پێنج ساڵی داهاتوی تورکیا لەسایەی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغاندا چۆن دەبێت؟
  2023-05-27       1204       

ئا: ئاوێنە

 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت جارێکیتر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بباتەوە، پاش کێبڕکێیەکی سەخت‌و دژوار کە کۆمەلگای تورکیای دو پەرت کردوە.

 

بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی، ئەردۆغانی سەرکردەی خۆسەپێنی تورکیا، دوای دوو دەیە مەناوە لەدەسەڵات‌و بەشداریکردن لە 12 پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەزانێت چۆن سەرنجی خەڵک بەرەو لای خۆی راکێشێت، لەخولی دومی هەلبژاردندا کاتێک لەکۆبونەوەیەکی گەورەی شۆفێرانی تاکسی ئەستەنبوڵدا دەدوا، خەڵک لەقسەکانی تێر نەدەبون.

وەک بەڕێوەبەری ئۆرکێسترا فەرمانی بەخەڵکەکە دەکرد، باسی هەرچییەکی بکردایە خەڵک چەپڵەیان بۆ لێدەداو هوهایان لەرکەبەرو ناڕازییەکانی دەکرد. کاتێکیش ئەردۆگان گەیشتە کۆتایی وتارەکەی، ئیتر جۆش‌و خرۆشی خەڵک گەیشتە لوتکە: "یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک نیشتمان، یەک حکومەت". زۆرێک لەشۆفێرە بەساڵاچووەکان لەگەڵ وتنەوەی ئەم دروشمەدا مشتیان لەهەوادا رادەوەشاند یان دەستێکیان بەرزکردەوە بۆ سڵاوکردن لەسەرۆک کۆمار.

عائیشە، ژنێکەو جلێکی داپۆشراوو حیجابی پۆشیبو، لەگەڵ هاوسەرەکەی کە شۆفێری تاکسی بوو، هاتبوو بۆ ئەوەی گوێ لەهەموو وتەکانی سەرکردەکەی بگرێت. لەسەر کورسییەکەی تەنیشتی دارشەقێک دەبینرا، لەبەرئەوەی ڕۆیشتن بۆی قورسە، بەڵام هەر هاتبو بۆ ئێرە. ئەو بەزەردەخەنەیەکەوە وتی "ئەردۆغان هەموو شتێکی منە، پێشتر نەماندەتوانی بچینە نەخۆشخانە، بەڵام ئێستا دەتوانین بچینە هەموو شوێنێک، ئۆتۆمبێلێکمان هەیە، ئێمە هەموو شتێکمان هەیە، ڕێگاکانی باشتر کردوە، مزگەوتی دروستکرد، وڵاتی کرد بەخاوەنی شەمەندەفەری خێراو هێڵی میترۆ".

پەیامی ناسیۆنالیستیی ئەردۆغان دڵی زۆر کەسی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا قادر قاقلیئۆغڵوی تەمەن ٥٨ ساڵ کە ماوەی ٤٠ ساڵە شۆفێری مینی پاسە، ئەو دەڵێت "ئێمە وڵات‌و میللەتەکەمان خۆشدەوێت، هەر بۆیە بەتەواوی لەپشت سەرۆکەوەین".

دەشڵێت "ئێمە تا کۆتایی رێگاکە لەگەڵیداین، جا نرخی پەتاتەو پیاز بەرزبێتەوە یان دابەزێت، سەرۆکی ئازیزم هیوای ئێمەیە".

کاتێک تورکەکان لەم مانگەدا چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەپێی جزدانەکانیان دەنگیان نەدا، نرخی خواردن بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێ. 43% هەڵئاوسان پشتی تورکیای شکاندوە، بەڵام دیسان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا - کە کۆنترۆڵی ئابوری‌و زۆر شتی تری بەدەستە- 49.5%ی دەنگەکانی بەدەستهێناو پێشەنگ بو.

 

وڵاتێکی کەرت‌و پەرت

ڕکابەرەکەی، کەمال قالیچدارئۆغڵو، سەرکردەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، لەسەدا ٤٤.٩ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. لە ئەنجامدا دەنگدەرانی ئەم وڵاتە بەسەر دو جەمسەردا کەرت‌و دابەش بون‌و مەودای نێوانی ئەم دو لایەنە دژ بەیەکە تەنها ٤% خاڵ بوو.

سێنان ئۆغان، کاندیدی نەتەوەپەرستانی توندرەو کە لەسەدا ٥.٢ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە بچێتە قۆناغی دوەمەوە. ئێستا رایگەیاندوە پاڵپشتی ئەردۆغان دەکات.

