خاڵە ناكۆك و هاوبەشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكرێن
  2023-03-30       2118       

ئا: ئاوێنە

 

پەرلەمانتارێكی گۆڕان خاڵە ناكۆك و هاوبەشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات و دەڵێت، ئاستی داواکاری حکومەتی ئیتحادی لەدوای بڕیارەكەی پاریس بەرزبوەتەوە، بەڵام هەردولا كۆكن لەسەر پێویستی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە نزیكترین كاتدا.

 

دلێر عەبدولخالق، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی: بە گوێرەی بەدواداچونەکانم، وەفدی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، دوابەدوای ئاشکراکردنی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لەسەر چەند خاڵێك كۆكن لەوانە، لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان رۆژانە (500) هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە دەکەن، لەو ژمارەیە (400) هەزار بەرمیل هی هەرێمی کوردستان و (100) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکە.

یەكێك لە خاڵانەی دیكە كە لەسەری كۆكن وەك دلێر عەبدولخالق ئاماژەی پێداوە ئەوەیە كە "پێویستە لە نزیکترین کاتدا، پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەو نەوتە لەڕێگەی بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە." وتوشیەتی"ئەمەش چەند بە نیسبەت هەرێمەوە پێویستە، ئەوەندەش بە نیسبەت حکومەتی ئیتحادییەوە"، چونکە "وەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتو، پڕۆژەی بودجەی ئیتحادی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاشکراشە بەهای ئەو (500) هەزار بەرمیلە بەشێکە لە پڕۆژەی بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی (2023، 2024، 2025)، بێ ئەو پرۆسەیە بودجەی گشتی دوچاری کورتهێنان دەبێت."

بەقسەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، "هەردولا پێش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لەسەر میکانیزمی بەیەکەوە ئیدارەدانی نەوتی هەرێم ڕێککەوتبون، بەڵام دوای بڕیارەکە، ئاستی داواکاری حکومەتی ئیتحادی بەرزبوەتەوە."

داواكارییەكانی حكومەتی فیدرال بەقسەی دلێر عەبدولخالق پێكدێن لەم خاڵانە:

1.فرۆشتنی نەوت بچێتەوە ژێر دەستی کۆمپانیای سۆمۆ.

2.لەبری دەستەواژەی "ئیدارەدان"، وەزارەتی نەوتی ئیتحادی "سەرپەرشتی" پڕۆسەکە بکات.

3.حکومەتی ئیتحادی بەرپرسیارێتی قەرزی کۆمپانیاکان لەئەستۆ ناگرێت، کە بە زیاتر لە (٤) ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

4.جێگرێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لە پشکی حکومەتی ئیتحادی بێت.

5.پێویستە نەوتەکە هەناردە بکرێت و وەزارەتی نەوت میکانیزمی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە هەیە.

پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان وتویەتی، لەبەرامبەردا، وەفدی هەرێم، پێداگیربون لەسەر ئەم خاڵانە:

1. بەهاوبەشی ئیدارە، نەک سەرپەرشتی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکرێت.

2. وەک لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەتدا هاتوە، پارەی نەوت لە حسابێکی بانکی لەژێر چاودێری و وردبینی حکومەتی ئیتحادی دابندرێت و تەنها حکومەتی هەرێم مافی خەرجکردنی هەبێت.

3. جێگرێک بۆ بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لەپشکی هەرێمی کوردستان دابندرێت.

4. پەلەبکرێت لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک مافەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئیدارەدانی کەرتی وزە تێدا جێگیربکرێت، تا ئەو کاتەش هەردو حکومەت بەهاوبەشی ئیدارەی نەوتی هەرێم بدەن.

دلێر عەبدولخالق وتوشیەتی"دەرئەنجامی گەڕی ئەم گفتوگۆیانە؛ هەردولا کۆکن لەسەر پێویستی هەناردەکردنەوە، هەروەک هەردولا جیاوازن لەسەر میکانیزمی ناردنەکەو ئالیەتی فرۆشتنی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×