چۆن کلیچدار ئۆگلو لەدەنگدانەکە لەپێشەوە بوو، بەڵام ئەردۆگان لەجیاکردنەوەی دەنگەکاندا پێشیکەوت؟
  2023-05-21       1816       

نوسینی :  تورگوت ئۆگڵو شرۆڤەکاری سیاسی تورک   - چوارشەممە ١٧ مەی ٢٠٢٣.
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە :  خالید مەجید فەرج

 

هەموو داتاکان ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەر هاوپەیمانییەتی ئۆپۆزیسیۆن پارێزگاری لە سندووقەکانی دەنگدان لە جەولەی دووەمدا نەکەن ئەوە بەدڵنیایییەوە سەرۆکی ئێستا (واتا ئەردۆگان) دەیباتەوە.

 

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو (١٤ی مایس)، ملیۆنەها دەنگدەر لە هەموو جێیەکی تورکیا ڕوویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی.بەڵام هیچ کام لەو پاڵێوراوانە نەیانتوانی نیسابی قانوونی پێویست لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە نزیکەی ٥٥ ملیۆن دەنگدەر تێیدا بەشدار بوون بەدەست بهێنین.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان (YSK) ڕای گەیاند کە لە نێوان پاڵێوراوانیدا بۆ سەرۆکایەتی، سەرۆک و ڕابەری حیزبی داد و گەشەپێدان ڕەجەب تەییب ئەردۆگان ٤٩،٣٥% دەنگەکانی هێناوە، بەڵام ڕکابەرەکەی کەمال کلیچدار ئۆگلو ٤٥% دەنگەکانی هێناوە.
ڕێگەم پێ بدەن با ئەوەی کە دەمەوێت لە کۆتاییدا بیڵێم هەر لە سەرەتاوە بیدرکێنم.
ئێمە وامان چاوەڕوان دەکرد کە پاڵێوراوی هاوپەیمانییەتی ئوممە، سەرۆکی حیزبی گەلی جەمهوری کەمال کلیچدار ئۆغلو، بردنەوەیەکی ئیسراحەت بەدەست بهێنێت، ئەوە ڕووی نەدا، بەڵام سەرۆک ئەردۆگانی ڕکابەریش نەیبردەوە. هەروەها ئەو پلانەی کە ئەردۆگان دای ڕشتبوو بۆ ئاژاوەگێڕی لە حاڵی بردنەوەی کلیچداری ڕکابەری ئەویش هەڵپەسێررا.
دەمویست ئەم وتارە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بنێرم بۆ بڵاوکردنەوە، بەڵام کاتێک کە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی کتوپڕ داتاکانیان گۆڕی، هەستم کرد کە پێویستیم زیاتر بە لێکۆڵینەوە و گەڕانە بە دیوی ئەو دیوی ڕووداوەکاندا.
لە ڕوانگەی گەران و پشکنینەکانم دا ئێستا دەتوانم زۆر بە سانایی تەئکید لەسەر ئەوە بکەم کە کلیچدار لەسەر ئەرزی واقیع و لە سندووقەکانی دەنگدان دا براوەی هەڵبژاردنەکان بوو، بەڵام هاوپەیمانییەتی ئوممە، بەتایبەتیش حیزبی گەلی جەمهوری، نەیانتوانی پارێزگاری لە سندوقەکانی دەنگدانی خۆیان بکەن، بەوەش توانرا ڕێگە لە بردنەوەی کلیچدار ئۆگلو بە دەستتێوەردان لە هەڵبژاردنەکان لەناو ڕاڕەوکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردندا بگیرێت.
بانگ لە بێ گیان ناکرێت
بەڵێ، جیاوازییەکی گەورە نەبوو، بەڵام بەپێی داتاکانی نزیکەی ٦٠% سندووقەکان کە کرابوونەوە، کەمال کلیچدار ئۆگلو لەپێشەوە بوو.
لە وتارەکانی پێش هەڵبژاردندا بردنەوەی (کلیچدار ئۆگلو)م بە پارێزگاریکردن لە سندووقەکانی دەنگدانەوە بەستبووەوە (واتا ئەو سندووقانەی کە ئەوە دەنگی زۆرینەی تێدا بەدەست دەهێنێت .. وەرگێڕ).
