وەزیری ناوخۆیی عێراق گەیشتە ئێران
  2023-05-31       297       

ئەمڕۆ شاندێك بەسەرۆكایەتی وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئەو وڵاتە سەبارەت بە ئاسایشی ناوچە سنوورییە هاوبەشەكانی نێوانیان و ڕێگریی کردن لە كاری بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان كۆبوونەوە.

ئاوێنه‌: سەبارەت بە ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق و ڕێگری كردن لەمامەڵەكردن بە ماددە هۆشبەرەكان، ئەمڕۆ شاندێك بەسەرۆكاییەتی عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە ئێران.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بە سەرۆكایەتی شاندێكی ئەمنی گەیشتە تاران، شاندەكەش پێكهاتبوو لە بریكاری هەواڵگری، فەرماندەی هێزە سنوورییەكان، بەڕێوەبەری كۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەكان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی، بەڕێوەبەری پاسپۆرت و نشینگە.

ئاماژەی بەوەش كراوە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران و ژمارەیەك لە سەركردە ئەمنی و سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازییان لە شاندەكەی عێراق كرد.

ڕوونیش كراوەتەوە،  شاندەكەی عێراق گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی ئێرانی ئەنجام دەدات، بە تایبەتی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات و كۆنترۆڵكردنی بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان و بابەتەكانی پەیوەست بە نشینگە و ڕێكارەكانی هاتووچۆی هاوڵاتیانی هەردوو وڵات.

جێگەی ئاماژەیە، هەر لەم هەفتەدا قاسم ئەعرەجی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەردانی ئێرانی كرد، لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەی سەبارەت بە پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات كۆبوویەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×