نوێنەری پێشوی یەکێتی لە ئەنقەرە: پشتگیریکردنی پارچه‌کانی تری کوردستان رێگه‌و شێوازی خۆی هه‌یه‌
  2023-04-07       1536       

ئا: ئاوێنە

 

بەهرۆز گەڵاڵی، بەرپرسی پێشوی نوسینگه‌ی یه‌کێتی له‌ تورکیا ڕەخنە لە مامەڵەی یەکێتی دەگرێت لەگەڵ حزبە کوردییەکانی "پارچەکانی تری" کوردستان و ده‌ڵێت، پشتگیری ئەو هێزانە له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ ڕێوشوێنی خۆی هه‌یه‌، ناکرێت به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ره‌چاو نه‌کرێت. داواش ده‌کات یه‌کێتی و حکومه‌تی هه‌رێم گرفتی داخستنی فڕۆکه‌خانه‌ی سلێمانی و کێشه‌کانی تر به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

 

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی پێشوی نوسینگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ تورکیا، به‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای راگه‌یاند، "هۆکاری داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕونه‌، کورد له‌نێو جوگرافیایه‌ک ده‌ژی که ‌به‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێ دابه‌شکراوه‌. یه‌کێتی هێزێک بوه‌ هه‌میشه‌ پشتگیری کوردی پارچه‌کانی تری کردوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئوسوڵ و رێگه‌ی خۆی هه‌یه‌. ناکرێت ئاگات له‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌رو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان نه‌بێت. ده‌بێت کێشه‌کان به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێن."

تورکیا له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌وه‌ گه‌شته‌کانی به‌ڕوی فڕۆکەخانەی سلێمانی داخستوه‌. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا هۆکاری ڕاگرتنی گه‌شته‌کانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ هه‌وڵه‌کانی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌که‌که‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌، گوایه‌ زیادبونی چالاکییه‌کانی په‌که‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی فڕۆکەوانی ده‌کات.

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی وتویەتی"مه‌سه‌له‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ که‌مبونه‌وه‌ی لێکتێگه‌یشتنه‌وه‌ هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ دانیشتن و گفتوگۆی که‌م هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌کێتی و تورکیا پێکه‌وه‌ گفتوگۆ بکه‌ن."

دوێنێ پێنجشەممە، فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاگادارییه‌کی بڵاوکردوه‌ته‌وه‌ و ڕایگه‌یاندوه‌ کە له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکەوانی تورکیایه‌وه‌ هێڵی ئاسمانی تورکیا به‌ڕوی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا تا ڕۆژی 3 ی حەوتی 2023 داخراوه‌.

ئەم داخستنە لە هەمانکاتدا کاریگەری خستوەتە سەر ئەو گەشتانەی کە لەڕێگەی ترانسێتەوە ئەنجام دەدرێن. بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕۆژی پێنجشەممە ئاشکرایکرد، بەھۆی ئەوەی تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕوی سلێمانیدا داخستوە، کۆمپانیای کۆندۆری ئەڵمانی ناتوانێت بەسەر ئاسمانی تورکیادا گەشت بکات بۆ سلێمانی.

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی، به‌رپرسی پێشوی نوسینگه‌ی یه‌کێتی له‌ تورکیا، پێیوایه‌ ئه‌زمونی هه‌رێمی کوردستان له‌ مه‌ترسیدایه‌و نابێت پاساو بدرێته‌ ده‌ست وڵاتانی ده‌وروبه‌ر "زه‌فه‌ر" به‌هه‌رێم به‌رن.

وتوشیەتی"کێشه‌کان په‌یوه‌ندیشیان هه‌یه‌ به‌ خراپی په‌یوه‌ندی نێوان یه‌کێتی و پارتییه‌وه‌. له‌سه‌رده‌می مام جه‌لال دا کار بۆ پرۆسه‌ی ئاشتی و نزیککردنه‌وه‌ی تورکیاو کورد له‌یه‌کتری کراو هه‌وڵه‌کان سه‌رکه‌وتو بون. ده‌بێت یه‌کێتی هه‌وڵی ڕۆڵ بە دروستکردنه‌وه‌ی دیالۆگ بدات، تا کێشه‌کان له‌هه‌رێم دوربخرێنه‌وه‌."

سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، به‌هرۆز گه‌ڵاڵی وتویەتی"له‌ کوردستان ئه‌و هێزو توانایه‌مان نییه‌ بتوانین به‌رانبه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ڕابوه‌ستین. ده‌بێت هه‌وڵی گفتوگۆو دیالۆگ بده‌ین، گه‌رنا ئه‌وان ده‌وڵه‌تن و توانایان هه‌یه‌ ده‌توانن گه‌وره‌ترین کێشه‌ بۆ کورد دروست بکه‌ن. پێویسته‌ هه‌مو هێزه‌ کوردییه‌کان یه‌کگرتو بن و پشتیوانی یه‌ک بن، په‌یوه‌ندییه‌کانیشمان له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر ئاسایی بکه‌ینه‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتوشیەتی"تورکیاو ئێران دراوسێمانن، پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بن و نێوانمان له‌گه‌ڵیان باشبێت."

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی وتوشیەتی"گه‌ر هه‌وڵی جدی بدرێت، هیچ شتێک نییه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت. ده‌توانن له‌گه‌ڵ تورکه‌کان دابنیشن و گوێیان لێبگرن. ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان له‌کوردستان هه‌یه‌، یه‌کێتی شه‌قامی خۆی هه‌یه‌و ده‌بێت ئاگای له‌شه‌قامه‌که‌ی بێت. ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک که‌وتوه‌ته‌ ئه‌ستۆی یه‌کێتی و پارتی. نابێت گرفت بۆ حکومه‌ت دروست بکرێت، ده‌بێت هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان به‌ دیالۆگ بدرێت."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×