رای زۆرینه له‌ناو رەوتی سەدر بەرونی مەیلی ئەوەی هەیە بچێتە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە، ئه‌وه‌ش له رێگه‌ی ده‌ربڕینی ناڕەزایەتیی لە هەموارکردنەوەی یاسای هه‌ڵبژاردن، حاکم زاملی، په‌رله‌مانتاری پێشوی عێراق و یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی رەوته‌كه ناڕەزایەتیی بزوتنەوەکەی لە هەموارکردنەوەی یاسای هه‌ڵبژاردن راگەیاند و ده‌ڵێت، پاڵپشتی هەڵوێستەکەی دەسەڵاتی باڵای نەجەف ده‌كات.
ئاوێنە: زاملی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڤیدیۆیی نوێنەری دەسەڵاتی ئایینی عەبدولمهدی کەربەلایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بۆچونی دەسەڵاتی ئایینی نە بۆ لیستی داخراوە و نە بۆ یەک ناوه‌ندی هەڵبژاردنە، لیستی داخراو رێگە له دەنگدەران ده‌گرێت کە هەڵبژێرن کێ نوێنەرایەتیان دەکات لە پەرلەمان".
گفتوگۆی یاساکە بوەته‌هۆی دروستبونی گفتوگۆی توند لە پەرلەمان لەنێوان په‌رله‌مانتارانی چوارچێوەی هه‌مانه‌نگی و په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن، لەنێویاندا نوێنەرایەتی ئەو لایەنانەی کە لە خۆپیشاندنه‌كانی ئۆکتۆبەری 2019-2020 سەریان هەڵدا و بوە هۆی ڕوخاندنی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی.
پەرلەمان دوجار شکستیهێنا، دوشەممە و پێنجشەممەی رابردو، لە تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی قەزاکان.
چاودێران دەڵێن، هەرچەندە موقتەدا سەدر بە شێوەیەکی شەخسی ئامادەیی بزوتنەوەکەی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە ناوخۆییە چاوەڕوانکراوەکانی مانگی 10ی داهاتودا رانەگەیاندوە، بەڵام ئێستا رای زۆرینه لەناو ره‌وته‌كه بەڕونی لەگەڵ بەشداریکردنە، تەنانەت پێده‌چێت سه‌در بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت كه پێشتر کشانەوەی لە سیاسەت راگەیاندبو.
چاودێران هه‌روه‌ها دەڵێن، سەرکردەکانی ره‌وتی سه‌در توانیویانه قەناعەت بە سەدر بکەن کە بەشدارینەکردن دەبێتەهۆی دابەزینی پێگەی جەماوەری ره‌وته‌كه، هەروەها ئەنجومەنە خۆجێییەکان ئەنجومەنی خزمەتگوزارییە مەدەنییەکانن و شتێکی سیاسی نین، بەڵکو خزمەت بە ئیدارەی پارێزگاکان و قەزاکان دەکەن.
حەیدەر مەنسوری، پەرلەمانتاری پێشوی ڕەوتی سەدر لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ده‌ڵێت، میکانیزمی سانت لیگۆ دەرفەتێکی زیاتر بۆ پارتە گەورەکان دەڕەخسێنێت لەسەر حسابی حزبە بچوکەکان، بەپێی ئه‌و میکانیزمە تاوه‌كو دابەشبونی هەڵبژاردن زیاتر بێت، چانسی دروستبونی پارتە گەورەکان زیاتر دەبێت.
سانت لیگۆ، رێگه‌یه‌كه كه له ساڵی 1910 داهێنرا بۆ دابه‌شكردنی كورسییه‌كان به‌سه‌ر لیست و قه‌واره‌كانی به‌شدار له هه‌ڵبژاردن، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی كه‌موكورتییه‌كانی جیاوازی نێوان ژماره‌ی ده‌نگی به‌ده‌ستهاتو و ژماره‌ی كورسی وه‌رگیراو په‌نای بۆ ده‌برێت، بۆ یه‌كه‌م جار له نه‌رویج و سوید له 1951 به‌كارهات و تیایدا ژماره تاكه‌كانی (1,3,5,7) به‌كاردێت.
لە ماوەی رابردودا گروپەكانی لایەنگری ئێرانییەکان بڕیارێكیان له هەڵبژاردندا سه‌پاند، ئەوەش بوەهۆی بێبەشکردنی بلۆک و پارتە بچوکەکان لە بەدەستهێنانی کورسی لە ئەنجومەنە خۆجێییەکان، چونکە هەرکاتێک ڕێژەیەکی کەمتر لەم بڕەیان بەدەستهێنا، ئەو دەنگانەی کە بەدەستیان هێناوە دەچونە سەر پارتەکانی تر کە لەلایەن دەنگدەرانەوە هەڵنەبژێردراون، به‌ڵام بەپێی سیستی سانت لیگۆ چانس بۆ پارتە بچوکەکان باشترە کاتێک دابەشکەری هەڵبژاردنەکان بۆ لەسەدا 1.4 یان کەمتر دادەبەزێت.
چاودێران دەڵێن، بەرپرسانی گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا هەوڵیان داوە یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ سەدر تاوتوێ بکەن، به‌ڵام بێدەنگی سەدر لە چەند مانگی ڕابردودا، گروپەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتونەتە رایەک کە ره‌وتی سەدر نابێتە بەربەست لەبەردەم پەسەندکردنی گەڕانەوە بۆ سیستمی سانت لیگۆ.
لە ئەگەری سەپاندنی گەڕانەوە بۆ میکانیزمی سانت لیگۆ، سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری زۆر چاوەڕوان دەکرێت، کە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی کەشوهەوای مانگرتنەکان کە له پێشتر بوە هۆی ڕوخانی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی.