەیاندا و بەتایبەتی باوکی کوڕەکە دڵنەوایی بە هیچ شتێک نایەت.  دواجار کیژەی دڵدار و مارەبڕی ئەفسەرە سزادراوەکە خۆی دەگەیەنێتە پیتێربورگ و دەرباری خانمی تسار و بیتاوانیی دەزگیرانەکەی دەسەلمێنێت.

   پووشکین تەواوی کاراکتەر و کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکەی هەر ئەوانەن کەوا هەر یەکە ڕۆڵێکیان بووە لەو ڕووداوانەدا و بۆ هەندێکیان کەمێک گۆڕانکاریی لە ناوەکاندا کردووە. ئەمانە چ ئەفسەر و جەنەراڵەکانی  سوپا و چ کاراکتەرەکانی ڕاپەڕینەکە هەر هەموو ژیاننامەیان لە پەراوێزی ڕۆمانەکەدا نووسراوە و تۆ کە دەیخوێنیتەوە مێژووی ڕووداوێکی ڕاستەقینەیە و بەرگێکی ڕۆمانسی و فەنتازیای کراوە بەبەردا، واتە تۆ مێژوویەکی ڕاستەقینە دەخوێنیتەوە کە ڕوویداوە بەڵام ستاتیکایەکی ئەندێشە و خەیاڵی دراوەتێ. من کاتێ ڕۆمانی "پاشای گەورەم" دەخوێندەوە هەمان ئەو کەشەی ڕۆمانی "کیژی کاپیتان"ی پووشکینم دەهاتەوە یاد، کەوا بەندە لە ئینگلیزییەوە کردوومە بە کوردی و دوو جاریش چاپکراوە و جیاوازییەکە تەنها لە مێژووی ژیانی کاراکتەرەکانی هەردوو ڕۆمانەکەدا دەبینم، کە خۆزگە لە "پاشای گەورەشدا" کاک ئارێز شتێکی لەو چەشنەی بکردیە.

هەڵبەت بە بارێکی تریشدا ئەم ڕۆمانە لە گەلێ سەرەوە ڕێچکەی ڕۆمانە مێژووییەکانی جۆرجی زێدانی (١٨٦١ - ١٩١٤) نووسەری عەرەبی گرتووە، کە لە میسر گۆڤاری "الهلال"ی دەردەکرد و لە "زنجیرە ڕۆمانەکانی مێژووی ئیسلامدا" بۆ زۆرێک لە کاراکتەرە مێژووییە ئیسلامییەکان، بە سەڵاحەدینی ئەییوبیشەوە  کارێکی لەم چەشنەی کردووە و سەرکەوتووانە ژیاننامە و قۆناخی حوکمڕانییانی لە دووتوێی ڕۆمانی پڕ لە ڕۆمانسییەت و فەنتازیادا نووسیوە و خوێنەر وا لێدەکات بە پەرۆشەوە بیخوێنێتەوە و  دەسبەرداری نەبێت تا تەواوی نەکات.

 

ئاخ لەدەست میرنشینانی کورد.. داخ لەدەست میرانی کورد!

