مەزڵوم کۆبانێ: ئەمە یەکەمجار نییە تورکیا هەوڵی لەناوبردنم دەدات
  2023-04-09       1379       

ئا: ئاوێنە - ئەلمۆنیتۆر

 

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم کۆبانێ لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئەلمۆنیتۆر ڕایگەیاند "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەر کارێک دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە"، لەکاتێکدا تورکیا خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوو ئامادە دەکات.

 

هاوپەیمانێکی باڵای ئەمەریکا لەشەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی دوپاتی دەکاتەوە کە ڕۆژی هەینی رابردو لەدەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەهەرێمی کوردستانی عێراق کرایە ئامانجی تیرۆرکردن، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەنزیکەوە تەقیەوەو ئاگرێکی بچووکی لێکەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.

بەپێی ئاژانس فرانس پرێس، پێدەچێت تورکیا هێرشەکەی ئەنجامدابێت، هەرچەندە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕەتیانکردووەتەوە هیچ تێوەگلانێکیان لەم کارەدا هەبێت.

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئەلمۆنیتۆر، وتی "بەڵێ، هێرشەکە لە نزیک کاروانێک ڕوویداوە کە دەیانبردین بۆ فڕۆکەخانەکە".

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، کە ناوەندێکی باڵای حوکمڕانییە لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو بەدەست کوردەوەیە، لەگەڵیدا بوو کاتێک فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لەنزیک فڕۆکەخانەکە تەقییەوە.

کۆبانێ هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی بە"هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر عێراق‌و سەروەری خاکی وڵاتەکە" ناوبرد.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا درەنگانێکی هەینی ڕایگەیاند، سێ بەرپرسی سەربازی ئەمریکاش لەکاروانەکەدا بون. پنتاگۆن ڕایگەیاند، هێرشەکان "راستەوخۆ مەترسی لەسەر سەلامەتی کارمەندانی ئەمریکا دروستکردوە"، کە کار بۆ شکستپێهێنانی داعش دەکەن، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردوە کێ بەرپرسیارە.

کۆبانێ ئەوکات بەمەبەستی ئەوەی سواری فڕۆکەیەکی سەر بەسوپای ئەمریکا بێت بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەرەو فڕۆکەخانەکە چوە.

کۆبانێ وتی "بەمەبەستی ئەنجامدانی داڕشنی چوارچێوەی بەرنامەیەکی هاوبەشی هاوپەیمانان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش‌، بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەسلێمانی بوە".

تا کاتی بڵاوبونەوەی ئەم بابەتە کۆشکی سپی‌و وەزارەتی دەرەوە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو روداوە نەداوە، بەڵام پێدەچێت ئیدارەی بایدن بکەوێتە ژێر فشاری توندی کۆنگرێسەوە، کە هەستی دژە تورکیای تیا بەرزە بەهۆی دوژمنایەتی بەرامبەر بەکوردەکانی سوریاو پەیوەندییە ئاساییەکانی لەگەڵ روسیا، بۆ ئەوەی کاردانەوەی توندی هەبێت پاش ئەوەی ئاهەنگەکانی "جەژنی ئیستەر" کۆتایی دێت.

سیناتۆر کریس ڤان هۆلێن

ئەم هێرشە مەترسی لەسەر ژیانی کارمەندانی سەربازی ئەمریکاو هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و ژەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی، هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا لەشەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامیدا دروستکرد. ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە.

دەبێت لێکۆڵینەوەی تەواو هەبێت‌و لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسان بکرێت.

 

لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا تورکیا بەرپرسیارە لەهێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، کۆبانێ ئاماژەی بە بەیاننامەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کرد کە داوا لەئەنقەرە دەکات پۆزش بهێنێتەوەو تورکیا هیچ پاساوێکی یاسایی نەبوە بۆ بەردەوامبوون لە"ترساندنی هاوڵاتیانی مەدەنی بەبیانوی ئەوەی هێزە نەیارو دوژمنکارانەکانی لەسەر خاکی عێراق ئامادەن." پێدەچێت سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژەی بە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا کردبێت بۆ سەر چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە بنکەکانیان لەکوردستانی عێراقە.

