لە"بێرکیاتی چەمانکێ" چی رویدا؟
  2023-03-20       1851       

نزار پیرۆ

 

بێرکیات گوندێکی دەڤەری بەرگارەیە، ئەکەوێتە بناری باکوری چیای خێرێ، بەکەمتر لەسەد کیلۆمەتر لەباکوری شاری موسڵ، ئەو گوندە هەروەکو زۆربەی گوندەکانی ئەو دەڤەرە نیمچە چۆڵن‌و گەر رەوشەکە ئاسایی بێت،  خەڵک بۆ سەخبێری باغ‌و چەمەکانییان سەردانی ئەو گوندانە دەکەن.

 

لەبەرئەوەی چیاکانی ئەو دەڤەرە بەجارێک پڕ دارن، هەمیشە ئەو دەڤەرە بنکەی گەریلاکانی  پەکەکە بووەو ئەم شوێنە لەشەڕی پارتی‌و پەکەکە لەساڵانی نەوەدەکان مەیدانی شەڕی دژوار بووە.

 

ئێوارە باراناوییەکەی چوارشەمەی رابردوو، لەمیدیاکانی پارتی وا بڵاوکرایەوە کە هەلیکوپتەرێک لەو دوو هەلیکوپتەرە، کە لەئاسمانی گوندی بێرکیات بوون یەکێکییان کەوتوەتە خوارەوەو باس لەکوژران‌و سوتانی حەوت کەس کراو مەیتەکانیان لەژێر  چاودێری ئەمنی توند رەوانەی  شاری دهۆک کران.

 

 سەبارەت بەخاوەندارییەتی ئەو دوو هەلیکوپتەرە هیچ باسێک نەکرا،  دوای چەند کاتژمێرێک لەروداوەکە عەلی تەتەر، سەرۆکی پاراستنی پێشووی دهۆک‌و پارێزگاری دهۆکی ئێستا، رایگەیاند "حەوت کوژراوەکە پەکەکەن".

 

دوای سێ ڕۆژ لەم روداوە، هەسەدە لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە هەلیکوپتەرە تێکشکاوەکان دووانن، نەک یەک‌و سەرنشینەکانی لەهێزی دژە تیرۆری هەسەدەن‌و  ژمارەیان نۆ کەسن‌و بەڕێگاوە بوون بۆ سلێمانی بۆ هەمئاهەنگی‌و راوێژ لەگەل دژە تیرۆری یەکێتی سەبارەت بەئوپەراسییۆنەکانی دژ بەداعش.

 

 ئەوەی جێگای پرسیارە لەسەرەتای ئەو روداوەوە هەردوولا، پارتی‌و هەسەدە ناڕونییان نواندو بێدەنگبوونی هەسەدەو  بەدەنگەوەهاتنی دوای سێ ڕۆژ ئەکرێت ئەگەری ئەوە بێت، هەسەدە بەدوای سۆراغی هەلێکوپتەری دووەمەوە بووەو بەدوای ئەو دوو سەرنشینەوە بووە، کە میدیاکانی پارتی رایانگەیاندبو "تەنها یەک هەلیکوپتەر تێکشکاوەو کوژراوەکان تەنها حەوت کەسن".

 

بەڵام دوای دڵنیابوونی هەسەدە کە هەلیکوپتەری دووەمیش دیار نەماوەو تێکشکاوە، ئەوجا هەسەدە بەیانێکی دەرکردو داوای روفاتی کوژراوەکانی کردو رایگەیاند سەرنشینەکان نۆ کەس بوون نەک حەوت.

 

ئەم رونکردنەوەیەی هەسەدە گۆمانی دروستکرد لەسەر سیناریۆکەی پارتی‌و تەواوی رووداوەکەو راستی‌و چۆنییەتی تێکشکانی فڕۆکەکان، ئایا لەبەر نالەباری کەش‌و هەواوە بووە؟ یان بەپلان کراون بەئامانج‌و تەقێندراون؟  ئەوەی زیاتر گومانی دروستکرد ئەوەبوو، دوای پێنج رۆژ لەرووداوەکە  میدیاکانی پارتی رایانگەیاند کە دوو سەرنشینە ونبووەکەی روداوەکە، لەنزیک گوندی بێرکیات بەمردویی دۆزرانەوە، گیان لەدەستدانی هەموو سەرنشینەکانی ئەم دوو هەلیکوپتەرەو لەناوچوون‌و نەمانی شایەدحال، راستی ئەم روداوەو چۆنییەتی تێکشکانی ئەم دوو هەلیکوپتەرە، بەگۆماناوی ئەهێلێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×