لە یەكەم ساڵیادی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا؛ چ شتێك گۆڕاوە؟
  2023-02-24       1178       
نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت، جەنگەكە بۆتە مایەی "خێراترین كۆچی ناچاریی دانیشتوان لەدوای جەنگی جیهانی دوەمەوە."

ئا: ئاوێنە

 

ئەمڕۆ 24ی 2ی 2023، ساڵێك بەسەر دەستپێكردنی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، تێدەپەڕێت. ساڵێك لەمەوبەر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا لە پەیامێكی تەلەفزیۆنیدا، دەستپێكردنی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت"ی لە ناوچەی دۆنباسی ئۆكرانیا راگەیاند.

 

لەگەڵ راگەیاندنی هێرشەكەدا، زەنگی مەترسی لە سەرتاسەری كیێڤی پایتەختی ئۆكرانیا لێدرا. ڤیلادیمێر زیلێنكسی، سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند"هەر كەسێك بیەوێت خاك، ئازادی و ژیان لە ئێمە بسەنێت، بەرگری لە خۆمان دەكەین."

دوای تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر ئەو رۆژەدا، هێشتا هیچ كۆتاییەك بۆ ئەو جەنگە لە ئاسۆدا نابینرێت.

ساڵێك بەر لە هێرشەكەی روسیا، گروپە جیاخوازەكانی لایەنگری روسیا لە ئۆكرانیا، بەشێكی گەورەی ناوچەی دۆنباس-یان لە رۆژهەڵاتی توركیا كۆنترۆڵ كردبو.

سێ رۆژ بەر لە هێرشەكەو لە 21ی 2ی ساڵی رابردودا، پوتین رایگەیاند، وڵاتەكەی سەربەخۆی هەردو ناوچەی دۆنێتسك و لوهانسك بەڕەسمی دەناسێت. ئوكرانیاو وڵاتانی رۆژئاوا ئەو هەنگاوەی روسیایان ئیدانەكرد. ئەمەش ئەو جوڵەیە بو كە رێگە بە پوتین دا هێزی سەربازیی وڵاتەكەی بنێرێتە ناوچەكە.

دوای تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر هێرشەكەدا، ئەو ناوچانەی ئێستا كە لەژێر كۆنترۆڵی روسیا لە ئۆكرانیا زۆر كەمتر لەوانەی لە سەرەتای جەنگەكەدا كۆنترۆڵی كردبون. لەگەڵ ئەوەش هێشتا چەند ناوچەیەكی گەورەی ئۆكرانیا لەژێر دەستی روسەكاندان، كە زیاتر دەكەونە رۆژهەڵات و باشوری ئۆكرانیا.

دوای هێرشە شكستخواردوەكەی بۆ سەر پایتەختی ئۆكرانیا، هەوڵەكانی سوپای روسیا لەسەر داگیركردنی ئەو ناوچانە چڕكرایەوە كە دەكرێت ببنە پردێك بۆ بەستنەوەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكرانیای ژێر دەستی روسیا لەوانە لوهانسك لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری كریمیا، كە لەساڵی 2014دا روسیا كریمیای خستەسەر وڵاتەكەی.

لە مانی 5ی ساڵی رابردودا، كاتێك لەدوای گەمارۆدانیكی درێژماوە و شەڕێكی خوێناوی، ئۆكرانیا دەستیكرد بە كشانەوە لە كارگەی ئارۆفستال لە ماریۆپۆل، هێزەكانی روسیا چەند سەركەوتنێكیان بەدەستهێنا كە بونە مایەی ئەوەی روسا كۆنترۆڵی بەشێكی زۆری خاكی ئۆكرانیا بكات.

بەڵام لەدوای ئەوە، زیاتر سەركەوتنە دیارەكانی ئەم جەنگە بونە سەركەوتنی ئۆكرانییەكان و لە دژە هێرشدا ئۆكرانییەكان لەمانگی 9ی ساڵی رابردودا توانیان بەشێكی زۆری ناوچەكانی باكوری رۆژەڵاتی خاركیێڤ كۆنترۆڵ بكەنەوەو دوای ئەوەش توانیان شاری لیمان و چەند ناوچەیەكی دۆنێتسك و لوهانسك كۆنترۆڵ بكەنەوە.

