هەزاران کەس خوازیاری بەخێوکردنی ئەم منداڵەن کە لەژێر داروپەردوی بومەلەرزەکەی سوریادا دۆزرایەوە
  2023-02-10       1514       

ئا: ئاوێنە

 

هەزاران کەس لەسەرتاسەری جیهان ئامادەیی خۆیان بۆ بەخێوکردنی کۆرپەیەک دەربڕیوە کە لەژێر داروپەردودا لە بوومەلەرزەکەی باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەرهێنرا.

 

کاتێک ئەم کچە ساوایە لەژێر داروپەردووەکانەوە دەرهێنرا، هێشتا بەپەنجەی ناوکەوە بەدایکیەوە بەسترابوو. ڕزگارکەران ناویان ناوە ئایە، واتە موعجیزە.

دایکی‌و باوکی‌و هەر چوار خوشک‌و براکەی لە بومەلەرزەکەی شاری جندیرس گیانیان لەدەستداو ئەم کۆرپەیە لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدایە لەنەخۆشخانە.

هانی مەعروف، پزیشکی منداڵان لەنەخۆشخانەکە کە چاودێری کۆرپەکە دەکات، دەڵێت "رۆژی دووشەممە لەدۆخێکی خراپدا هێنرایە نەخۆشخانە، جەستەی برینداربوەو لەبەشە جیاوازەکانیدا روشاوە، پلەی گەرمی جەستەی دابەزیوەو بەزەحمەت هەناسەی دەدا".

ئەو پزیشکە بەناوبانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا بارودۆخی "جێگیرە".

ڤیدیۆکانی رزگارکردنی ئایە کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، پیاوێک دەردەخەن منداڵێکی ساوای تۆزاوی لەباوەشدایە، کە لەژێر داروپەردوی باڵەخانەیەکی وێرانکراوەوە دەرهێنراوە.

خەلیل ئەلسویدی، خزمێکی نزیکی ئەو کۆرپەیەیە کە لەوێ بووەو هێناویەتیە نەخۆشخانەی شاری عەفرین.

ئێستا هەزاران کەس لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندییان پێوەکردوە  بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی چۆنیەتی وەرگرتن‌و بەخێوکردنی ئەو منداڵەیان پێبلێت.

یەکێک لەو کەسانە وتی "پێمخۆشە بەخێوی بکەم‌و ژیانێکی شایستەی بۆ دابین بکەم".

پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنی کوەیتی رایگەیاندوە "من ئامادەم ئاگاداری ئەم منداڵە بکەم‌و بەخێوی بکەم‌و بیکەم بەمنداڵی خۆم، ئەگەر یاسا ڕێگەم پێبدات".

خالید عەتیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت "دەیان کەس لەسەرانسەری جیهانەوە پەیوەندییان پێوەکردوم‌و دەڵێن دەیانەوێت بەخێوی بکەن".

د.عەتیە کە تەمەنی کچەکەی چوار مانگ لەم کۆرپەیە گەورەترە، دەڵێت "لەئێستادا ناتوانم ڕێگە بەکەس بدەم بەخێوی بکات‌و دەبێت چاوەڕێی دۆزینەوەی کەسوکاری بکەم‌و تا ئەو کاتەش، وەک منداڵی خۆم مامەڵەی لەگەڵ دەکەم".

لەئێستادا هاوسەری دکتۆر عەتیە لەگەڵ کچەکەی خۆی شیر بەم کۆرپەیە دەدات.

لە شاری جندیرس کە زێدی ئایەیە، هێشتا خەڵک لە نێو داروپەردووی باڵەخانە وێرانبوەکاندا بەدوای ئازیزانیاندا دەگەڕێن.

محەممەد عەدنان ڕۆژنامەنووسی سوری بە"بی بی سی" راگەیاندووە "دۆخی ئێرە کارەساتبارە، هێشتا خەڵکێکی زۆر لەژێر داروپەردودان‌و نەمانتوانیوە دەریانبهێنین".

ئەو مەزەندەی کردووە کە ٩٠٪ی شارەکە وێران بووە، بەڵام تا ئێستا زۆربەی هاوکارییەکان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشکەش کراوە.

ڕزگارکەرانی کڵاوسپییەکان کە زیاتر لە دە ساڵە لەکاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا خەڵکی مەدەنی لەداروپەردوی باڵەخانە بۆردومانکراوەکان ڕادەکێشن‌و ئاشنان بەم جۆرە کارانە، لەنێو ئەو کەسە کەمانەدان کە هاوکاری خەڵکی جندیرێسیان کردوە.

محەممەد کامێل، یەکێک لەئەندامانی ئەم گروپە رایگەیاندوە "بەهۆی ناسەقامگیریی باڵەخانەکانەوە، ڕەنگە خودی ڕزگارکەرانیش بریندار ببن‌و گیانی خۆیان لەدەست بدەن".

راشیگەیاندوە "ئێمە تەنها سێ تەرمی لەژێر داروپەردودا دەرهێناوە، پێمانوایە کە هێشتا ئەندامانی خێزانەکەمان لەژێر داروپەردوی ئەم بینایەدا لەژیاندان‌و دەبێت بەردەوام بین لەکارکردن".

باس لەوە دەکرێت کە بومەلەرزەکەی سوریا گیان لەدەستدانی زیاتر لەسێ هەزار کەسی لێکەوتوەتەوەو ئەم ئامارە قوربانیانی ئەم ڕوداوە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی بەشار ئەسەد ناگرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×