فارس عیسا: لە چەند رۆژی داهاتودا پارەی دو ساڵی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرج دەکرێت
  2023-02-08       401       

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی خەرجکردنی پارەی دو ساڵی گەنمی جوتیارانی هەرێمی داوەو بڕیارە لە رۆژانی داهاتودا پارەکە خەرج بکرێت.

ئاوێنە: فارس عیسا، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2015و 2016، کە 272 ملیار و 26 ملیۆن دینارە.

وتیشی، تا ئێستا پارەکە خەرج نەکراوەو ساڵانێکە جوتیارانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی دەکەن.

سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەوەی کە رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی دراوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتودا پارەکە خەرج بکرێت.

وتیشی، پێشتر پارەی قەرزی جوتیارانی هەرێمی کوردستان سێ ساڵ لای حکومەتی عێراق مابو، بەڵام ساڵی 2014یان خەرج کرد، دوای هەوڵدانێکی زۆر کە دو ساڵ مابو، ئەویش بڕیاری لێ دراوەو خەرج دەکرێت، بەمەش پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لای بەغدا تەواو دەبێت کە وەکو قەرز لایان بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×