ئەنجومەنی دادوەری بەبێ تەواوکردنی نیساب کۆبوەوە
  2023-05-28       1379       

ئا: ئاوێنە


بەبێ تەواوکردنی نیسابی یاسایی، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی‌ كوردستان کۆبوەوەو دو ئەندامی نوێی ئەنجومەنی کۆمسیاران لەکۆبونەوەکەدا سوێندی یاساییان خوارد. حاکم شێخ لەتیف، ئەندامی پێشوتری  دادگای تەمیزیش ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ دوا بزمار لەتابوتی قەزای هەرێم درا".

 

رۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی عەبدولجەبار عەزیز مەحمود، سەرۆکی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. 
 
بەگوێرەی نوسراوی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، لەدانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی دادوەریدا دو ئەندامی نوێی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە کە بریتین لەعەلی ساڵح قادر مەحمودو کامەران نەشئەت بەکر.

بەپێی كۆنوسی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان تەنیا 5 ئەندام لەكۆی 9 ئەندام ئامادەبون، لەكاتێكدا دەبێت 6 ئەندام ئامادەبێت، چونكە بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (33) لە یاسای ژمارەی (23)ی ساڵی 2007ی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان‌و بەگوێرەی بڕگەی (ا) لەمادەی 3ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی دادوەریی، كۆبونەوەی ئەنجومەنی دادوەریی پێویستی بەئامادەبوونی (3/4) ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە. 

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە 9 ئەندام پێکهاتووه‌ کە سەرۆکی دادگای پێداچونەوەی هەرێم سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە لەگەڵ هەردو جێگرەکەی‌و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری‌و سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم‌و سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچونەوەی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆک‌و گەرمیان.

بەپێی زانیاریەکان، ئەمڕۆ سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچونەوەی سلێمانی‌و گەرمیان‌و جێگرێکی سەرۆکی دادگای پێداچونەوەی هەرێم‌و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتی دادوەری ئامادە نەبون. تەنها سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری‌و جێگرێکی‌و سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم‌و سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچونەوەی هەولێرو دهۆک ئامادەبون.

لای‌ خۆیه‌وه‌ حاکم شێخ لەتیف، پسپۆری‌ یاسایی‌و ئەندامی پێشوتری  دادگای تەمیز له‌باره‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مرۆِی‌ ئەنجومەنی دادوەرییه‌وه‌ لەپەڕەی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "بەشە پارتی لەئەنجومەنی دادوەری کۆبونەوەو بەبێ بەشە یەکێتی بڕیاریاندا.. ئەمڕۆ دوا بزمار لەتابوتی قەزای هەرێم درا".

ناوبراو بۆچونیوایه‌ كه‌ خۆی  لەڕاستیدا لەساڵی 2018وە  قەزا نەماوە، ئەوەی ئەمڕۆ تەنها ئیعلانکردنی بو، "ئەوسا وتمان بەفیفتی کردنی دادگای تەمیز  ئەمەی لێدەکەوێتەوە".

سوێندخواردن‌و ده‌ستبه‌كاربونی‌ دو كۆمیسیاره‌ نوێكه‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ڕاپرسی‌ هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێشا یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ناكۆكن له‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌ی‌ 22ی‌ ئه‌م مانگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ یه‌كێتی‌ ده‌ڵێت سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ی‌ هه‌ڵگرتوه‌و پارتی‌-یش ده‌ڵێت به‌ده‌نگی‌ 58 په‌رله‌مانتار كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ڕاپرسی‌ هه‌رێم  كارا كراوه‌ته‌وه‌.


رۆژی دوشەممە 22ی ئایاری 2023، کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان‌و فراکسیۆنی یەکێتیی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن هێمن هه‌ورامی‌، جێگری سەرۆک‌و مونا قاوه‌چی‌، سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.
 
لەده‌ستپێكی‌ دانیشتنه‌كه‌دا رێواز فایەق کۆبونەوەکەی هه‌ڵگرت‌و بابه‌تی‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆنی‌ بۆ كاتێكی‌ نادیار دواخست، بەڵام هێمن هەورامی رەتیکردەوە کۆبونەوە دوابخرێت‌و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 23-05-2023، نوسراوێک بەواژۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان بڵاوکرایەوەو تێیدا هاتبو، پاڵپشت بەحوکمی بڕگەی 1 لەماددەی 56 لەیاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراوو حوکمی مادەی خاڵی 1 لەبڕگەی یەکەم لەمادەی 5ی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەهەرێمی کوردستان -عێراق ژمارە 4ی ساڵی 2014 بڕیارماندا بە:
  
یەکەم: بەردەوامبونی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە وەکو ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەکۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لەرۆژی کۆتاییهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەرێککەوتی 23-12-2019:
 
1. هەندێن محەممەد ساڵح
2. نەهرۆ سەلیم حەنا
3. رێزان حەمەرەشید کەریم
4. عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا
5. شێروان زرار نەبی
6. ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقار
7. سلێمان مستەفا حەسەن
 
دووەم: هەڵبژاردنی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە بەئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەکۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی لەرۆژی دەرچونی ئەم بڕیارە:
 
1. عەلی ساڵح مەحموود قادر
2. کامەران نەشئەت بەکر
 
سێیەم: ئەم بڕیارە لەرۆژی دەرچونییەوە کاری پێدەکرێت‌و لەرۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی کورستان بڵاودەکرێتەوە.
 
هاوکات هەر رۆژی 25-05-2023، ژمارە 305ی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە کە رۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانەو وەزارەتی داد دەریدەکات، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ی ساڵی 2023ی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە تایبەت بە: بەردەوامبون‌و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران لەكۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن‌و راپرسی.

سه‌رباری‌ ناكۆكییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌سه‌ر یاسای‌ هه‌ڵبژاردن، كێشه‌ی‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ كۆمسیۆن‌و ده‌ستبه‌كاربونی‌ دو كۆمیسیاره‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ كۆمیسیارانیش ناكۆكییه‌كانی‌ ئه‌و دو حزبه‌ی‌ هێنده‌ی‌ تر توندو ئاڵۆز كردووه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت پارتی‌و یەكێتیی لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەنە رێككەوتن‌و بۆ جاری دووەم هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆی دوابكەوێت كە رۆژی 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵە.  
 

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×