سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی فه‌رمی سه‌ر به حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی راپۆرته‌كه ده‌رباره‌ی "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رێم" روونكردنه‌وه ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه له راپۆرته‌كه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك له پره‌نسیپه‌كان لایاننه‌داوه.
ئاوێنە: ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی سه‌باح له ژماره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ی رۆژنامه‌كه‌دا وتارێكی نووسیوه و تیایدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه "كورد به‌شێكی سه‌ره‌كی و خۆشه‌ویستن له‌نێو عێراقدا، ناكرێت رێگه بدرێت هیچ بێ رێزییه‌ك به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و نوێنه‌ره سیاسییه‌كانیان بكرێت".
ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن نووسیویه‌تی: "هه‌ركه‌سێك راپۆرته‌كه‌ی دوێنێی خوێندبێته‌وه ده‌زانێت كه ئێمه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و پره‌نسیپانه لاماننه‌داوه، ده‌رگای سه‌باحیش كراوه ده‌بێت بۆ هه‌ر وه‌ڵامێكی حكومه‌تی هه‌رێم و هێزه سیاسییه‌كانیان".
سه‌رنووسه‌ری سه‌باح ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه "ئه‌وه‌ی نامۆ و جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، كه رۆژنامه‌ی دیكه‌ی عه‌ره‌بی له نموونه‌ی رۆژنامه‌ی "عه‌ره‌ب"ـی له‌نده‌نی هه‌مان راپرسییان بڵاوكردووه‌ته‌وه و به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك تێپه‌ڕیوه".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هێشتا رۆژنامه‌نووسیی له عێراق ناتوانێت ده‌ست بۆ بابه‌تی سیاسیی هه‌ستیار ببات، ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه سیاسییه گه‌وره‌كان پێی رازی ده‌بن".
سه‌رنووسه‌ری سه‌باح له به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "خوازیاربووین راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم جیاوازی ئه‌نجامی راپرسییه‌كه و به‌دواداچوونه‌كانی رۆژنامه‌كه‌ی نادیده نه‌گرتایه، به‌تایبه‌ت كه راپۆرته‌كه‌ی سه‌باح چه‌ندین بۆچوونی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌كه‌ی تێدابوو".
ئه‌حمه‌د عه‌بدولحسێن راشیگه‌یاندووه كه "پێم وایه ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌رچاوی به‌شێك له سیاسییه‌كانی عێراقه به عه‌ره‌ب و كورده‌وه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كاری میدیاییدا، ئه‌وان له‌به‌ر هۆكارێكی خۆیان به‌زۆری ده‌زانن رۆژنامه‌ی عێراقی ئه‌و دۆسێیانه بڵاوبكاته‌وه كه پێیانوایه هه‌ستیاره ته‌نانه‌ت گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه‌ش بێت. به‌ڵام به‌وپه‌ڕی سنگفراوانییه‌وه پێشوازی ده‌كه‌ن له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسێیانه له رۆژنامه جیهانییه‌كاندا گه‌ر هه‌ستیارتر و به‌شێوه‌یه‌كی كه‌متر پیشه‌ییانه‌ش بێت".