پەکەکە لەساڵی ١٩٨٤ەوە یاخیبوونێکی چەکداری لەدژی سوپای تورکیا بۆ ئۆتۆنۆمی کورد دەستپێکردوەو لەلایەن ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپاوە وەک "گروپێکی تیرۆریست"ی دەستنیشانکراوە. ئەنقەرە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە کۆبانێ‌و بەرپرسانی دیکەی کوردی سوریا کە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبەن جیاوازییان لەگەڵ پەکەکەدا نییە، چونکە پێشتر زۆربەیان لەناو ڕیزەکانی یاخیبواندا خزمەتیان کردوەو لەمێژە داوای لە ئەمریکا کردوە کۆتایی بەهاوپەیمانیی لەگەڵ ئەو گروپەدا بهێنێت. تورکیا ئەمەی کردوە بەپاساوو لەساڵی ٢٠١٦ەوە سێ هێرشی بەرفراوانی جیاوازی بۆ سەر هێزەکانی  سوریای دیموکرات ئەنجامداوە، کە بوە هۆی لەدەستدانی عەفرین کە ناوچەیەکی زۆرینە کوردەو بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی هاوسنووری تورکیان.

کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەمجار نییە تورکیا هەوڵی کوشتنی بدات. کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا "پێشتر هەوڵی دەوڵەتی تورکیا هەبووە، دوایینیان ئەو هێرشە بوو کە بارەگای دژە تیرۆری سەر بەهێزەکانمانی لەحەسەکە کردە ئامانج”. ناوبراو ئاماژەی بەهێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەمانگی نۆڤەمبەری رابردودا کردبو بۆ سەر بنکەیەک کە بەهاوبەشی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌ بەسەرۆکایەتی ئەمریکا بەکاردەهێنرێت، کە کۆبانێ لەگەڵ بەرپرسانی بیانی‌و میدیا نێودەوڵەتییەکان کۆبونەوەی تیا ئەنجام دابو.

کۆبانێ لەدرێژەی قسەکانیدا وتی "تورکیا پلانی هەیە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەو دەستدرێژیکردنە سەر ئاسایشی وڵاتەکەی‌و دروستکردنی پشێوی بەردەوام”. ئەو پێشبینیشی کرد کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەئەنقەست ململانێ‌و شەڕ بنێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات تا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەڕێگەی کۆکردنەوەی دەنگی نەتەوەپەرستەکانی تورکەوە پێش هەڵبژاردنەکان کەوا بڕیارە لە 14ی ئایاردا بەڕێوەبچێت، کۆبانێ دەڵێت "ئەردۆغان هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگاتەوە بەدەسەڵات". ئاماژەی بەوەش کرد "تورکیا بەردەوام هەر دەرفەتێک دەقۆزێتەوە بۆ لێدان لەهاوبەشیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا." کۆبانێ وتی "کردەوەکانی تورکیا نەیتوانیوە ئیرادەی ئەو بۆ بەردەوام بون لەسەر هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکاو شەڕی هێزەکانی سوریای دیموکرات دژی جیهادییەکان تێکبشکێنێت".

کۆبانێ چەندین جار پاگەندەکانی ئەنقەرەی رەتکردوەتەوە کە گروپەکەی هیچ مەترسییەک بۆ سەر تورکیا دروست بکات‌و ئەوەش رەتدەکاتەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات تەقەیان لەهێزەکانی تورکیا کردبێت لەودیو سنوورەوە یان لەناوخۆی سوریادا، تەنها لەو کاتانەدا نەبێت کە هێرشیان کراوەتە سەر. هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی لەگەڵ پەکەکەشدا هەبێت، هەرچەندە سەرۆکی زیندانیکراوی چەکدارەکان، عەبدوڵڵا ئۆجالان، لەلایەن پشتیوانانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێزی لێدەگیرێت. هێزەکانی سوریای دیموکرات بەوردی ئاگادارە کە هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە لەدژی تورکیا کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە، هاوبەشییەکەی لەگەڵ ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.

لە تویتێکدا کۆبانێ ڕایگەیاند "بەتوندی ئیدانەی بەئامانجگرتنی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكەین لەلایەن توركیاوە". تویتەکە لەوەڵامی لێدوانێکی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، کە دوەمین پارتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان‌و دەڤەری سلێمانی کۆنتڕۆڵ دەکات. تاڵەبانی وتی "کردەی تاوانکاری‌و بەزاندنی سنووری هەرێم‌و عێراق بەچاوساغی‌و رێنیشاندانی لایەن‌و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییەو مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە". رەنگە تاڵەبانی ئاماژەی بەپارتی دیموکراتی کوردستانی ڕکەبەری کردبێت، کە باڵادەستە لەبەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانداو پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تورکیا هەیە.

پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان‌و واشنتۆن لەم دواییانەدا گرژی تێکەوت بەهۆی ئەو رەخنانەوە کە ئاڕاستەی خراپی رەوشی مافی مرۆڤ کرا لەسایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەرباری ئەوەش، پێناچێ پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە کە تا ئێستاش بەگرنگییەوە پشتیوانیی لەهێزی پێشمەرگە دەکات‌و ژیانی کارمەندانی سەربازیی ئەمریکا بخاتە مەترسییەوە لەڕێگەی پێدانی ئەو جۆرە زانیارییە هەواڵگرییانەوە بەتورکیا، بەو پێیەی باش دەزانێت کە ئەگەری هەیە تورکیا کاری لەسەری بکات .

