به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه بۆ پاراستنی ئاوی ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌وی 41 پۆندی نوێ له هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كرێن.
ئاوێنە: كاروان سه‌باح هه‌ورامی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاو له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ پێگه‌ی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی جڵه‌وكردنی لافاو به‌تایبه‌تی له شاری هه‌ولێر، وتی: "بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی لافاو، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، تیمێكی ته‌كنیكی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی گرفتی لافاوی هه‌ولێر. دوای لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد، كۆمه‌ڵێك ڕێچاره پێشنیاز كران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی لافاوی شاری هه‌ولێر".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "ئه‌وانیش دو به‌ش بون، به‌شێكیان كرداری خێرا بو بۆ ڕێگریكردن و دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ی لافاو به‌شێوه‌یه‌كی كاتی، به‌شی دوه‌میش پلانی درێژخانه بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوه‌كه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پلانه كورتخایه‌نه‌كه بریتی بو له خاوێنكردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه سروشتییه‌كانی ئاو كه به ناو شاری هه‌ولێردا تێپه‌ڕ ده‌بن و هه‌روه‌ها خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆ ده‌ستكرده‌كانه كه ئاوی ئاوه‌ڕۆ و ئاوی باراناو ده‌به‌ن، جگه له‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك له‌و پردانه‌ی دروست كرابون له‌سه‌ر ڕێره‌وه سروشتییه‌كان فراوان كران، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاو له‌خۆ بگرن. پلانه درێژخایه‌نه‌كه ئه‌وه بو، ئه‌و ئاوی بارانه‌ی ده‌بارێ، كۆی بكه‌ینه‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێشنیازی ژماره‌یه‌ك پۆند كراوه له به‌شه‌كانی باكور و باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر، له‌و ستریم و ڕێڕه‌وه ئاوییانه‌ی هه‌یه، كۆمه‌ڵێك پۆند دروست بكرێن بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی ئه‌و ڕێڕه‌وانه؛ هه‌ندێكیان نه‌خشه‌كارییان ته‌واو بوه و هه‌ندێكیشیان له‌ژێر پڕۆسه‌ی نه‌خشه‌كاریین و له دوای هاوینه‌وه، به كرده‌یی ده‌ستیان پێ ده‌كرێت".
وتیشی: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران 36 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی لافاوی شاری هه‌ولێر ته‌رخان كرد. له‌و 36 ملیۆنه نزیكه‌ی 22% ته‌رخان كرا كه نزیكه‌ی 8 ملیار دینار بو، خۆشبه‌ختانه وه‌كو قۆناغی یه‌كه‌م، به‌و بڕه پاره‌یه هه‌ولێر پارێزرا له‌و لافاوانه‌ی ڕوی ده‌دا".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه "ئه‌گه‌ر ته‌واوی بڕی پاره‌كه ته‌رخان بكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا هه‌ولێر ده‌پارێزین، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك پۆندی گه‌وره دروست ده‌كه‌ین و ئاوی باران كۆ ده‌كاته‌وه و سودی گه‌شتیاری و سودی ژینگه‌ییان ده‌بێت بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێر، به‌تایبه‌تی له به‌شی باكور و باكوری ڕۆژهه‌ڵات".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رونیشیكرده‌وه كه "له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا له ساڵی ڕابردودا، ڕه‌زامه‌ندی دراوه له‌سه‌ر دروستكردنی 37 پۆند له هه‌موی هه‌رێمی كوردستان به تێچوی نزیكه‌ی 27 ملیار دینار".
كاروان سه‌باح هه‌ورامی راشیگه‌یاند كه "جگه له‌وه‌ش ڕه‌زامه‌ندی دراوه له‌سه‌ر 4 پۆندی تر كه له قۆناغی ڕه‌زامه‌ندیی داراییدایه. كه‌واته به كۆی گشتی، ساڵی ڕابردو ڕه‌زامه‌ندیی 41 پۆندمان وه‌رگرتوه، به‌شێكیان ئیشیان تێدا ده‌كرێ و تا ئاستی 40% ئیشه‌كانیان جێبه‌جێ كراوه، هه‌ندێكیان ته‌نده‌ریان بۆ كراوه و هه‌ندێكیشیان كێشه‌ی زه‌ویوزاری هه‌یه".