حاکم قادر: هەر هەوڵێک بۆ لەباربردنی قەوارەی هەرێم و لاوازكردنی رەتدەكەیننەوە
  2023-05-31       284       

حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتی رایگەیاند، "بەهۆی ھەندێ سیاسەتی ھەڵەوە خەریکە دامەزراوە یاساییەکانمان و دەستكەوتەكانمان دەخەینە مەترسیەوە." دەشڵێت"هەر هەوڵێک بۆ لەباربردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و لاوازكردنی رەتدەكەینەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو قسانەی حاكم قادر حەمەجان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی سەردانێكیدا بۆ گوندەكانی ھەڵەدن و یاخسەمەرو مالومەو ناحیەی گاپیڵۆن، هاتون.

بەپێی راگەیەندراوەكە، "سەبارەت بەو هەوڵانەی کە دەدرێن لە پێناو لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا"، حاکم قادر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، "هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات و شۆڕش و قوربانیدانی گەلی کوردستانەو قەوارەیەکی دەستورییە کە لەلایەن زۆرینەی خەڵکی عێراقەوە دەنگی بۆ دراوە، هەر بۆیە هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردن لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ڕەتدەکەیننەوە."

حاكم قادر باسی لەوەشكرد، "هاوپەیمانان و دۆستەكانمان بەردەوام داوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو سەرجەم هێزە ئەمنییەکانمان لێدەکەن، بەڵام بەداخەوە کەچی ئێمە تازە بە تازە خەریکین دامەزراوەکانمان كەرت ئەكەین و بەهۆی ھەندێ سیاسەتی ھەڵەوە خەریکە دامەزراوە یاساییەکانمان و دەستكەوتەكانمان دەخەینە مەترسییەوەو ھەرێمی كوردستان توشی قەیرانێكی گەورەتر دەكەین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×