لە مانگی 11ی ساڵی رابردودا، هێزەكانی ئۆكرانیا توانیان هێزەكانی روسیا لە شاری خێرسۆن لە رۆژهەڵاتی روباری دینێپر بكەنە دەرەوە، هەرچەندە هێزەكانی روسیا هێشتا كەناراوی رۆژئاوای ئەم روبارەیان لەژێر دەستدایە.

روسیا بە هێرشی موشەكی و درۆن بۆ سەر شارەكان و بنكە سەربازییەكانی ئۆكرانیا، وەڵامی ئەم پێشڕەوییانەی هێزەكانی كیێڤی دایەوە.

لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیاش، هێزەكانی روسیا توشی شەڕێكی خوێناوی بون بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری باخموت كە دەكەوێتە دوری 600 كیلۆمەتر لە باكوری دۆنێتسك. هەروەها تێكچونێك لەنێوان سوپای روسیاو گروپی ڤاگنەر، كە یەك گروپی سەربازیی كەرتی تایبەتە لە روسیا، لەبارەی ئەوەی كامیان كۆنترڵكردنی شاری سلۆداری بە ئەنجام گەیاندوە، هاتە ئاراوە.

جەنگی ئۆكرانیا تا ئێرە هەزاران كوژراوی لێكەوتۆتەوە، بەڵام هەردولا خۆیان لە راگەیاندنی ئاماری رەسمی سەربازیی شەڕەكە بەدوردەگرن.

بەپێی ئاماری رەسمی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان تا رۆژی 13ی ئەم مانگە، حەوت هەزارو 199 هاوڵاتی ئۆكرانی لە شەڕەكەدا كوژراون و 11 هەزارو 756 هاوڵاتی تری ئۆكرانی برینداربون، بەڵام بەپێی قسەی كۆمسیۆنەكە ژمارەی قوربانییەكان لەوە زۆر زیاترە، بەهۆی ئەوەی گەیشتنی زانیارییەكان لەو ناوچانەی شەڕی قورسی تێدایە زۆر دوادەكەوێت و هێشتا بەشێكی زۆری زانیارییەكان لەو ناوچانەوە نەگەیشتۆتە دەستیان.

لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكەی روسیا، بەپێی ئاژانسی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان، 7.7 ملیۆن ئۆكرانی وەك پەنابەر رویان كردۆتە وڵاتانی جیاجیای ئەوروپا بە روسیاشەوە. هەروەها لە كۆی 44 ملیۆنی دانیشتوانی ئۆكرانیا، نزیكەی 7 ملیۆنیان لەناوخۆدا ناچاربون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و ئاوارە بن.

نەتەوە یەكگرتوەكان ئەو دۆخە بە "خێراترین كۆچی ناچاریی دانیشتوان لەدوای جەنگی جیهانی دوەمەوە" ناوبردوە.

هەرچەندە زۆرێك لە خەڵك لەدوای دژە هێرشەكانی هێزەكانی ئۆكرانیا بۆ سەر ماڵ و حاڵیان گەڕاونەتەوە لە شارەكان لەوانەش لە كیێڤی پایتەخت، بەڵام حكومەتی ئۆكرانیا تا ئێستاش داوا لە ئاوارەكان دەكات تا بەهار نەگەڕێنەوە ماڵەكانیان، چونكە حكومەت ئومێدەوارە لەگەڵ گەرمبونی كەشوهەوا، گەڕانەوەی خەڵك بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، گوشارێكی كەمتر لەسەر سیستمی كارەبای وڵاتەكە دروست بكەن كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە زیانی بەركەوتوە.

روسیا كە خۆی دوەم وڵاتی هەناردەكاری چەكە لەسەر ئاستی جیهان، لە سەرەتای شەڕەكەدا، وا دەردەكەوت كە هێزە سەربازییەكانی زۆر بەهێزتر بن لەوانەی ئۆكرانیا. بەڵام تا ئێستا كە ساڵێك بەسەر شەڕەكەدا تێدەپەڕێت، 30 وڵات هاوكاریی سەربازییان پێشكەش بە ئۆكرانیا كردوە، كە ئەوەش یارمەتی زۆریی ئۆكرانییەكانی لە شەڕەكەدا داو هۆكاری سەرەكیش بوە بۆ سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی ئۆكرانییە لە بەشێكی لە بەرەكانی باشورو رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیاندا، بەتایبەت هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیا، بەریتانیاو ئەمریكا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×