وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەری دەبێت لەسەر دوبارە دەستکردنەوە بە بەرهەم؟
  2023-03-31       1113       

ئا: ئاوێنە، رێكخراوی ڕونبین

 

دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم وەستا لە بەرواری ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ و پاشان بەهۆی نەبونی ئەمبار بۆ هەڵگرتنی نەوتی بەرهەم اتو لە رۆژی ٢٦ی ئازار کێڵگەی هەولێر کە کۆمپانیای فۆرزا پەترۆلیۆم(پێشو ئۆرێکس) خاوەن پشک و کۆمپانیای سەرکارە لەکێڵگەکەدا رایگەیاند، ئەمباری کێڵگەکە پڕ بوەو بەرهەمیان راگرتوەو کێڵگەکە داخراوە. 

 

بەرهەمی کێڵگەکە لەو کاتەدا ٤،٢٠٠ بەرمیل نەتی رۆژانەبو. پاشتر کۆمپانیاکانی تری نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم ڕایانگەیاند، تا چەند رۆژێک توانای ئەمبارکردنیان هەیەو هەندیکیشیان هەفتەیەک. هەروەها رۆژی ٢٩ی ئازاریش دو لە گەورەترین کێڵگەکانی پارێزگای دهۆک، کێڵگەی تاوکێ و فیشخاپور بەرهەمیان وەستا، ئەو دو کێڵگەیە بەیەکەوە بەرهەمیان ١٠٧ هەزار بەرمیل بو، داخران. لە چەند رۆژی ئایندەشدا پێشبینی وەستانی بەرهەمی یەک بەیەکی کێڵگەکانی تر دەکرێت گەر هەناردە دەستپێنەکاتەوە.

زۆرجار پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئەگەر کێڵگەیەک دابخرێت و بەرهەمی بوەستێ، ئاسان و ئاسایی دواتر بەرهەم دەستپێدەکاتەوە؟ ئایا وەکو قوفڵی بەلوعە وایە کەی ویستت بیگریتەوە یان نەخێر پرۆسەیەکی ئاڵۆزە؟ ئایا زیانی دەبێت بۆ کێڵگە نەوتییەکان یا نا؟

رونبین ئەم پرسیارەی ئاراستەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەرێز دکتۆر فوئاد محەمەد قادر کرد کە دکتۆرای لە جیۆلۆجیای نەوتدا هەیەو مامۆستای زانکۆیە لەزانکۆی سلێمانی، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت:

وەستانی بەرهەم بەدڵنیایی کاریگەری دەبێت و کاریگەرییەکەشی پەیوەستە بەوەی بۆ ماوەی چەندە بەرهەم دەوەستێ. تا ماوەی وەستانەکە زۆربێت کاتی زۆرتری دەوێت تاوەکو بیرەکە  بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. کاریگەرییەکەی بەندە بە بارودۆخی حەشارگە نەوتییەکانەوە (Reservoir) پێی دەوترێ بارودۆخی  پیترۆ فیزیک. پەیوەستە بە کونۆچکە ( Porosity) و توانای تێپەڕاندنی (Permebility) بەردەکانەوە، دواتر پەیوەستە بە جۆری نەوتەکەوە.

لێرەدا قسەمان لەسەر نەوتە، ئایا جۆری نەوتەکە نەوتی قورسە یان نەوتی سوکە، واتە خەستی  (Viscosity) یەکەی زۆرە یا کەمە. تا خەستی زۆر بێت موعالەجەو چارەسەرکردنی زیاتری ئەوێ و کێشەی زۆرتر دروست دەکات.

نەوت کە وەستا، نیشتن (Precipitation) روئەدات، بەشە قورسەکان لە کنۆچکە بچوکەکان ئەنیشن، دواتر جوڵەی نەوتەکە قورستر دەبێت، کاتی دەوێت و چارەسەری پێویستە، شوشتن و ئەسیدایزو ئەو تەکنیکانەی پێویستە، واتە پرۆسەیەکی دورودرێژی پێویستە تا بیرێک باڵانسی راگیردەکەن. لە چ ئاستێکدا چەند بەرهەمی هەبێت بەپێی بارودۆخی بیرەکە، بەپێی ئەو فشار و پرێشەرەی لە حەشارگەکەدا هەیە، کاتێک بەرهەم دەوەستێت ئەو باڵانسانە هەموی تێکدەچێت.

