وەزیری سامانە سروشتییەكان: بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت تەنیا وەڵامی توركیا ماوە
  2023-05-23       279       

كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بەوەكالەت رایگەیاند، سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بەرەو چارەسەر دەڕۆن و بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش تەنیا لایەنی توركیا ماوە.

ئاوێنە: كەمال محەمەد، كە هاوكات وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستانیشە، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازیكرد لە تۆركیلد بیوگ، نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق و بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەكانی یەكێتییەكە لە هەولێر.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبا، لە دیدارێكدا باسیان لە هەنگاوەكانی پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خاوێن و وزە نوێبوەكان و دانانی وێستگەی بارگاویكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبای لە هەرێم كرد.

وەزیری كارەبا رایگەیاند، لە كابینەی نۆیەمدا، 1928 مێگاوات كارەبا بە شێوازی ژینگەپارێزی بەرهەم دەهێنرێت و دەکاتە رێژەی لە 79%ی سەرجەم بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستاندا و ئامادەیی وەزارەتی كارەباشی بۆ پێدانی مۆڵەت و كارئاسانی بۆ ئەو كەسانەی پیشاندا کە دەیانەوێت وێستگەی بارگراویكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە شارەكانی كوردستان دابمەزرێنن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تەوەرێكی دیکەی كۆبونەوەكە تایبەت بو بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دۆسیەی نەوت و دەستپێكردنەوەی هەناردنەكردنی نەوتی هەرێم.

لەوبارەیەوە وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای لەسەر دۆسێی نەوت بەرز نرخاند و وتی، سەرجەم کێشەکانی نێوان هەردو لا بەرەو چارەسەربون دەڕۆن و تەنیا لایەنی توركیا ماوە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بدات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×