چیرۆكی ئەو ژنە چالاكوانە ئیسلامییەی كە حزبێكی هاوپەیمانی ئەردۆغان تۆمەتبارە بەكوشتنی
  2023-06-02       2463       
كۆنجا كوریش

ئا: ئاوێنە، بی بی سی

 

لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردودا، شەپۆلێكی كوشتن و ئەشكەنجەدانی دڕندانە، بوە سەردێڕی رۆژنامەكانی توركیا، ئەوەش دوای دۆزینەوەی تەرمی سەدان مرۆڤ لە ژێر زەمین و گۆڕە نهێنییەكاندا.

 

زۆربەی تەرمە دۆزراوەكان روتكرابونەوەو دەست و قاچیان بەسترابونەوە، هەندێكیان بەزیندویی نێژرابون، هەندێکی تریشیان دوای ئەوەی ئێسقانەكانیان لە ژێر ئەشکەنجەدا شکێنرابو، بەجێهێڵرابون تا مردن.

ئەمانە هەمویان قوربانی دەستی گروپێکی ئیسلامیی توندڕەوی کوردی بون بە ناوی "حزبوڵای تورکیا".

ئەم گروپە ئیسلامییە چەکدارە لەو دەیە پڕ لە گێژاوەی مێژوی تورکیادا بەرپرسی هەزاران حاڵەتی ڕفاندن و ئەشکەنجە و کوشتن بو. حزبوڵای توركیا تەنها پەكەكەی نەدەكردە ئامانج، بەڵكو ئەو كەسایەتییە ئیسلامی و سیاسی و نوسەرانەشی دەكردە ئامانج كە تێڕوانینی كراوەتریان بۆ ئیسلام هەبو.

لە نێو ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن ئەو حیزبەوە کوژران، چالاکوانی دیار و ناسراوی ژنان، كۆنجا كوریش بو، کە ئێستا بۆتە سیمبولێكی نوێ بۆ روبەڕوبونەوەی حکومەتەكەی ئەردۆغان.

لەمیانی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی توركیادا، جارێكی دیكە دۆسیەكەی كۆنجا هاتەوە بەرباس، ئەوەش دوای ئەوەی ئەردۆغان بەئاشكرا پشتیوانی لە پارتێكی سیاسی ئیسلامی كوردی بەناوی "هودا پار" كرد. هودا پار، تۆمەتبارە بەوەی كە باڵی سیاسی حزبوڵایە.

بەهۆی پشتیوانییەكانی ئەردۆغانەوە، هودا پار لە هەڵبژاردنەكەی 14ی ئایاردا، بۆ یەكەمجار توانی چوار كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کە هۆدا پار تۆمەتبار دەكات بەوەی پەیوەندی بە حزبوڵای تورکیاوە هەیە، ئێستا ڕەخنە لە ئەردۆغان دەگرن کە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو پارتە پێکهێناوە کە بە پارتی "بکوژانی کۆنجا کوریش" ناوی دەبەن و یارمەتی داوە بچێتە پەرلەمان.

بەرپرسانی هۆدا پار بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە، بەڵام هەندێک لە ئەندامانی پارتەکە لەسەر چالاكییان لە حزبوڵا، دادگایی کراون و زیندانی کراون و دواتر ئازادکراون.

كۆنجا كوریش كێیە؟

لە هاوینی ساڵی  ١٩٩٨ لە مێرسین، کۆنجا کوریش و هاوسەرەكەی لە درەنگانێكی شەودا بە ئۆتۆمبێلەكەیان ئەو كارگەی قوماشەیان بەرەو ماڵەوە جێهێشت كە بەڕێوەیان دەبرد.

بەپێی رۆژنامەی میللیەتی توركیا، لەكاتێكدا خەریك بون دەرگای ماڵەكەیان بكەنەوە، سێ چەكدار لێیان دەرپەڕین و هاوسەرەكەی كۆنجا-یان خستەسەر زەوی و كوشتیان و سویچی ئۆتۆمبێلەكەیان لێبردو كونجا-یان بەزۆر سواری ئۆتۆمبێلەكە كردو رفاندیان.