ئەردۆغان لە لێواری سەرکەوتندایە، هەرچەندە خولی یەکەم وانەیەکی سەختی فێرکرد: دەبێت ئاگاداری ڕاپرسیەکان بیت.

بۆچی سەرەڕای قەیرانی ئابوری‌و کەمتەرخەمی  حکومەت بەرامبەر بەقوربانیانی دو بومەلەرزەی کارەساتبار لەمانگی شوباتدا کە لانیکەم ٥٠ هەزار کەسی کوشت، زۆربەی دەنگدەران دەنگیان بەئەردۆغان دا؟

پرۆفیسۆر سۆلی ئۆزێل، کە لەزانکۆی کادر هاس لەئەستەنبوڵ وانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێتەوە، دەڵێت "پێموایە ئەو سیاسەتمەدارێکی مەتاتییە، خەڵک بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت‌و نکوڵیش ناکرێ لەدەسەڵاتدا دەدرەوشێتەوە، ئەمە شتێکە کە قالیچدارئۆغڵو دەرەقەتی نایەت".

کلیچدارئۆغڵو کە پاڵپشتی هاوپەیمانییەکی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی هەیە، پێشتر مایەی هیواو بەڵێنی ئازادی‌و دیموکراسی بوو، بەڵام دوای شکستی لەخولی یەکەمی هەڵبژاردندا، پاشەکشەیەکی خێرای بەرەو باڵی ڕاست کردوە، ئێستا وێنەی ئەو باپیرە غەمگینە کاڵ بووەتەوەو کۆنەپەرستێکی ناسیۆنالیستی جێگەی گرتوەتەوە. بەوتەی ڕۆژنامەنووسێکی تورک "ئیتر ئەمە رکابەرییە تا کۆتایی هێڵەکە".

لە گردبوونەوەیەکی ئەم دواییەی هەڵبژاردندا، کلیچدارئۆغڵو ڕایگەیاند "لێرەدا ڕایدەگەیەنم کە ئەگەر بەسەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێم، هەموو پەنابەران دەگەڕێنمەوە بۆ وڵاتەکەیان".

بە وتەی مێرت کە کوڕێکی قژ درێژو گوارەی لەگوێدایە "ئەم کۆمەڵگایە لەلێواری مەترسیدایە".

دەشڵێت "ئەردۆغان خۆی لەهەموو وتارێکداو لەهەر دەرفەتێکدا هێرش دەکاتە سەرمان، ڕۆژ بەڕۆژ حکومەت وامان لێدەکات وەک دوژمن دەرکەوین، ئەوەی حکومەت دەیڵێت کاریگەری لەسەر خەڵک هەیە. ئەمە لەناو ئەو کەسانەدا دەبینیت کە نزیکترین کەستن، تەنانەت لەخێزانەکەشتدا، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، دواتر چی ڕودەدات؟ لە کۆتاییدا دەبێت هەمیشە لە ئامادەباشیدا بژین، هەمیشە لەدڵەڕاوکێ‌و ترسدا".

 

سەدەیەکی نوێی تورکی

زەینەب - کە چاوی ڕەشەو لەکاتی قسەکردندا دەستەکانی دەجوڵێنێت - هێشتا هیوای سەردەمێکی نوێی هەیە، بەڵام دەزانێت کە ڕەنگە سەردەمێکی لەو شێوەیە هەرگیز نەیەت، ئەو دەڵێت "تەمەنم 21 ساڵەو 20 ساڵە لەدەسەڵاتدان".

دەشڵێت "گۆڕانکاریم دەوێت‌و ئەگەر گۆڕانیش نەبینم دڵتەنگ‌و دەترسم. ئەوان زیاتر هێرشمان دەکەنە سەر، زیاتر مافەکانمان پێشێل دەکەن، پێم وایە زۆر شتی ترمان لێقەدەغە دەکەن، بەڵام دیسانەوە کۆڵ نادەین‌و جارێکی دیکە تێدەکۆشینەوە".

ڕۆژی یەکشەممە کە تورکیا لەلێواری خاڵی وەرچەرخاندایە، بۆ یەکەمینجار لەمێژووی تورکیادا دەنگدەران بەرەو هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەو بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەڕۆن.

نزیکەی 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە، وەک کۆمارێکی عەلمانی تێدەپەڕێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەڵێنی "سەدەیەکی تورکی نوێ" دەدات ئەگەر هەڵبژێردرێت.

لایەنگرانی دەڵێن هەڵبژاردنەوەی گەشەسەندنی زیاترو تورکیایەکی بەهێزتر دەهێنێت، ڕەخنەگرانیشی دەڵێن کەمتر لەتورکیای ئەتاتورک دەچێت‌و زیاتر ئیسلامی دەبێت‌و داهاتوویەکی تاریکتری دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×