  ئەنجام مەسەلەی دامەزراندن و سیستەمی حوکمڕانیی میرنشینە کوردییەکان،  قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت و گەلێکیان لە سەردەمی پێش عوسمانی و سەفەویشەوە هەبوون و هەندێکیان خۆیان لە دەوڵەتە بە ڕەگەز تورکەکانی بنەماڵەکانی ئاق قۆینلوو و قەرە قۆینلوو و بوەیهی و سەلجووقی و ئەوانیتر. لە ململانێ و شەڕوشۆڕی نێوان عوسمانی و سەفەویشدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان بووە لە فراوانکردنی قەڵەمڕەوی  هەر لایەک لەم دوو زلهێزەدا. سەرەنجام هەر ئەم میرە کوردانە بوون، کە بە تێکەوتن و نێوەندگیریی ئیدریسی بەدلیسی لە نێوان ئەم میرانەدا تای تەرازووی بە لای سوڵتان سەلیمی یەکەمدا (ماوەی حوکمڕانی ١٥١٢ - ١٥٢٠) داشکاندووە و ئەنجام لە شەڕی سالی ١٥١٤ی چاڵدیراندا هەر پاڵپشتیی کورد بووە بۆ عوسمانی کە شکستی داوە بە کۆڵی سەفەویدا و تا تەبرێزی پایتەختی ئەو سەردەمەیان خۆیان نەگرتووەتە. بەدلیسی کوردێکی لێزان بووە و خۆی و باوکی پەروەردەی دەربارەکانی عوسمانی و پێشتریش قەرەقۆینلوو بوون و بە عورفی ئەم سەردەمە دیپلۆماتێکی بلیمەت بووە و پێموایە ئەو ناپاکەی مێژووی ئێمە نەبووە کە ڕەش و ناشیرین کراوە. ئەو ویستوویەتی ئەم میرانە لە سەر بەرنامەیەکی دووربینی خۆی یەکبخات و یەکێکیان دەمسپی و گەورەی هەموویان بێت، بەڵام وەک باس دەکرێت، کەسیان خۆی لەوی دیکە بەکەمتر نەزانیوە و هەر کەسەیان ویستوویەتی حوکمڕانی و مڵک و زەویوزاری بنەماڵەکەی کوڕاوکوڕ بە میرات بۆ نەوەکانی دوای خۆی بمێنێتەوە و ئەمە لە سیستەمی ئیدارەی عوسمانیدا پێیوتراوە "یورتولک ئوجاکلک"، واتە میراتگریی بنەماڵەکان. بێگومان ئەو میرانە لەمە زیاتر بیریان بۆ هیچیتر نەچووە و نەشیانویستووە لەوە زیاتر بڕۆن و سروشتی فیوداڵیزمیش لەوە بەولاوەتر بڕناکات. دیارە سوڵتان سەلیمیش کەیفی بەمە هاتووە و گوتوویەتی ئەی بەسەرچاو هەر ئێوە و میراتی مڵک و حوکمڕانی، فەرموون ئەوە فەرمانی عەلییەی یورتولک ئوجاکلک! جا ئیتر ئیدریسی بەدلیسی چیبکات و مەلای خەتێ و کێ و کێ چیبکەن. ئەمڕۆ تۆ ئەگەر ڕێت بکەوێتە شاری ئەردەبیلی باکووری ئێران، کە وابزانم زۆر دوور نییە لەو چاڵدیرانەوە، کە لە گوێی هەموو کوردێکدا بەردەوام دەزرنگێتەوە و وەک من سەردانێکی مەزاری شێخ سەفیەدین و شائیسماعیلی سەفەوی بکەیت و ئەوجا چاوێک بەو گۆڕستانەدا بگێڕیت کە لە ناو مەزارەکە و دەوروپشتیدان، بێ دوودڵی دەگەیتە ئەو قەناعەتەی کە زۆرێک لەم گۆڕانە هی کوردی شەڕەکەی چاڵدیرانن .. کوردی هەردوو بەرەکە .. سەفەوی و عوسمانی .. جا نازانم ئاخۆ ڕەوایە بۆیان لەبەر خۆتەوە بڵێی: ئەلفاتیحا!!   

لە کۆتاییدا، بەهیوام لە دەرفەتێکدا وردتر لەسەر ئیمارەتەکانی کورد بدوێم. جارێکی تریش دەستخۆشیم بۆ کاک ئارێز لەپای ئەو کارە ناوازەیەی کە ئەنجامیداوە.

 

تێبینی:

بۆ نووسینی ئەم وتارە سوود لەم کتێب و سەرچاوانە وەرگیراوە:   

ڕۆمانی مێژوویی "پاشای گەورە"، نووسینی ئاریز عەبدوڵڵا.

ڕۆمانی "کیژی کاپیتان"، نووسینی ئەلیکساندەر پووشکین، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق.

سێ بابەتی دوور و درێژ لەبارەی ئیمارەتە کوردییەکانەوە:

١- کۆتایی ئۆتۆنۆمیی کورد.. ڕووخاندنی میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا، نووسینی: سەبری ئەتەش.

٢-  دانوستانی هێزە سیاسییەکان لە سەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا: میرنشینە کوردییەکان لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا(لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە)، نووسینی: مەتين ئەتماكا.

٣-  سەرهەڵدان و کەوتنی میرنشینە کوردییەکان  (لە سەدەی پانزەهەمەوە بۆ نۆزدەهەم)، نووسینی: بۆریس جەیمس.

ئەم سێ باسەم لەگەڵ چەندین باس و لێکۆڵینەوەی تردا لە کتێبی  The Cambridge History of the Kurds  لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و لە دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان چاوەڕێی چاپ و بڵاوکردنەوەیە.

زۆرێک لە ڕۆمانە مێژووییەکانی جۆرجی زێدان لە سەر کاراکتەر و کەسایەتییە مێژووییە ئیسلامییەکان.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×