سەنتەری میترۆ: دادگا بە ناڕەوا سەرلەنوێ سزای زیندانی بۆ گوهدار زێباری دەركردوە
  2023-03-15       418       

سەنتەری میترۆ رایگەیاند، دادگای هەولێر، بە ناڕەوا سەرلەنوێ سزای حەوت مانگ زیندانی بۆ گوهدار زێباری، یەكێك لە چالاكوانانی سزادراوی بادینان، دەركردوەو داوا دەكەین ئازادبكرێت.

ئاوێنە: سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بڕیاربو گوهدار زێباری رۆژی پێنجشەممە، ئازادبكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە دادگا بە حەوت مانگ زیندانی سزایەكی نوێی بۆ دەركرد."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دادگای هەولێر لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی گوهدار بەپێی مادە 279 لە یاسای سزادانی عێراقی، بە ناڕەوا سەرلەنوێ حەوت مانگ زیندانی سزای بۆ دەرکردوە."

سەنتەری میترۆ جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە ئەم بڕیارەی دادگا بە ناڕەوا دەزانین، دەنگمان دەخەینە پاڵ تیمی پارێزەرانی و داوا دەکەین ئازاد بکرێت."

بەپێی راپۆرتی ساڵی 2022ی سەنتەری میترۆ لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا لەبری لێپێچینەوە لە تاوانكاران، راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگاو سزادانیان، رۆژنامەنوسان راپێچی زیندانەكان دەكرێن، لەگەڵ ژنكوژان و بازرگانانی تلیاك و دزو چەتەو تۆمەتبارانی كەیسی گەندەڵی، دەخرێنە یەك هۆڵەوە، لەبری پۆلیس دژەتیرۆر دەستگیریان دەكات، لەبری ژوری لێكۆڵینەوەی بنكەكانی پۆلیس و ئازادكردنیان بەكەفالەت، لە زیندانی ئاسایش توند دەكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×