پارتی چەپی سەوزو هەدەپە دوایین هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیا راگەیاند
  2023-05-25       524       

پارتی چەپی سەوز و هەدەپە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دەردەبڕن و دەڵێن، 28ی ئەم مانگە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی تورکیادا لە دژی دەسەڵاتداری رەجەب تەیب ئەردۆگان دەنگ دەدەن.

ئاوێنە: پەروین بوڵدان و مەتحەت سنجار، هاوسەرۆکی هەدەپە و وتەبێژی پارتی چەپی سەوز ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا راگەیاند.
 
پەروین بوڵدان لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "لەبەردەم تێگەیشتن و پێکهاتەیەکی تۆتالیتاری و لایەنگری دەسەڵاتداین کە وردە وردە لە ماوەی 21 ساڵدا سیستەمێکی تاک کەسی بنیات ناوە، هەر بۆیە هەڵبژاردنی خولی دوەم ڕیفراندۆمێکە لە نێوان ئەوانەی پشتیوانی لە گۆڕینی دیموکراسی دەکەن بەرامبەر بە سیستەم و ئەوانەی دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە بپارێزن".

بوڵدان بە ئاماژەدان بە پرۆتۆکۆڵی نێوان کلچدارئۆغڵو و ئۆزداغ کە باس لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەەکەی خۆیان دەکات و وتی، "ئێمە لەو چوارچێوەیەدا ئەو پرۆتۆکۆڵەمان هەڵسەنگاند کە لە نێوان پارتی سەرکەوتن و جەهەپە واژۆکراوە و ڕەخنەکانمان لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش کرد، ئامانجی سەرەکی خەباتی ئێمە و سیاسەتی ڕێگای سێهەممان ئەوەیە کە رێگری بکەین لە دەرکردنی پەنابەرەکان لە تورکیا".


ئەوەشی خستەڕو، "تەنها بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری و ئازادی دەتوانن لە دژی سیاسەتەکانی هاوپەیمانی گەل بوەستن، ئەو دەسەڵاتە ئەهریمەنییەی ئێستا کە ئەردۆگان و هاوکارەکانی دروستیان کردوە، ڕەگی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەیە کە ئەزمونی دەکەین".

بوڵدان وتیشی، "ئەوەی لە هەڵبژاردنی 28ی ئایاردا دەنگی لەسەر دەدرێت ئەوەیە کە ئایا ئەم دەسەڵاتە ئەهریمەنییە بەردەوام دەبێت یان نا؟ ئامانجمان بنیاتنانی دەسەڵاتێکی ئازاد و دیموکراسی و دادپەروەر و دور لە هەڵاواردنە، کە خەڵک بتوانن بەشداری حکومەت بکەن، پێویستە جارێکی تر ئەوە ڕابگەیەنین کە ڕونە کە ڕژێمی ئەردۆگان ناتوانێت ئەو چاوەڕوانی و داواکاریانە بەدیبهێنێت، لە ئایندەدا گەورەترین بەربەست لەبەردەم بەدیهێنانی ئەو داواکاریانە دیسان ئەردۆگان و خودی ئەم دەسەڵاتە دەبێت".

هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت، "ئەردۆگان هەرگیز بۆ ئێمە بژاردە نییە و تاکە بژاردە گۆڕینی ئەو و ئەو حکومەتەیە کە نوێنەرایەتی دەکات، ئێمە ئەو هیوایە بەرزدەکەینەوە کە بتوانین پێکەوە لەگەڵ ملیۆنان کەس لە 28ی ئایاردا سەرکەوتو بین، هەروەها بتوانین ڕەوتی مێژو بە ئاراستەی گۆڕانکاری دیموکراسیدا بگۆڕین".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×