لەسەر روداوەكە سیاسەتمەداران پەنجەی تۆمەتیان ئاڕاستەی "حزبوڵا" کرد. لەدوای 555 رۆژ لە دیارنەمانی، تەرمی كۆنجا لە ژێرزەمینێكدا دۆزرایەوە.

كۆنجا بۆ ماوەی 35 رۆژ ئەشكەنجە درابو بەرلەوەی گیان بسپێرێت، تاوانكاران وێنەی ڤیدیۆیی شێوازی ئەشكەنجەدانی كۆنجایان گرتبو، كە دواتر لەلایەن پۆلیسەوە ئەو گرتە ڤیدیۆییانە دەستیان بەسەرداگیرابو.

دواتر حزبوڵای تورکیا لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕفاندن و کوشتنی كۆنجا لە ئەستۆ گرت و بە "دوژمنی ئیسلام" ناوی برد.

کۆنجا کە دایکی پێنج منداڵ بو، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا بەهۆی تێڕوانینە كراوەكانی بۆ ئیسلام ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا. ئەو داكۆكیكاری مافەكانی ژنان بو، خۆی باڵاپۆش بو و راڤەیەكی كراوەتری بۆ بنەماكانی ئیسلام هەبو و رەخنەی لە حزبوڵا دەگرت و پشتیوانی لە یەكسانی نێوان ژن و پیاو دەكرد.

برین سۆنماز، ژنە نوسەری ئیسلامی دیار دەڵێت، كۆنجا، ژنێكی ئازاو بەهێز بو، هەرگیز دودڵ نەبو لە گوزارشتكردن لە بۆچونەكانی، دژی ملكەچی ژنان بو بۆ پیاوان.

كۆنجا هیچ خوێندنێکی ئایینی رەسمی نەخوێندوە. بەڵام پەیوەندیی بە چەندین گروپی ئایینییەوە كردوە بۆ تێگەیشتن لە قورئان و ئیسلام.

بە وتەی سۆنمەز، سەرەتا خولیای بۆ حزبوڵای تورکیا هەبوە، بەڵام بە خێرایی خۆی لێ دورخستوەتەوە، چونکە بە حزبێكی "زۆر توندڕەوی" زانیوە.

عائیشە سڤەیلای پال، هاوڕێی خێزانەكەی كۆنجا، دەڵێت، "كۆنجا  پیاوانی فێر دەكرد چۆن بە ڕێزەوە مامەڵەمان لەگەڵ بکەن و چۆن واز لە ستەمکردنمان بهێنن و یارمەتیمان بدەن لە کارەکانی ماڵەوە، چاو و مێشکی ئێمەی دەکردەوە"

کاریگەری كۆنجا کۆمەڵگە ناوخۆییەکەی لە مێرسین تێدەپەڕێنێت و لە سەرانسەری توركیادا ناوبانگ دەردەكات، لەو کاتەدا هەڕەشەی كوشتنی لەلایەن حزبوڵاوە پێ دەگات بەوەی كە "دوژمنی ئیسلام"ە.

عەبدوڵا کوریش، خەزوری كۆنجا ساڵی 2000 بە رۆژنامەی میللییەتی توركی وتوە، داوام لە كۆنجا كرد رەخنەكان لە بیرو باوەڕی حزبوڵا رابگرێت، چونكە دەترسم شتێكی لێ بەسەربهێنن، بەڵام كۆنجا دەیوت"ئەگەر بشمرم، لەپێناو ئیسلامدا دەمرم."

تەرمی كۆریش لە كانونی دوەمی ساڵی 2000 لە ژێرزەمینێكدا دەرهێنرایەوە.

هودا پار، ئەو حزبەی كە تۆمەتبارە بەوەی كە باڵی سیاسی حزبوڵایە، ئێستا لە پەرلەمان چوار كورسی هەیە، ئەو بانگەشە بۆ دەستورێكی نوێ بە بەهای ئیسلامی توندەڕەوەوە دەكات و هەروەها زۆر كەم ماف بە ئافرەتان دەدات. پێدەچێت لە یەكەم دەرفەتی گفتوگۆدا لە پەرلەمان، ئۆپۆزسیۆن دۆسیەی كۆنجا كوریش بهێنێتەوە بەرباس.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×