دادگای فیدرالی وادەی بڕیاردانی لەسەر دۆسیەی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد
  2023-03-29       562       

دادگای باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆتایی بە دادبینی دۆسیەی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان هێناو رۆژی 3/5/2023ی بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسیەكە دیاریكرد.

ئاوێنە: یوسف محەمەد، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ ٢٩/٣/٢٠٢٣ شەشەم دانیشتنی دادبینی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە دۆسیەی درێژ کردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچو."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دادگای باڵای فیدڕاڵی پاش وەرگرتنی دوا وتەی ھەمو لایەک کۆتایی بە دادبینی ھێناو رۆژی ٣/ ٥/٢٠٢٣ی دیاری کرد بۆ دەرکردنی بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە."

یوسف محەمەد وتوشیەتی"ئێمە رۆژێک پاش کۆتاییھاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان لە ٧/١١/٢٠٢٢، داوایەکمان بە ژمارە (٢٤٨/ فیدڕاڵی/٢٠٢٢) لە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەسەر نادەستوریبونی یاسای بەردەوامبونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ تۆمار کرد."

ئاماژەی بەوەشداوە، "لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ لە ھەر شەش دانیشتنی دادبینیی دادگاکە سەبارەت بەم دۆسییەیە، جگە لە جەخت کردنەوە لەسەر نادەستوری و نادیموکراتیبونی ھەر جۆرە درێژکردنەوەیەک بۆ دامەزراوەو کەسە ھەڵبژێردراوەکان، ھەوڵمان داوە گرنگیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بەدور لە گزیکاری و تەزویرو دور لە دەستێوەردانی ھێزی چەکدارو ئەمنی بسەلمێنین."

یوسف محەمەد جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بێ دەستەبەرکردنی نەزاھەت و پاکی و دروستیی دەرەنجامەکانی و قەبوڵکردنی لەلایەن ھەموانەوە، ھیچ لە دۆخی چەقبەستوی ھەرێم ناگۆڕێت."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×