مەرجی بەشار ئەسەد بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان
  2023-03-16       1772       

ئا: ئاوێنە

 

بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەڵێت ئامادەیە لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە، بەڵام "بەو مەرجەی ئەم وڵاتە هێزەکانی لەباکوری سوریا بکشێنێتەوە، لەبەرئەوەی داگیرکەرە".

 

بەشار ئەسەد ئەم قسانەی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی روسیادا راگەیاند، ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لەمۆسکۆ.

پەیوەندی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا رووی لەگرژیی کرد، کریملینیش لەهەوڵی ئاشتکردنەوەی حکومەتەکانی ئەو دو وڵاتەدایە.

بەشار ئەسەد بەمیدیاکانی روسیای ڕاگەیاندووە، تەنها کاتێک ئەگەری هەیە کۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان بکرێت کە "تورکیا بەڕونی‌و بێ پێچ‌و پەنا ئامادە بێت بەتەواوی هێزەکانی لەخاکی سوریا بکشێنێتەوە".

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەپشتیوانی تورکیا لەگروپە میلیشیاکانی نەیاری رژێمی دیمەشق کردو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنقەرەش پێویستە "هەر پشتیوانییەک بۆ تیرۆر ڕابگرێت".

بەشار ئەسەد جەختی لەوە کرد "ئەمە تاکە سیناریۆیە کە بەپێی ئەو سیناریۆیە دەتوانرێت دیدار لەگەڵ ئەردۆغان بەدیبهێنرێت".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی "کۆبونەوەیەکی لەو شێوەیە سودی چییەو ئەگەر ئەنجامێکی کۆتایی بۆ شەڕی سوریای لێنەکەوێتەوە، بۆچی پلانی بۆ دابنرێت؟".

ئەردۆغان‌و ئەسەد لەسەرەتای ساڵانی 2000 هەوڵیان دا پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق بەهێزتر بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی دەیان ساڵ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو سوریا گرژیی تێکەوت.

بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لەساڵی ٢٠١١، ئەنقەرە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری بەشار ئەسەدی کردو کۆماری ئیسلامی ئێران‌و روسیاش پشتیوانی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان کرد.

لەساڵی ٢٠١٦ەوە ئەنقەرە چەندین هێرشی سەربازی لەدژی هێزە کوردییەکان لەباکوری سوریا دەستپێکردوەو ئامادەیی سەربازی خۆی لەناوچەکانی باکوری ئەو وڵاتە پاراستوە.

تورکیا چەندین بنکەی سەربازی لەباکوری سوریا دامەزراندوەو هەزاران هێزی خۆی لەم ناوچەیەدا جێگیر کردووە، هەروەها ئەنقەرە ڕێگری لەسوپای سوریا کردوە کە لەلایەن روسیاوە پاڵپشتی دەکرێت، ناوچەکە کۆنترۆڵ بکاتەوە.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کریملین رایگەیاندوە "بۆ ئەگەری کۆبونەوەی نێوان ئەسەدو ئەردۆغان، پێویستە چەندین کۆبونەوەی ئامادەکاریی بکرێت".

وا بڕیار بو ئەم هەفتەیە دیپلۆماتکارانی روسیا، تورکیا، سوریاو ئێران لەمۆسکۆ کۆببنەوە بۆ هەماهەنگی کۆبونەوەی وەزیرەکانی دەرەوەیان، پێش کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەو وڵاتانە، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

لەم دۆخەدا بەشار ئەسەد کە داوای نێوەندگیریی روسیا لەپەیوەندییەکانی تورکیاو سوریا دەکات،  رایگەیاند "متمانەمان بەلایەنی روسیا هەیە، بەڵام لەچوارچێوەی سیاسەتی روسیادا بۆ ڕێزگرتن لەسەروەری وڵاتان‌و کشانەوەی هێزە دەرەکییە نایاساییەکان لەخاکی سوریا، ڕێزگرتن لەیاسا نێودەوڵەتییەکان، رەتکردنەوەی تیرۆر، ڕێزگرتن لەیەکپارچەیی خاکی سوریاو سەروەری حکومەتی سوریا لەخاکەکەیدا، هەروەها پێویستی کشانەوەی هێزە چەکدارە بیانییە نایاساییەکان لەسوریا".

راشیگەیاندوە کە "بەهۆی شەڕو ڕۆڵی نەرێنی تورکیا لەم شەڕەدا، پاڵپشتی ئەنقەرە بۆ تیرۆریستان لەسوریاو بەهۆی ئەوەی سوپای تورکیا هاتنە ناو خاکی سوریاوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ئێمەو لایەنی تورکیا مەحاڵ بوو، تورکیا بۆ ئێمە وڵاتێکی داگیرکەرە. سەبارەت بەدیدار لەگەڵ ئەردۆغان، ئەمە پەیوەندی بەو قۆناغەوە هەیە کە تورکیا بەڕوونی‌و بێ پێچ‌و پەنا تەواوی هێزەکانی لەخاکی سوریا بکشێنێتەوە‌و واز لەپشتیوانیکردنی تیرۆر بهێنێت‌و دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێش دەستپێکردن لەشەڕی سوریا، ئەمە تاکە بژاردەیە کە دیدارەکەم لەگەڵ ئەردۆغان دەتوانێت مسۆگەر بکات، جگە لەمە کۆبونەوەیەکی لەو شێوەیە بەهای چییەو ئەگەر ئەنجامێکی کۆتایی بۆ شەڕی سوریا بەدواوە نەبێت، بۆچی ڕێکی دەخەین؟".

ئەردۆغان کە سەردەمانێک بەشار ئەسەدی بە"تیرۆریست" ناودەبرد، ئێستا دەڵێت "ئامادەیە لەگەڵ ئەسەد کۆببێتەوە".

وەزیرانی بەرگری تورکیاو سوریا لەمانگی کانونی دووەمی ساڵی ڕابردودا لەمۆسکۆ بەئامادەبونی هاوتا روسیەکانیان کۆبوونەوەو ئەم کۆبوونەوەیە لەساڵی ٢٠١١ەوە بەیەکەمین کۆبوونەوە لەسەر ئەم ئاستە دادەنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×