"بەغداو هەولێر بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت گەیشتونەتە چارەسەر"
  2023-04-17       1177       

ئا: ئاوێنە

 

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەوە بڵاویكردۆتەوە، حكومەتی عێراق  و حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتونەتە چارەسەر لەبارەی پرسە تەكنیكییە پێویستەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوەو سبەینێش مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەبارەی چەند پرسێك لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوت كۆدەبێتەوە كە یەكێكیان میكانیزمی دانەوەی قەرزەكانی ئەو كۆمپانیا جیهانیانەیە.

 

دو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان وتوە، بەغداو هەولێر لەگەڵ ئەوەی رۆژی 4ی نیسان رێككەوتنێكی كاتییان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئیمزاكرد، بەڵام دانوستانەكانی نێوانیان بەردەوام بون لەسەر پرسە تەكنیكییەكان بەرلەوەی قسە لەگەڵ توركیا بكەن.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو پرسە تەنكنیكییانەی گفتوگۆیان لەسەر كردون، پرسی فرۆشتن و نرخی نەوتی هەرێم و ئەو شوێنانە بوە كە نەوتەكەی بۆ رەوانە دەكرێت.

چوار سەرچاوە بە رۆیتەرزیان وتوە، بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر، كۆمپانیای سۆمۆ بەگوێرەی بریكارنامەیەكی رەسمی گرێبەست لەگەڵ بازرگانانی نەوت ئیمزادەكات و نەوتی هەرێمی كوردستانیش بەرەو ئاسیا رەوانە دەكرێت و نرخەكەشی هاوتای نرخی رەسمی فرۆشتنی نەوتی كەركوك دەبێت.

دو سەرچاوەی دیكە بە رۆیتەرزیان وتوە، كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوت بانگهێشت كراون بۆ ئامادەبون لە كۆبونەوەیەك لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە سەرلەبەیانی سبەینێ سێشەممە بەڕێوەبچێت.

یەكێك لەو سەرچاوانە وتویەتی، لە گفتوگۆكانی كۆبونەوەكەی سبەینێدا تاوتوێی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، مەرج و بڕیارەكانی نرخی فرۆشتنی نەوتی خاو لەڕێگەی سۆمۆوە، میكانیزمی پێشنیاركراو بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوت و پشكی ئەو كۆمپانیایانە لە فرۆشی هەناردەی نەوت لە ئایندەدا، دەكرێت.

رۆیتەرز نوسیویەتی، لەگەڵ ئەوەش هێشتا وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دیار نییە. یەكێك لە سەرچاوەكان لەوبارەیەوە وتویەتی، هێشتا تۆپەكە لە یاریگای توركیادایە.

بەپێی هەواڵێكی پێشتری رۆیتەرز، توركیا لە هەوڵی دانوستاندایە لەگەڵ بەغدا لەبارەی ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی كە بەپێی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی دەبێت ئەنقەرە وەك قەرەبو بیداتە عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×