پێشبینی كەشناسی هەرێم بۆ هاتنی بارستە هەوایەكی ساردو بارینی بەفر
  2023-03-29       463       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات لە درەنگانی شەوی سبەی پێنجشەممەوە كاریگەری بارستە هەوایەكی سارد بگاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵیشیدا پلەكانی گەرما بۆ سفر پلە دابەزن و بەفریش لەناوچە شاخاوییەكان تا ئاستی 5 بۆ 15 سانتیمەتر ببارێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"پێشبینی هاتنی بارستە هەوایەکی سارد بۆ سەر ناوچەکەمان لە درەنگانی شەوی پێنجشەممە هەیە، لە ئێستادا کاریگەری ئەم بارستە هەوا ساردە گەیشتۆتە سەر بەشێک لە وڵاتی تورکیا کە سەرچاوەکەی جەمسەری باکورە، بۆیە پێشبینی دەکەین سبەی لە درەنگانی شەودا ئەو بارستە هەوا ساردە بگاتە سەر بەشێک لەناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و پاشان لە رۆژی هەینی تەواوی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کاریگەر بێت بەم بارستە هەوا ساردە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەگەڵ گەیشتنی ئەم بارستە هەوا ساردە پلەکانی گەرما بەچەند پلەیەک نزم دەبنەوە بەتایبەت نزمترین پلەکانی گەرما و پێشبینى دابارین هەیە بەتایبەت لە کاتەکانى بەیانى زوى رۆژى هەینى کەمێک باران و بەفریش لەسەر لوتکەى شاخە بەرزە سنورییەکان دەبارێت."

كەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە كە "لەگەڵ بەردەوامى نزمبونەوەى پلەکانى گەرما لە رۆژى هەینى شەپۆلێکى بەفر بارین ناوچە شاخاوییە سنورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە دو هەزار مەتر زیاترە، دەگرێتەوە."

بەپێی پێشبینی كەشناسی هەرێم "چڕترین ماوەى بەفربارین دەکەوێتە شەوى هەینى و بەرەبەیانى رۆژى شەممەو ئاستى بەفرى پێشبینیکراویش لەنێوان (5-15)سم دەبێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "رۆژى شەممە نزمترین پلەکانى گەرما لە قەزاو ناحیەکانى ناوچە شاخاوییەکان نزیک دەبێتەوە لە سفر پلەى سیلیزى و لە سەنتەرى پارێزگاکان لە نێوان (2-4) پلەى سیلیزى دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×