نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران پێیوایە، ئەو دۆخەی ئێستا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوە، هاوشێوەی رێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975ی نێوان عێراق و ئێرانەو دەشڵێت،"ئێستا ئیران بڕیاریداوە کێشەکانی لەچوارچێوەی عێراق لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات."
ئاوێنە: نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، لەبارەی پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"ماوەیەکە ئێران کارەکانی لە چوارچێوەی دەستوری و یاسایی عێراقدا بەرێوەدەبات، شتەکان لە ڕێگەی بەغداوە ئەنجام دەدرێن، بەتایبەت دوایین جار کە شاندی هەرێم بەهاوبەشی لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق هاتنە تاران، ئێمە وەکو نوێنەرایەتی حکومەت ئاگاداری روداو و پەیامەکان نین."
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران پێیوایە، ئەو دۆخەی ئێستا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتوە، هاوشێوەی رێککەوتننامەی جەزائیری ساڵی 1975ی نێوان عێراق و ئێرانەو وتیشی"ڕەنگە رێککەوتنەکە ئەمجارە لەنێوان چوار وڵات بێت، ڕەنگە پشتگیری وڵاتە زلهێزەکانیشی هەبێت، بۆیە ئێستا ئیران بڕیاریداوە کێشەکانی لە چوارچێوەی عێراق لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات."
ئەو وتیشی"عێراق و ئێران ئێستا کەوتونەتە نێو رێککەوتننامەی جەزائیر، تەنانەت رێککەوتنی ئێران و سعودیە کە بەغداشی تێدایەو وردەکارییەکەیم لانییە، ڕەنگە بەشێکی گەڕانەوە بێت بۆ بەندەکانی رێککەوتننامەی جەزائیر، تورکیاش بوەتە بەشێک لەم رێککەوتنەو ڕونە، ئەمەی ئێستا بەڵگەیە عێراق و ئێران و تورکیا پێکەوە، کەوتونەتە دانانی بەرنامەیەک بۆ دانانی سنورێک بۆ دۆخی ئێستای عێراق و هەرێم."
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران ئاشکراشیکرد، چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێک باسی دەروازە سنورییەکانیان کردوە، ئێران هەوڵیداوە ڕێککەوتننەکانی حکومەتی هەرێم ببەستێتەوە بە ڕێککەوتننامەی جەزائیرەوە، وتی"بەڵام ئەو کات حکومەتی هەرێم توانای هەبو، ئەمە قەبوڵ نەکات، یاخود ئێرانیش بەهۆی مام جەلال و کاک مەسعودەوە بێدەنگی دەکرد بۆ دواخستنی ئەم دۆخە، ڕەنگە ئێستا دۆخێک هاتبێتە پێشەوە، ڕێگە خۆشکەر بێت تا جارێکی تر باسبکرێتەوە."
بەشێک لە بەرپرسانی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە بنکەو بارەگایان لە هەرێمی کوردستان هەیە، مەترسی خۆیان نیشانداوە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ چەککردن و کۆکردنەوەیان لەکەمپەکانی نیشتەجێکردندا.
لەو بارەیەوە نازم دەباغ وتی"نازانم ئەم پلانە سەردەگرێت یان نا، بەڵام هەنگاوی بۆ دەنرێت، بەپێی رێککەوتننامەی جەزائیریش ئێران دەستبەرداری کورد دەبێت، عێراقیش دەستبەرداری حزبە کوردییەکان دەبێت کە بە ناوی ئیرانەوە کاردەکەن و لە عێراقن."
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، هۆشداریدا لە مەترسی لە قاڵبدانی زیاتری هەرێمی کوردستان، گەر حکومەت "بەخۆداچونەوە نەکات و ناوماڵی خۆی یەکنەخات، ڕەنگە زەمینە لەبارتربێت بۆ ئابڵوقەدانی هەرێم."