كۆسرەت رەسول: ئەركە لەسەر شانی هەمو لایەنە سیاسییەكان بەرژەوەندییەكانی خۆیان وەلابنێن
  2023-05-31       500       

کۆسرەت رەسول عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی، لە پەیامێكدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیەوە، دەڵێت، "ئەرکە لەسەر شانی هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەلابنێن و خەبات بکەن لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان و دانانی ستراتیژێکی نەتەوەیی."

ئاوێنە: كۆسرەت رەسول عەلی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامەكەیدا وتویەتی"ئەمڕۆ کە (٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەئاستی پێویستدا نییە، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان سەختە، ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا رون نییە."

وتوشیەتی"ئەرکە لەسەر شانی هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەلا بنێن و خەبات بکەن لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان و دانانی ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی ساڵەهایە خەباتیان بۆ دەکەین و نەهاتونەتە دی."

دەقی پەیامەكە:

پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

(٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەخۆمان و تێکۆشەرانی یەکێتیی، پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر، گەنجان و لاوان، ژنان و خوێندکاران، یەکێتییەکان و خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەم، ئومێد دەکەم ئەم یادە ببێتە مایەی گەشانەوەی زیاتری یەکێتییەکەمان.

ئەوێ رۆژێ، شۆڕشی کوردی کۆتایی هاتبو، دوژمنانی کورد خەونیان بەلەناوچونی کوردو کۆتایی هاتنی دۆزە رەواکەی دەبینی، نائومێدی باڵی بەسەر گەلەکەمان کێشابو، لەم کاتەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرێنراو دوای تەنها ساڵێک لە شاخەکانی کوردستان خەباتی چەکداری دەست پێکردەوە، پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتیی گوتیان تا کوردێک مابێ و شاخێک بەپێوە وەستابێ کورد بەردەوام دەبێ لە خەبات.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراو رابەرایەتی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانی کرد، کۆڵی نەداو خەباتی کرد، رێکخستنە نهێنییەکان لەناو شار، پێشمەرگە قارەمانەکان لە شاخ بەردەوام بون تا لە راپەڕین رژێمی بەعسی فاشیستیان لە کوردستان وەدەرناو یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراو حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنرا.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی تێکۆشەرەو خاوەن مێژوێکی پڕ لە سەروەری و شانازییە، مێژوی یەکێتیی مێژوی هەزاران شەهیدو سەدان داستان و قارەمانێتی و نەبەردییە، مێژوی بەرەنگاربونەوەی بەعس و تاریکپەرستانە، مێژوی رێکخستنە نهێنییەکان و زیندانیانی سیاسی و قارەمانانی ژێرپەتی سێدارەو دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی-یە، بۆیە ئەرکە لەسەر شانی هەمو یەکێتییەکان لەئاست گەورەیی ئەو مێژوە بن و خەبات بکەن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی، دەبێ هەمومان باش ئەو راستیە بزانین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانیدانی هەمو تێکۆشەران و شەهیدان و قارەمانانە، ئەرکە لەپێناو ئەم رابردوە پڕ لە شانازی و سەروەرییە هەمو پێکەوە دەست لەناو دەست خەبات بکەین بۆ گەشەپێدانی لە داهاتودا.

ئەمڕۆ کە (٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەئاستی پێویستدا نییە، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان سەختە، ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا رون نییە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بەپێویست دەزانم رایبگەیەنم کە ئەرکە لەسەر شانی هەمو هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرژەوەندییەکانی خۆیان وەلا بنێن و خەبات بکەن لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەلەکەمان و دانانی ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی ساڵەهایە خەباتیان بۆ دەکەین و نەهاتونەتە دی.

جارێکی تر پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە خۆمان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم یەکێتییەکان دەکەم و دەخوازم ئەم یادە بکەینە هەوێنی زاڵ بون بەسەر کێشەکان و چارەسەرکردنیان.

کۆسرەت رەسول عەلی

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×