ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستانەوە دژایەتی بۆ ئاشتبونەوەی ئەردۆغان‌و ئەسەد ڕاگەیاند
  2023-01-12       1729       

ئا: ئاوێنە

 

شاندێكی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی نیكۆلاس گرانگەری نێردراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستان دەکات‌و لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كۆدەبێتەوەو دژایەتی ئەمەریکای بۆ نزیکبونەوەی تورکیاو رژێمی سوریا و پاراستنی ئارامی‌و سەقامگیری رۆژئاوای کوردستان‌و باکوری سوریا دەربڕیوەو ئەو هەنگاوانەی دژ بەگەلانی سوریا زانیوە.

 

چوونی شاندەكەی ئەمەریکا بۆ ڕِۆژئاوا لەکاتێکدایە بەپێی زانیارییەكان ئەمریكا پلانێكی نوێی سەربازی لەڕۆژئاوای كوردستان داڕشتوە کە ئەویش خۆڕێكخستنەوەو دووبارە دابەشبوونەوەی سەربازی‌و دروستكردنی چەند بنكەیەکی سەربازی نوێیە.

هاوكات سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، بەردەوام ئەمریكا هێزەكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان زیاد دەكات لە ڕووی هێزی مرۆیی‌و ئامێرو كەرەستەی سەربازییەوە، لەماوەی ڕابردووشدا چەند كاروانێكی سەربازی ئەمریكا گەیشتونەتە ڕۆژئاوای كوردستان‌و لەسنووری پارێزگەی حەسەكە جێگیركراون.

ئەو جموجۆڵە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییانەی ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستان هاوكاتە لەگەل هەوڵەكانی توركیاو روسیاو سوریایە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك كە ئامانجی یەكەمی کۆتایهێنانە بەناوچەكانی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان، بەواتایەكی دیكە ئەو ناوچانەی هێزەکانی ئەمریكایان تێدا جێگیرە.

ئەمە لەکاتێکدایە كاربەدەستێكی توركیا كە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووە رەنگە بەمنزیكانە كۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی روسیاو توركیاو سوریا بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا كات و شوێنەكەی بە تەواوی دیارینەكراوە.

ئەم كۆبوونەوەیە بە یەكەمین كۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان سوریا و توركیا دادەندرێـت لە سەرەتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەکانی سوریاوە لە بەهاری 2011دا.

مانگی ڕابردوو كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری توركیا، سوریا و روسیا لە مۆسكۆ بەڕێوەچوو، لەدوای ئەوە پلان بۆ كۆبونەوەی وەزیرانی  دەرەوە دانرا و دواتریش وا پێشبینی دەکرێت كۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاو بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا ئەنجام بدرێت.

لە سەرەتای ساڵی 2011، سوریا کە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی بەخۆیەوە بینی‌و پاشان بەخێرایی گۆڕا بۆ ململانێی چەکداری، پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە گرژی تێکەوت، لەبەرئەوەی تورکیا بەتوندی دژایەتی ڕژێمی ئەسەدی کردو پشتیوانی لەهێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کردو نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری سوریای رویان لەو وڵاتە کرد.

ئەم جموجۆڵانەی ئێستای دەوڵەتانی روسیاو توركیاو سوریاو دواجاریش ئێرانیش هاوڕایانە، بۆ گوشارهێنانە تا بونی سەربازی ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستان کۆتایی پێبهێنن‌و دەسەڵاتی خۆسەری كوردی ڕۆژئاواش لەناوببەن.

لەبەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای لەهەمو وڵاتانی جیهان کردوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، کە وتەبێژی کۆشکی سپی بە"دیکتاتۆری دڕندە" ناویدەبات، ئاسایی نەکەنەوە.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "داوا لەوڵاتان دەکەین بە وردی لێکۆڵینەوە لەتۆمارە ترسناکەکانی مافی مرۆڤی ڕژێمی ئەسەد بکەن لە ماوەی دوانزە ساڵی ڕابردودا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×