بۆ یه‌كه‌مجار ده‌میرتاش زانیاریه‌كى گرنگ له‌باره‌ى خۆی‌و هه‌ده‌په‌وه‌ ئاشكراده‌كات
  2023-06-01       3029       

وه‌رگێڕانی له‌توركیه‌وه‌: شنۆ ڕه‌مزی هیرانی

 

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (HDP) كه‌ له‌زیندانی ئه‌دیرنه‌ پیتی (F)  ده‌ستگیركراوه‌ ده‌ڵێـت، "له‌ناخه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌گه‌له‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ نه‌متوانی سیاسه‌تێكی شایسته‌ په‌یڕه‌وبكه‌م"، ده‌شڵێت، "واز له‌سیاسه‌تی كارا ده‌هێنم".

 

ده‌میرتاش كه‌ له‌ 4 تشرینی دوه‌می 2016 زیندانیكراوه‌، له‌دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی (artıgercek.com) باس لەهه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری توركیا، هه‌ده‌په‌‌و ئۆپۆزسیۆن‌و وازهێنان له‌سیاسه‌ت ده‌كات.

 

ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

 

پرسیار: له‌وكاته‌ی ئه‌ردۆغان ده‌یوت ده‌میرتاش له‌زیندان ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌ر له‌وكاته‌دا هه‌وادارانیشی ئه‌ردۆغانیش دروشمی (سێداره‌ بۆ ده‌میرتاش)یان ده‌وته‌وه‌، كاتێك گوێبیستی ئه‌م دروشمه‌ بووی هه‌ستت به‌چی كرد؟
ده‌میرتاش: ڕاشكاوانه‌ بڵێم، له‌گه‌ڵ هاوڕێی زیندانم سه‌لجوق میزراكلی (سه‌رۆكی پێشوی شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئامه‌د) به‌یه‌كه‌وه‌ پێكه‌نینمان به‌م تابلۆیه هات‌و به‌زه‌ییمان به‌چاوسوركردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌شامه‌ته‌ هاته‌وه‌، جگه‌ له‌به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ شتێكی دیكه‌ نییه‌ ئێمه‌ى شرۆڤه‌ى بكه‌ین كه‌ لهباخه‌كه‌ی كۆشك وه‌كو دیمه‌نی سه‌رده‌مه‌كانی ناوه‌ڕاست نمایشكرا.

پرسیار: له‌دوای 28 ئایار ڕای گشتی پێیوایه‌، ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌ك گوشاره‌كانی له‌سه‌ر سیاسه‌تی كوردی په‌ره‌ پێده‌دات كه‌ پێشتر وێنه‌ی نه‌بوه‌، پێتانوایه‌ له‌مه‌ودوا ده‌سه‌ڵات به‌ئامرازه‌كانی ژێر ده‌ستی چ ده‌كات؟ 
ده‌میرتاش: له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی ماوه‌ بیكه‌ن، ته‌نها كۆمه‌ڵكوژیه‌، هه‌رچۆنێك بێت په‌نا بۆ ئه‌مه‌ نابه‌ن، به‌ڵام جگه‌ له‌توندوتیژیی ڕه‌ق كه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت كۆمه‌ڵكوژی كلتووریش په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌تی له‌رێگای (هودا-پار) هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ژمونی خۆیان له‌سه‌ر خانه‌كانی كۆمه‌ڵگاش بسه‌پێنن. ده‌بێت كوردیش له‌هه‌ر كاتێكی ڕابردوو زیاتر به‌خۆڕاگری‌و ململانێی ئایدیۆلۆژی وه‌ڵامیان بداته‌وه‌.

پرسیار: ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ بویتایه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تابلۆیه‌ چ ستراتیژیه‌كی ئۆپۆزسیۆنت په‌یڕه‌و ده‌كرد؟
ده‌میرتاش: من فۆرمیله‌ی موعجیزه‌كاریم پێنیه‌، فریادڕه‌سیش نیم، به‌ڵام ئامانجی دیاریكراوم ده‌خسته‌ به‌رده‌م ڕێكخستن‌و به‌شداریم ده‌كرد له‌خستنه‌سه‌رپێی جه‌ماوه‌ر. له‌ناو زینداندا ته‌نها ده‌كرێت به‌ڕێگای سۆشیال میدیاو به‌شه‌كانی دیكه‌ی میدیادا خزمه‌ت بكه‌م. ئه‌مه‌ش رێگا بۆ كه‌موكوڕی ده‌كاته‌وه‌. یه‌كێك ئه‌مه‌ وه‌كو دیاریده‌ی سۆشیال میدیا به‌ناو ده‌كات، وه‌كو ئه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات كه‌ ئامانجی من ئه‌مه‌بێت‌و ده‌رفه‌تی دیكه‌م له‌به‌رده‌م ره‌خسابێت.

