رێكخراوێك: لە ماوەی یەک ساڵی رابردودا هەشت هەزار کورد لە ئێران دەستگیرکراون
  2023-03-24       490       
سنە؛ دیمەنێكی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە لە دژی مەرگی ژینا ئەمینی

رێكخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تەنها لەماوەی یەك ساڵی رابردودا هەشت هەزار كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیركراون كە 263 كەسیان ژنن.

ئاوێنە: بە پێی ئامارەکانی ڕێكخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە کەنەدایە، تەنها لە ماوەی یەک ساڵی رابردودا حكومەتی ئێران هەشت هەزارهاوڵاتی کوردی دەستگیرکردون کە 263 کەسیان ژنن و هەر لەماوەی ئەو ساڵەشدا 152 كورد بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان کوژراون و لانیکەم 87 کوردیش لە سێدارە دراون.

هادی رەسوڵی وتەبێژی ڕێکخراوی هانا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم ئامارانە دەرخەری ئەوەیە تاوانی دژی مرۆڤایەتی هەیە، کە کورد پشکی شێری بەرکەوتوە لەم تاوانکارییە."

هادی ڕەسوڵی وتی، بۆ دەستکەوتنی ئاماری وردی قوربانییەکان، ڕێکخراوی هانا پشت دەبەستێت بە شانەو ئەندامەکانی کە لە ناو ئێراندا بە شێوەیەکی نهێنی کاردەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئێران بەردەوام ووبەڕوی ڕەخنەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوەتەوە لەسەر بڵاونەکردنەوەی تۆماری وردی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ.

شەوبۆ خزری، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەگەر کەسێکی کورد دەستگیر بکەن سزای قورسی دەدەن، بەڵام لە شارەکانی تر سزاکان سوکترن. زۆر جار لەسەر مادەی هۆشبەر کوردەکان ڕاستەوخۆ سزای لە سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام نەتەوەکانی تر بۆ هەمان تاوان سزای زۆر سوک دەدرێن. ئەمە بەدەر لەوەی لەسەر ئینتیمای سیاسی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کورد لە سێدارە دەدرێن لە ژێر ناوی 'تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی' کە حوکمەکەی سێدارەیە. بەڵام لە شارە فارسەکان لە ژێر ناوی 'پڕوپاگەندە دژی رژێم' یان بەسەردا دەسەپێنن کە سزاکەی دەچیتە نزیکەی دو ساڵ و شەش مانگ و لە سێدارە نادرێن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×