کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگهیاند، وەزارەتی ناوخۆ بەبێ ڕاگەیاندنی هیچ جۆرە تەندەرێک، کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هێناوە بۆ ئەوەی نوێکردنەوە و دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان، دهشڵێت، "هەر هاوڵاتییەک مۆڵەت دەربکات، بێشک دەبێت هەمو زانیارییە کەسییەکانی بدات بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش خراپ بەکارهێندراوە لە ڕابردودا و مەترسی هەیە لەسەر مافی تاکەکەس لەڕوی زانیاری کەسییەوە".
ئاوێنە: گەزنەیی ئهمڕۆ چوارشهممه له نوسینێكدا، رایگهیاندوه، "دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بە بێڕاگەیاندنی هیچ جۆرە تەندەرێک، کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هێناوە بۆ ئەوەی نوێکردنەوە و دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان، هەر مۆڵەتێک ئەگەر لە بارێکدا شۆفێر هیچ پابەندی و پێشینەیی دارایی نەبێت نزیکەی 70 هەزار دینار تێچوی نوێکردنەوكەیەتی، بەڵام ئەگەر پابەندی پێشینەی بەهۆی تەواوبونی ماوەی مۆڵەتەکەی هەبێت، ئەوا مانگانە بڕی پێنج هەزار و ساڵانە سەروی 60 هەزار دینار دەبێت".
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئهوه بە "بازرگانیکردنی مۆڵەتی شۆفێرییە" لە بری خزمەتکردن بە بەرژەوەندی گشتی، ئەمە خزمەتکردنە بە کۆمپانیایەک و ئەوانەی کە دەکرێت هاوبەش و شەریکبن لەگەڵیدا.
ئهو پهرلهمانتاره دهڵێت، "هەر هاوڵاتییەک مۆڵەت دەربکات، بێشک دەبێت هەمو زانیارییە کەسییەکانی بدات بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش خراپ بەکارهێندراوە لە ڕابردودا و مەترسی هەیە لەسەر مافی تاکەکەس لەڕوی زانیاری کەسییەوە، سەرباری ئهوهش، ڕۆتیناتێکی ئیداری زۆر دروست دەکات چونکە بۆ هەر کۆدێک دەبێت چاوەڕوان بکرێت تا لە هەولێرەوە بە شێوەی مەرکەزی دەگەڕێتەوە".