پرسیار: باشه‌ وه‌ڵامت چییه‌ بۆ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ى كه‌ ئاراسته‌ت ده‌كرێت گوایه‌ په‌نا بۆ"سیاسه‌تی ناوبانگ په‌یداكردن" ده‌به‌یت؟ 
ده‌میرتاش: ڕێزم بۆ ئه‌و ڕه‌خنانه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌ پڕه‌نسیپه‌كانی هه‌ده‌په‌م به‌هۆی سیاسه‌تی ناوبانگ په‌یداكردن له‌ناوبردووه‌. واز له‌تێكه‌ڵه‌كردنی ناوبانگ په‌یداكردن‌و جه‌ماوه‌ریبون ده‌هێنم‌و واتا ده‌ده‌مه‌ هه‌موو ئه‌م ڕه‌خنانه‌. له‌ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه‌ پێموایه‌ له‌م ساته‌ به‌دواوه‌ ناچاریكردن هیچ واتایه‌كی نییه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵه‌كانم سورن له‌سه‌ر دوباره‌كردنه‌وه‌ی كه‌واته‌ شتێك هه‌یه‌ ئه‌وان ده‌یزانن، ئیتر مافی هه‌مومانه‌ چاوه‌ڕێی ئاستێكی باڵاتریان لێبكه‌ین. 

پرسیار: له‌مه‌ودوا چی ده‌كه‌یت؟ سیاسه‌تێكی چۆن ده‌گریته‌به‌ر؟
ده‌میرتاش: چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ئێستا، ناوه‌ندی گشتی هه‌ده‌په‌م ئاگاداركردۆته‌وه‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچیه‌ك بێت له‌دوای هه‌ڵبژاردن واز له‌سیاسه‌تی كارا ده‌هێنم. ئێستاش مكوڕم له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌م. باوه‌ڕم وایه‌ هه‌موو هاوڕێكانم كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ به‌گیان به‌ڕۆح خه‌باتده‌كه‌ن، به‌ئیراده‌ی خۆیان ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی ته‌واوده‌كه‌ن، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ متمانه‌م به‌هه‌مویان هه‌یه‌.

هه‌موو ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی له‌پارته‌كه‌مان ده‌گیرێت به‌نیازی باش، بونیادنه‌رانه‌و خزمه‌ت به‌ڕابوونه‌وه‌ ده‌كات. با كه‌س هه‌وڵنه‌دات ڕه‌خنه‌كانم بۆ شه‌كه‌تكردنی هه‌ده‌په‌ به‌كاربێنێت. من ئه‌ندامی هه‌ده‌په‌م‌و وه‌هاش به‌رده‌وامده‌بم. ده‌مه‌وێت هه‌موو كه‌س‌ به‌باشی له‌مه‌ تێبگات، به‌ڵام ئه‌وكاتیش به‌حزبه‌كه‌مم وت، ئاماده‌م بۆ كاندیدی سه‌رۆك كۆماری، به‌بێ خستنه‌ڕوی بیانوو ڕه‌تكرایه‌وه‌.

پرسیار: له‌شه‌وی 14 ئایار كاتێك ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشكرابون هه‌ستت به‌چی كردو بیرت له‌چی كرده‌وه‌؟ 
ده‌میرتاش: به‌ته‌واوه‌تی چاوه‌ڕێی ئه‌م ئه‌نجامانه‌ نه‌بوم، چاوه‌ڕێم ده‌كرد ده‌نگی پارتی چه‌پی سه‌وزو كڵیچدارئۆغڵو زیاتربێت. بۆ ئه‌نجامه‌كانیش خه‌مگین بوم له‌هه‌مانكاتدا دیمه‌نی په‌رتوبڵاوی ئۆپۆزسیۆن توڕه‌ی كردم.

پرسیار: ئه‌ی شه‌وی 28 ئایار؟ 
ده‌میرتاش: ئه‌نجامه‌كه‌ زۆر چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌بوو، له‌بنه‌مادا كڵیچدارئۆغڵو له‌هه‌ڵبژاردندا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام فاكته‌ره‌كانی وه‌كو فرتوفێڵ، دواتر ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌وانه‌ی دواتر كراونه‌ته‌ هاوڵاتی، به‌فه‌رمی ئه‌ردۆغانی كرده‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردن. ئه‌وه‌ی ڕویداوه‌ دورو نزیك په‌یوه‌ندیی به‌ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، دیموكراسی‌و ئیراده‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ نییه‌. هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕویداوه‌ ئۆپه‌راسیۆنێك بوو.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×