نوسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ کێشەی جوتیاران و بەشەخۆراکی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵێت، پێویستە ھەولێر و بەغداد لە ھەموو بوارەکاندا پێکەوە کاربکەن.
ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سودانی پێشوازی لە کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان کردووە و لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە ئاستەنگییەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی بەشەخۆراکی ھاوڵاتیان کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک وەزیران جەختیکردووەتەوە لە گەشەپێدانی ئابووری لە ھەموو ناوچەکان بە مەبەستی زیاترکردنی دەرفەتی کار و ھاوکاریکردنی جووتیاران، داواشیکرد ھەولێر و بەغداد پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی دۆخی ئابووری وڵات بە گشتی زیاتر پەرەی پێبدرێت.