به‌غدا پێشنیازی كردووه‌ سۆمۆ نه‌وته‌كه‌ی‌ هه‌رێم بفرۆشێت و داهاته‌كه‌ی‌ بداته‌وه‌ به‌ هه‌رێم
  2023-03-29       986       

شاندی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دوێنێ‌ بۆ دووه‌م جار له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ڕۆژدا گه‌ڕایه‌وه‌ به‌غدا، بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت. به‌غداش پێشنیازی كردووه‌ له‌ ڕێی سۆمۆوه‌ نه‌وتی هه‌رێم بفرۆشرێت.

ئاوێنە: ئاژانسی بلومبێرگی ئه‌مه‌ریكی له‌ زاری دوو سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، شاندی حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ ڕۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ سه‌ردانی به‌غدادی كردو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی‌ ناوه‌ند كۆبووه‌وه‌، "نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی‌ هه‌رێم".

وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق به‌ شاندی‌ هه‌رێمی‌ ڕاگه‌یاندووه‌، دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ پاریس،  نه‌وتی‌ هه‌رێم ده‌بێت به‌ ڕێكاری‌ نوێ‌ هه‌نارده‌ بكرێت.

شانده‌كه‌ هه‌ر هه‌مان ڕۆژ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌رێم و دوێنێ‌ جارێكی‌ دیگه‌ گه‌یشته‌وه‌ به‌غداد، به‌ پێی دواین زانیاریش وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بدات نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ هه‌نارده‌كردن بكاته‌وه‌، پێشنیازی كردووه‌ ئه‌و نه‌وته‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای سۆمۆوه‌ بفرۆشرێت و داهاته‌كه‌ی بدرێته‌وه‌ به‌ هه‌رێم.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو دادگای ناوبژیوانیی‌ نێوده‌وڵه‌تیی‌ پاریس بڕیاری‌ له‌باره‌ی‌ سكاڵایه‌كی حكومه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ دا و رایگه‌یاند، نابێت چیتر توركیا به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی به‌غدا نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده‌ بكات. ڕاسته‌وخۆش دوای بڕیاره‌كه‌، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگرت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×