نیازخراپی زیاتری تورکیا پشتی بەحساباتی ئەنقەرە بەستوە بەو پێیەی دەتوانێت خۆی لەسزادان دەرباز بکات. شەڕی ئۆکرانیا بایەخی ستراتیژی تورکیای بەرزکردووەتەوەو پێدەچێت دورخستنەوەی ئەنقەرە لەخولگەی کرێملین، بەلای ئەمەریکاوە زۆر گرنگتر بێت لەمەترسی‌و نیگەرانییەکانی واشنتۆن لەسەلامەتی هاوپەیمانەکانی لەهێزەکانی سوریای دیموکرات.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لەبەیاننامەیەکی توندا کە تیایدا هاتووە "پیلانێکی هەواڵگری و سیخوڕی پێشوەخت جێبەجێکراو، بووە هۆی هێرشکردنە سەر (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی)، هاوتای ناردنی هێزێکی داگیرکەر بۆ ناو هەرێمی کوردستان، لێرەوە بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین. ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرامبەر بەم تاوانە هەڵسوکەوت بکەن‌و بەدواداچوون بکەن‌و خۆیان لەم تاوانە بەدوور بگرن نەک کوێرانە پاساوی بۆ بهێننەوە، بەڵام وەک لەڕابردوودا کەمایەتییەکی خۆسەپێن لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان کە پەیوەندی تایبەت‌و نهێنییان هەیەو حکومەت‌و دامودەزگاکانی بەکاردەهێنن بۆ خزمەتکردن بەدەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان‌و پارێزگای سلێمانی".

بە دڵنیاییەوە ئەو بەیاننامەیە گرژییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر دەکات، کە هاوینی ڕابردو بەهۆی پێداگری پارتییەوە سەریهەڵدا سەبارەت بەوەی یەکێتی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستاندا تاوانی کوشتنی  ئەنجامداوە بەرامبەر بەدو بەرپرسی هەواڵگریی کە لەدژە تیرۆری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جیابونەتەوە. چەندین سەرچاوەی هەرێمیی کە پەیوەندی باشیان بەتۆڕی هەواڵگرییەوە هەیەو بۆ ئەلمۆنیتۆر دواون‌و نەیانویستوە ناوو شوناسیان ئاشکرا بکرێت پێشبینی ئەوە دەکەن بەرپرسانی دژەتیرۆری "یەکێتی" CTG کە ناڕازین لەشێوازی توندی بافل تاڵەبانی، ئەنقەرەیان لەبونی کۆبانێ لەسلێمانی ئاگادار کردبێتەوە.

تاڵەبانی کە دۆستایەتی خۆی لەگەڵ سەرکردە جەماوەرییەکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرا کردوە، لەگەڵ ئەنقەرە لەوپەڕی گرژیدایە بەهۆی پاڵپشتیکردنی نەک تەنها بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڵکو بۆ پارتی کرێکارانی کوردستانیش.

هەفتەی ڕابردوو تورکیا قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ماوەی سێ مانگ بەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانیدا سەپاند، بەهۆی ئەوەی وەک وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پاگەندەی بۆ دەکات گوایە "لەلایەن پەکەکەوە بەکاردەهێنرێت". ئیبراهیم کالین، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا هەفتەی ڕابردوو لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی تۆمەتی ئەوەی خستەڕوو کە "پەکەکە لەسلێمانی بونێکی بەهێزی هەیە"و وتی "تورکیا چاو لەمە داناخات".

لەهەوڵێکدا بۆپاراستنی تاڵەبانی، هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەرەتادا ڕەتیکردەوە کە کۆبانێ لەسلێمانی بێت‌و بەهەواڵی ساختە ناوی برد. بەڵام دواتر فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند "ئەو نکوڵی لێکردنە هەنگاوێکی بەئەنقەست بووە بۆ دڵنیابون لەوەی کە کۆبانێ بەسەلامەتی بگەڕێتەوە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا". شامی لەتویتێکدا نوسیویەتی "لەچوارچێوەی کاردانەوەی ئەمنی کتوپڕمان کە پەیوەندی بەسەلامەتی فەرماندەیی هێزەکانمانەوە هەبو، بەئەنقەست بڵاوکردنەوەی زانیاریمان لەسەر هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی سنوردار کرد، کە فەرماندەی گشتیمان [مەزڵوم کۆبانێ] لەوێ ئامادەبو".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×