شاخەوان عەبدوڵا: دەستكاری پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکرێت، رێگە بە کۆبونەوە نادەین
  2023-05-25       279       

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵی دەستکاریکردنی مادەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت کە پەیوەندی بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و ئەوانیش رێگە بە دەستکارییەکە نادەن.

 ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە روداوی وت''ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەستکاری بکرێت، رێگە بە کۆبونەوە نادەین''.

 شاخەوان عەبدوڵا لەبارەی کاتی گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق وتی، گەنگەشەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن و لیژنەی دارایی لە کارەکانی خۆی تەواو نەبوەو لە مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجەدا تەنیا مادەی 13و 14 ماون، پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكرد، هەوڵی دەستکاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دەدرێت، ''بەڵام ئێمە رێگە بە دەستکاری نادەین، چونکە ئەمە بەرهەمی گفتوگۆی نێوان دو حکومەتە لە ماوەی چەند مانگێکدا، زۆر بە راشکاوانەش لە کۆبونەوەدا پێموتون؛ دەکرێت هەندێک مادە دەستکاری بکرێت، بەڵام ئەم دو مادەیە پێش ئەوەی بابەتێکی دارایی بن، رەهەندێکی سیاسییان هەیە''.

 

بەوتەی شاخەوان عەبدوڵا، هەندێک لە پەرلەمانتاران کۆمەڵێک پێشنیازیان خستوەتەڕو بۆ ئەوەی دو مادەکان هەموار بکرێنەوە، بەڵام پێشنیازەکانیان رەتکردوەتەوە، وتیشی''ئەگەر رێککەوتن لەسەر هەردو مادەکەی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بکرێت، پێموایە لە یەک دو رۆژی داهاتودا پرۆسەکە تەواودەبێت''.

 شەوی رابردو، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی کرد و دوای تەواوبونی کۆبونەوەکە، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پرۆژەیاسای بودجە لە دوایین کارەکانیدایە، "لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەیە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) پرۆژەیاسای بودجە بداتە پەرلەمان".

 سەبارەت بە وادەی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی "پەنا بەخوا رۆژی شەممە پەرلەمان دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە دەدات".

 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەگەر ناکۆکییەکان لەسەر مادەی 13 و 14 تەواو نەبن ''رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، ئەم بابەتە دەبێت پێشتر یەکلایی بکرێتەوە، پەرلەمان جێگەی یەکلاییکردنەوەی ئەم بابەتانە نییەو ئەگەر ناکۆکییەکیش لەنێوان هێزە سیاسییەکان لەوبارەوە هەبێت، دەبێ پێش دانیشتنی پەرلەمان، چارەسەر بکرێت''.

 

شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە مادەی 12دا باسکراوەو ئەو مادەیەش تێپەڕێندراوە، ''بەهیچ شێوەیەک دەستکاری نەکراوە، بەڵام هاتون هەندێک بڕگەی دیکەیان زیاد کردوە، بۆ نمونە پێنج بڕگەیان بۆ مادەی 14 زیادکردوە، کە پێچەوانەی دەستورەو پێچەوانەی رۆحی رێککەوتنە''.

 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق یەکێک لە بڕگەکان کە بۆ مادەی 14 زیادکراوە بە نمونە دێنێتەوە کە ''ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان نەفرۆشرێت، لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت''، کە وەک خۆی دەڵێت، ئەمە پێچەوانەی دەستورو یاسا و رێککەوتنە و بەشێک لە شیعەکانیش دژ بەو بڕگەیەن.

  

 

 

زۆرترین بینراو
شاندێکی ئێران لە سلێمانی چونە ناو کەمپی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە
بنەماڵەی وەستا حەسەنی كەبابچی باس لە روداوی كوژرانی كوڕەكەیان دەكەن
عەلی باپیر: ئومێدم نەماوە بەرپرسانی گەندەڵ و پۆخەڵی ئەم هەرێمە بتوانن چاك ببن
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: قه‌یس خه‌زعه‌لی به‌ڵێنیدا ببێته‌ زمانحاڵ و به‌رگریكاری فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم
شاڵاو عەلی عەسکەری: کۆدەنگی لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەیە
ته‌لار له‌تیف: زیاتر له‌ 200 ئه‌ندامى كۆنگره‌ پێشنیاریان داوه‌ته‌ لیژنه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ
بەرهەم مستەفا: مامۆستایان تەنها بۆ موچە دەچنە ناوەندەكانی خوێندن و بایكۆت بەردەوامە
"هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەوێتە سبەینێ یاخود یەکشەممە"
نرخی دراوەكان لە كاتی كردنەوەی بازاڕ
په‌رله‌مانتارێك: ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ پێچه‌وانه‌ی به‌ڵگه‌ و راستییه‌كان ده‌بێت
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×