ئەمنستی: هێزە ئەمنییەكانی هەرێم ئازادی سەرکوت دەكەن
  2023-03-28       1064       

ئا: ئاوێنە

 

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان، دەڵێت، هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵی رابردودا بەردەوامبون لە سەركەوتكردنی ئازادی رادەربڕین و گردبونەوە.

 

رێكخراوەكە لەراپۆرتەكەیدا كە رۆژی سێشەممە ٢٨ / ٣، بڵاویكردۆتەوەو بەشێكی تەرخان كردوە بۆ دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، وتویەتی، هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام بون لە سەركوتكردنی مافی ئازادیی رادەربڕین و گردبونەوەو لە ساڵی 2022دا هەڵساون بە دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، چالاكوانان و رەخنەگران.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دو رۆژنامەنوس و سێ چالاكوان كە لە مانگی ئابی 2020ەوە دەستگیركراون و لە مانگی شوباتی 2021 حوكمدراون، سێ جار لە زیندان مانیان لە خواردن گرتوە دژی هێشتنەوەیان لە زیندان، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسومی دەركردوە بۆ كەمكردنەوەی سزاكەیان لەپێنج ساڵەوە بۆ دو ساڵ.  

راپۆرتەكەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ باسی لەوەش كردوە كە لە 6ی ئابی ساڵی رابردو، هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردو شاری سلێمانی و هەولێر گازی فرمێسكڕێژو گوللـەی پلاستیكییان بەكارهێناوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران، كە خۆپیشاندانیان دژی دواكەوتنی موچەو نەوبنی هەلی كاركردوە، لە ئاكامی ئەوەش چەند كەسێك برینداربون.

هەروەها باسی لەوەش كردوە كە هێزەكانی ئاسایش لانیكەم 20 رۆژنامەنوسیان بۆ ماوەیەكی كەم دەستیگركردون بەهۆی روماڵی ئەو خۆپیشاندانانەوە.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ساڵی رابردودا هێزەكانی ئاسایش لە هەولێرو سلێمانی دەیان ئەندامی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان لە ماڵەكانیاندا دەستگیركردون، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو جوڵانەوە ئۆپۆزسیۆنە داوای خۆپیشاندانی كردوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەمانگی ئەیلولدا هێزەكانی ئاسایش ڕۆژنامەنوسێكیان دەستگیركردوە كە بۆ دەزگایەكی میدیای ئۆپۆزسیۆن كاریكردوە لەكاتی ڕوماڵكردنی هێرشی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوان بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لەپارێزگای هەولێرو لە رۆژی دواتردا بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێكی روبەڕو بكەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بەڵێنیان پێ ئیمزاكردوە كە روداوی هاوشێوە روماڵ نەكات.

هەروەها رێكخراوەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا، هێزەكانی ئاسایش دو ڕۆژنامەنوسیان لەنزیك هەولێر دەستگیركردوە، پاڵپشت بە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كە یاسایەكی ناڕونەو لەڕابردودا بەكارهێنراوە بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی ڕەخنەیان لە بەرپرسەكان گرتوە. وتوشیەتی، ئەو دو رۆژنامەنوسە لە كۆتایی ئەو مانگەدا ئازادكراون.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەداوە كە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ساڵی رابردو رێكاری یاسایی دژی سەدان كەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش گیراوەتە بەر كە بەشێكیان مێردمنداڵ بون، كە نیگەرانی هەیە لەبارەی ئەوەی دادگاییەكی "دادپەروەرانە" بكرێن، لەوانە پارێزەری بەرگریكارییان بۆ دابین بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا رێكخراوەكە باسی توندوتیژی خێزانی و كوشتنی ژنان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە كوشتنی ژنان و تاوانەكان لەسەر شەرەف، زیادیان كردوە.

هەروەها هێمای بۆ مافەكانی هاوڕەگەزخوازان كردوەو ئاماژەی بە دو پڕۆژە یاسا كردوە لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان بۆ سزادانی ئەو كەسانەی كە بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی دەكەن.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×