ئۆغڵو کاتێک بە خۆی زانی کار لە کار ترازابوو، جێگری حیزبی گەلی جەمهوری (ئونورسال ئەدغوزال) کە تورکیا هەموو سندووقەکانی دەنگدان بوو لەسەر ئاستی تورکیا لە کار خست.
لە واقیعدا پێش هەڵبژاردنەکان ئاگاداری زۆرمان بە نهێنی و بەئاشکرا بۆ لەکارخستنی ئەو زاتە ئاراستەکردن، "بەڵام ئایا قسە لەگەڵ مردوو دەکرێت".
ڕەنگە یەکێک بڵێت "باشە بۆ چی دەتانویست لە کار بخرێت؟".
هۆکارەکە ئەوە بوو ئەو زاتە، کە ئەرکی هەڵبژاردنەکان و سیستەمی لێشاوی هاتنی داتاکانی لەسەر شان بوو، پەیوەندییەکی توند و تۆڵ دەیبەستێتەوە بە ئەردۆگانەوە لەڕێگەی نزیکی زاواکانییەوە لە حکومەتەوە.
دەستی قەدەریش وای کردووە کە تورکیا لە پێشوو و لە ئێستاشدا بەدەست ڕابیتەی ژن و ژن خوازییەوە بناڵێنێت.بە فیعلیش هاوپەیمانییەتی ئوممە باجێکی گرانی لە بە کەم تێڕوانینی ئەو پەیوەندییەدا دا.
هاوپەیمانییەتی ئوممە - پشت بەو زانیارییانەی کە ئەو کەسە دەیدانێ- ڕای گەیاند کە ٥٠٠ هەزار نوێنەری ئامادەباشی هەیە بۆ کارکردن لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەدا بۆ پاراستنی سندووقەکانی هەڵبژاردن، ئەو تەسریحە لە ناوەندە ڕاگەیاندنە عەرەبییەکانیشدا دەنگی دابووەوە.
بۆ بەدبەختی دوای هەڵبژاردنەکان پێمان زانی کە ٢٠ هەزار سندووق هیچ نوێنەرێکی حیزبی گەلی جەمهوری(CHP)  لەسەر نەبووە. لەوەش قەباعەتتر ئەو کەسە دەیگوت" ئێمە سیستەم و داتای تایبەت بە خۆمان هەیە".ئێستا دەزانین کە سیستەمی داتاکان هەرەسی هێنابوو.
بە هەر حاڵ، پێش هەڵبژاردنەکان، زۆر لەو کەسانەی کە شارەزای چۆنیەتی بەڕێوە بردنی ئەو پرۆسانەن ئاگاداری ئەوەیان دابوو، کە دەبێت کارێک لەو جۆرە بدرێت بە کۆمپانیایەکی پیشەیی (موحتەریف) کە بە پارە کار دەکات نەک بدرێت بە خەڵکی خۆبەخش.
ئەسپە تەروادەکەی دیکە (تونجای ئۆزگانە)، کە جێگرە لە حیزبدا و گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکەکەیەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕاگەیاندنی حیزبە، لە هەمان کاتیشدا خاوەنی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و ئاژانسی دەنگوباسی (ANKA)یە کە هاوپەیمانییەتی ئوممە گرێبەستی لەگەڵدا کردووە، مخابن لەدوایدا دەرکەوت کە پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ ڕژێمی ئەردۆگاندا هەیە.
ئۆزگان ١٥ ساڵ لەمەو بەر کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی بەناوی (Kanaltürk) لەبەر هۆکاری دارایی دەفرۆشێت بە سەرمایەدارێکی دیکە و ئەو سەفقەیە بەبێ کێشە تەواو دەبێت، بەڵام پاش چەند ساڵ حکومەتی ئەردۆگان بەهۆی کێشەی سیاسییەوە لەگەڵ خاوەنە نوێیەکەیدا دەست دەخاتە کاروباری ئیدارەی کەناڵەکەوە، ئۆزگانیش لەلای خۆیەوە داوایەک بەرز دەکاتەوە بۆ دادگا تێیدا دەڵێت گوایە ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنییەی ١٥ ساڵ لەمەوبەر خاوەنی بووە، فرۆشتووە تووشی زیان هاتووە.پێش هەڵبژاردنەکان، دادگا بڕیاری ٩٥ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو لە بەرژەوەندی ئۆزگان دەدات.