لە حاڵەتێکی داینامیکییەوە کە ئەوەستێ دەچێتە دۆخێکی ستاتیکییەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک تا ١٠ رۆژ، یان ٢٠ رۆژ بۆ مانگێک، گرفت بەدوای خۆیدا بەجێدەهێڵێت.  جارێکی تر پێویستی بە تەجروبەو سیمولەیشن و بە مۆدێل تا ئەگەنە دۆخێکی جێگیرو ئەزانن چەند لەتوانای ئەو بیرەدایە رۆژانە بەرهەم بهێنێ، کە بەرهەمەکەی پاک بێت و ئاوی کەمی لەگەڵ بێت و فشاری زۆر دانەبەزێت. ئەمانە هەموی کاتی دەوێت و ئیشی ئەوێ و تێستی دەوێت. کاتێک بەرهەم دەوەستێت، دواتر دەبێت ئەو ڕیوشوێنانەی کە لەسەرەوە باسکرا بگیرێتەبەر بۆ دەستپێکردنەوە.

بەگشتی نەوت هەیە سوکە گازی تواوەی زۆر تیایە کە پێی دەوتریت گازی هاوتا (Associated gas) ئەمانە ئاسانتر دێنەوە سەردۆخی خۆیان. نەوتیش هەیە قورسە ئەی پی ئای (API)ە کەی نزمە، ئەمانە گرفت زیاتر دروست دەکەن. هەروەها کێڵگە هەیە کاپ گازی هەیە، گازی ئازادی(free gas) هەیە لەسەرو نەوتەکەوە، کە پاڵ بەنەوتەکەوە دەنێت و لەژێریشەوە هەمو کێڵگەکان ئاویان هەیە كە حەشارگەی ئاو  (Water Reservoir)ی پێ دەوترێت، کواڵێتی ئەمانە هەموی کاریگەری هەیە. لەسەرو ئەمانە هەمویەوە جۆری حەشارگەکە هەم لە روی بەردەوە توانای تێپەڕین و کونیلەکان (Permeability Porosity and ) هەم وەکو بارودۆخی هایدرۆکاربۆن و نەوتەکە کە فشاری بەرزە یا ن نزمە،  ئایا بەرهەمی سروشتییەو خۆی دێتە دەرەوە یا پەمپ بەکار دەهێنرێت یان ئینجێکشن بەکاردەهێنرێت.

ئەمانە هەموی بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزە. ئەندازی بەرهەم هێنان (Production Engineering) تەحەکومی پێوەدەکەن دوای ئەوەی خاسێتە جیۆلۆجییەکانی داخڵ دەکەن و دەیزانن، ئەوکاتە پلان دادەنێن بۆ دەرهێنانانی نەوت.

خاڵێکی تر کە بەهۆی وەستانی بەرهەمەوە دروست دەبێت ئەوەیە کە  H2S  جیا دەبیتەوە. رێژەیەکی کەم لەم  H2S  تەنانەت لەناو بۆرییەکان کێشە دروست دەکات و بڵق و جیابونە دروستدەبێت.

کاتێک نەوتەکە وەستا لەناو بۆرییەکاندا جا چ بۆری ناو بیرەکە بێت یان بۆری گواستنەوە بێت، ئەم گازانە زەرەری خۆی دەدات بەتایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە. نەوت نیشتن و تەرەسوب رودەدات، نەوتی قورس چ لەناو بۆری یان لەناو بەردەکان خۆیداو لە حەشارگەکەدا نیشتن ڕودەدات و ئەمانە بەدڵنیایی دوای وەستان کاتی دەوێت بگەڕینەوە دوخی خۆی. لەوانەیە لە هەفتەیەک بۆ دە رۆژ بۆ مانگ تا دو مانگی بوێت، پەیوەستە بەجۆری بیرەکەوە کاتی دەوێت تا بگەڕینەوە بۆ دۆخی بەرهەمهێنانی پێشو. بۆنمونە ئەگەر مانگێک وەستا، لەوانەیە هەندێ بیر مانگی زیاتری بوێت تا بچێتەوە دۆخی خۆی، هەرلەسەرەتاوە دەتوانن بەرهەمبێنن بەڵام بەبڕی کەم تا ئەگەنە ئەو باڵانسەی کە ویستویانە.

بەپێی زانیارییەکان ئێستا لە کێڵگەی شێخان کە کێڵگەیەکە نەوتەکەی قورسە، کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن بیرەکانی خستوەتە سەر کەمترین ئاستی بەرهەم  (مینیمەم چۆک) بۆ ئەوەی بیرەکان کێشەی گەورەیان بۆ دروست نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×