هەمواری ئەو بڕگانەی بودجە کە پەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە
  2023-05-25       2313       
كۆبونەوەی ئەمشەوی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

ئا: ئاوێنە

 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە گۆڕانكارییەوە دەنگی لەسەر ماددەكانی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا داو ئەندامە پارتییەكانی لیژنەی دارایی كۆبونەوەكەی لیژنەی داراییان جێهێشتوە.

 

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئێستا لیژنەی دارایی دەنگیدا لەسەر بڕگەکانی 13 و 14ی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی."

ماددەكانی 13 و 14ی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاساكەدا بە گۆڕانكارییەوە، دەنگیان لەسەدراوە.

هاوکات شێروان دوبەردانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیاند: "لە نێو لیژنەى دارایی دەنگ بە مادەکانى 13 و 14ى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى دراوە کە پشکى هەرێمى کوردستانی دیاریکروە، بەڵام بەو گۆڕانکارییانەوە پەسندکراوە کە ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکێشیان کردوە."

شێروان دوبەردانى وتوشیەتی "ئەندامە سوننەکانى لیژنەکە تێبینییان هەبوە لەسەر ئەو گۆاڕانکارییانە و دەنگیان پێنەداوەو ئەندامە پارتییەکانی ئەو لیژنەیەش کۆبونەوەکەیان جێهێشتوە."

 

یەكێك لە گۆڕانكارییە گرنگەكان پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەك كە مانگانە رێژەی لەسەدا 10 بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە.

 

هەمواری ئەو بڕگانەی بودجە کە پەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەمجۆرەن.

ماددەی 13:

یەکەم:

پاکتاوی حساباتی ساڵەکانی 2004 بۆ 2022 لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمدا ئەنجامبدرێت.

دوەم:

-  حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی سۆمۆوە، داهاتەکەش بۆ خەزێنەی وەزارەتی حکومەتی ناوەند بگەڕێتەوە.

-  حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە ناردنی داهاتە نانەوتییەکان بۆ خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی.

-  حکومەتی ناوەند پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

ماددەی 14:

یەکەم:

داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە هەژمارێکی بانکیدا لە بانکی ناوەندیی دادەنرێت بە بی هیچ لێبڕینێک، وەزارەتی درایی لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی، دەسەڵاتی خەرجکردن دەداتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم .

دوەم:

دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و هەماهەنگی نێوان هەردو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و سامانە سروشتییەکانی هەرێم، وردبینی لەو هەژمارەدا دەکرێت کە لە بڕگەی یەکەمدا هاتوە.

سێیەم:

لە لایەن کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتییەوە وردبینی لەو هەژمارەدا دەکرێت کە لە بڕگەی یەکەمدا هاتوە، ئەو کۆمپانیایە راپۆرتی خۆی پیشکەش بە دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەکات.

چوارەم:

وردبینی لە داتا داراییەکانی ساڵانە، 6 مانگی، مانگانە بە ئیمزای وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم و چاودێرێکی ژمێریاری سەربەخۆی نێودەوڵەتی دەکرێت و وێنەیەک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت.

پێنجەم:

لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردو لا پێداچونەوە بۆ ماوەکانی پێشو لە کەرتی نەوت و غاز و پەیوەندییەکانی وەزارەتی نەوتی ناوەند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات، پاشان بە روانگەیەکی هاوبەش و پەسەندکراو لە لایەن هەردولاوە پاکتاوی ماوەکانی پێشو ئەنجامدەدرێت.

شەشەم:

هەمو ئەم بڕگانە جێبەجێدەکرێت لە بەرواری دەرچونییەوە تا دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز.

حەوتەم:

لە هەبونی هەر ناکۆکییەک لە نێوان حکومەتی ناوەندو حکومەتی هەرێم لەسەر ماف و  پابەندییەکان، یان پابەند نەبون، شایستە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کاردەکرێت.

هەشتەم:

کوردستان پابەندە کە دوای وردبینی دیوانی چاودێری حکومەتی ناوەند زانیارییەکان لەسەر فەرمانبەرانی (شارستانی، سەربازی) بدات بە وەزارەتی دارایی عێراق.

نۆیەم:

حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.

دەیەم:

حکومەتی هەرێم دەبێت مانگانە رێژەی (10٪) پاشەکەوتی موچە بگێڕێتەوە بۆ فەرمانبەران تا ئەو کاتەی سەرجەم موچەی پاشەکەوت دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×