شاخەوان عەبدوڵا داوادەكا لە بودجەدا ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار بۆ دانەوەی پاشەكەوتی موچە دیاری بكرێ
  2023-05-30       407       

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێكدا بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان داوا دەكات رەزامەندی بدەن بە دیاریكردنی یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەو بڕە پارەیەی لە بودجەدا بڕیاری لەسەر دراوە بۆ موناقەلە بەكاربێت.

ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، ئەمشەو سێشەممە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی نوسراوەكەی خۆیدا كە رۆژی 28ی ئەم مانگە ئاڕاستەی لیژنەی دارایی كردوە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"فەرمون ئەوە نوسراوی ئیمەیە کە پێش دو رۆژ رەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقمان کردوە بۆ ئەوەی بری یەک ترلیون و 200 ملیار دینار بگوازرێتەوە لەو بڕەی کە بریتییە لە شەش ترلیون دینار و بڕیاری لەسەر دراوە بۆ موناقەلە بەکاربێت."

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتوشیەتی، بۆ "هەمو ئەو کەس و لایەنانەی دەیانوت پاشکەوتی موچەمان گەڕاندەوەو سوپاسی پەرلەمانتارانی غەیرە کوردیشیان دەکرد، گوایە رەزامەندییان داوە بە گەڕانەوەی بڕی لەسەدا 10ی پاشکەوتی موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، کاتی ئەوەیە دۆستەکانتان کە دوێنێ هاوهەڵوێستیان دەردەبری تاقیان بکەنەوە بۆ پشتگیریکردن لەم نوسراوەی ئیمە و پێیان ئیمزا بکەن و دەنگی لەسەر بدەن، چونکە پاشەکەوت بەتەنها بە نوسین لەسەر کاغەز ناگەڕێتەوە بەڵکو بەوە دەکرێت پارەی بۆ دابین بکرێت و بخرێتە سەر حسابی هەرێم."

بەبڕوای شاخەوان عەبدوڵا "ئەگەر پارەی بۆ دابین نەکرێت، حکومەتی هەرێم نەک هەر ناتوانیت پاشەکەوت بگەڕێنێتەوە، بەڵکو بەپێی ئەو بودجەیەی بۆی دانراوە بۆ موچە تەنها دەتوانیت موچەی 10 مانگ دابین بکات و دەبێت بگەڕێت بەدوای ئەوەی موچەی ئەو دو مانگە چۆن دابین دەکات، چونکە تەنها بڕی نۆ ترلیون دینار دابین کراوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە 10 ترلیون و نێو دینارە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×