مرۆڤ ناتوانێت نەپرسێت "چۆن ئەو دادگایانەی کە لەبن دەستی (ئەردۆگان) دان بڕیارێکی ئاوا لە بەرژەوەندی بەرپرسێکی باڵای حیزبێکی ڕکابەر دەردەکەن؟"(واتا ڕکابەری حیزبەکەی ئەردۆگان ..وەرگێڕ) دوای ئەوەی کە ئۆزگان دەستی سەرۆک حیزبەکەی بڕی، دەرکەوت کە ئەو ٩٥ ملیۆن دۆلارە نرخێک بوو کە پێشەکی لەو هەڵبژاردنانەدا درابوو.
ئەمە وێنە ڕاستەقینەکەی ئەو دوو کەسایەتییە، کە ئەمانەتی سندووقەکانی هەڵبژاردن و سیستەمی داتاکانیان لەلایەن هاوپەیمانییەتی ئوممەی ئۆپۆزیسیۆنەوە پێ سپێررابوو.بەو شێوەیە کەمال کلیچدار ئۆگلو خەڵەتێنرا و هەرچەندیشە بەپێی سندووقەکانی دەنگدان لەپێشەوە بوو بەڵام نەهێڵرا بیباتەوە.
بۆ چی ئەردۆگان بێ خەم بوو؟
دیارە ئەوانەی دەپرسن "بۆ چی ئەردۆگان تا ئەو ڕادەیە بێ خەمە؟" لەسەر هەق بوون. چۆن دەنگەکان دزرا و یاری پێکرا؟
ئەمە ژمارە فەرمییەکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانن (YSK) پێش گۆڕینیان، کە لە هەموو کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنەوە بڵاو کرایەوە.
ڕۆژی هەڵبژاردنەکە کاتژمێر ١٩:٥٠، ٣٣٢٥٩ سندووق کە دەکاتە (١٨%) کرابوونەوە. لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕای گەیاند کە کلیچدار ئوغڵو نزیکەی ٤٩% دەنگەکانی بەدەست هێناوە لەبەرامبەر ٤٥% بۆ ئەردۆگان.
کاتژمێر ٢٣:٠٠ نزیکەی ٦٠% دەنگەکان فەرز کرابوون، ٤٨% بۆ کەمال کلیچدار ئۆغلو و ٤٦% بۆ ئەردۆگان بوو.بەپێی داتاکانی لیژنەکە، تا ئەو ساتە نزیکەی ٨ ملیۆن دەنگ لە شارە گەورەکان کە کلیچدار ئۆغلو تێیاندا لە پێشەنگدا بوو هێشتا نەخرابوونە ناو سیستەمەکەوە.
کاتژمێر ٢٣:١٥، لەپڕ لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان داتاکانی خۆی گۆڕی، دەنگەکانی ئەردۆگان بەرزبوونەوە بۆ ٤٩% و دەنگەکانی کلیچدار ئۆغلو دابەزین بۆ ٤٥%..
هەر ڕێک لەو کاتەدا، سیستەمی حیزبی گەلی جەمهوری ( حیزبەکەی کلیچدار ئۆگلو)، کە لەڕێگەی ئاژانسی (ANKA) بۆ دەنگ و باس داتاکانی پێ دەگەیشت ئیدی هیچی بۆ نەدەهات.لە هەمان کاتدا ئاژانسی "ئانادۆڵ"، کە تا وەکوو ئەو کاتە داتای وردی نەدابوو دەستی کرد بە بڵاو کردنەوەی داتاکان.
ئێستا داواتان لێ دەکەم ڕێگەم پێ بدەن کە ڕاستییەکی سەرنج ڕاکێشتان بخەمە بەردەم ، ئایا دەزانن لە کوێوە ئاژانسی "ئەنادۆڵ"ی فەرمی هەواڵەکان داتا فەرمییەکانی چنگ دەکەوت؟
زۆر باشە ڕەنگە باوەڕ نەکەن، بەڵام ئەوە هەقیقەتە، ئەو ئاژانسە داتاکانی لە حیزبی داد و گەشەپێدانەوە وەردەگرت.
ئەمە شانۆگەرییەکەیە بەدیاری کراوی.
گریمانەی باوەڕکردنم بەو ئاکامانە زۆر کەمترە لە گریمانەی باوەڕکردنم بەوەی کە زەوی تەختە. لە واقیعدا. سیناریۆی مەنتیقی و شیکاری سیاسی گونجاو ئەوەیە کە کەمال کلیچدار ئۆغلۆ ڕێژەی ٥٠% دا تێ بپەڕێنێت و بەردەوام بێت لە هەڵچووندا بەرەو ژوور.بۆیە شتانێک ڕوویاندا و وێنەکە سەرە و ژوور بووەوە.
یارییەکی دیکەی حیزبی داد و گەشە پێدان لە ناوچەی بوومەلەرزەکە بەڕێوە چوو.لە ساڵی ٢٠١٨ وە بەپێی داتا فەرمییەکانی دەوڵەت، ژمارەی دەنگدەرە نوێیەکان لە ناوچەکانی بوومەلەرزە پێش ڕوودانی گەیشتبووە ٥٤٧ دەنگدەر.
تاقی کردنەوەی دواین فرسەت
دوای ڕوودانی بوومە لەرزە لەو دە پارێزگایەدا و مردنی ٥٠ هەزار کەس هەروەها هەزارەها بێسەروشوێن و ناچار بوونی سێ یەکی دانیشتووانی ناوچەکە کە ئاوارەی شارەکانی دیکە ببن.لەپڕ داتاکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان لەو شەودا گۆڕان.٨٠٠ هەزار دەنگدەری نوێ لە ناوچەی بوومەلەرزەکە دەنگیان دا، چۆن ئەو ژمارەیە لە ٥٤٧ هەزارەوە گۆڕا بۆ ٨٠٠ هەزار دەنگدەر سەرەڕای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرە و ئەو ژمارە زۆرەی مردن و ئاوارە بووان.
ئەمە جێگەی سەرنج و گرنگی پێدانە وا نییە؟
لە لایەکی دیکەوە، حیزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی، کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی هاوپەیمانییەتی حاکم و دوو فێستیڤاڵی هەڵبژاردنی ڕێک خستبوو تەنیا ١٠% دەنگەکانی بەدەست هێنابوو.
لە شارۆچکەی نوسەیبین، ٢٢٥ دەنگ کە بۆ هاوپەیمانییەتی ئوممە درابوو گۆڕان بۆ بەرژەوەندی هاوپەیمانییەتی جەماوەر.لەوێ چەندین مەحزەری ئامادەکراو کە پێشتر لە بەرژەوەندی هاوپەیمانییەتی حاکم ئامادە کرابوون ئاشکرا بوون.هەموو ئەو داتایانە ئاماژە بەوە دەدەن کە هاوپەیمانییەتی ئوممەی ئۆپۆزیسیۆن ئەگەر پارێزگاری لە سندووقەکانی دەنگدان و دەنگەکان لە جەولەی دووەمیشدا نەکات، بێگومان ئەردۆگان دەیباتەوە.
بە دووری نازانم کە هاوپەیمانییەتی حاکم پەنا بۆ ڕێگەی ترسناک ببات بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکانی جەماوەر.بۆ نموونە ئەگەر هەواڵی شەهیدان و ڕووداوەکانی تەقینەوەمان بیست بۆ ڕاکێشانی دەنگی دەنگدەرە نەتەوەیییەکان و محافز کارەکان لە ئۆپۆزیسیۆندا ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراوە و غەریب نابێت.
کاتێک کە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ئیستەنبوڵ دووبارە کرایەوە، ئەکرەم ئۆغڵو ڕێژەی ٤٨% دەنگەکانی هێنابوو، زۆرینەی ئەنجوومەنی شارەوانی لە دەستی حیزبی داد و گەشەپێداندا بوو، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن یەکیان گرت و ڕێژەی بەشدار بوون زیادی کرد و ئیمام ئۆگلو بە ڕێژەی ٥٤% بردییەوە.
لەم هەڵبژاردنانەدا ڕێژەی ١٢% ی دەنگدەران لە جەولەی یەکەمدا نەچوون بۆ دەنگدان و ١% ی دەنگەکانیش لەبەر هۆی تەکنیکی پووچەڵ کرانەوە و٦%ی دەنگدەرانیش دەنگیان بۆ پاڵێوراوی سێیەم و چوارەم داوە.
کۆی گشتی ئەوە دەکات ١٩ خاڵ، ئەگەر کلیچدار سەرکەوتوو بوو لە قەناعەت پێ هێنانی ١% ی ئەم توێژە و توانی پارێزگاری لە دەنگەکانیان بکات.فرسەتی بردنەوەی دەبێت.شتێکی دیکەش هەیە کە نابێت لە بیری بکەین ئەویش ئەوەیە بۆ یەکەم جارە کە حیزبی داد و گەشە پێدان سەرکەوتوو نابێت لە بەدەست هێنانی نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان و١٠% دەنگەکانی لە دەست دەدات.بۆیە ئێستا و بەردەوامیش هەر پێویستی بە پشتیوانی حیزبەکانی دیکە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەبێت کە ٦٠٠ ئەندام لە خۆ دەگرێت.

       
+ سەرچاوە ماڵپەڕی INDEPENDENT ی عەرەبی

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×