ئامینە کاکەباوە: جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکەی تیرۆر لە سوید مەترسیدارە بۆ کورد
  2023-06-02       985       

وەزیری دەرەوەی سوید دەڵێت، یاسای نوێی دژە تیرۆر کە لەم هەفتەیەدا چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی وڵاتەکە لە هەفتەکانی داهاتودا پەیوەندی بە ناتۆوە بکات، لەوبارەیەوە ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری پێشوی سوید باس لەوەدەکات، جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکەی تیرۆر لە سوید مەترسیدارە بۆ کورد و ئازادی ڕادەربڕین.

ئاوێنە: تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، یاسای نوێی دژە تیرۆر کە لەم هەفتەیەدا چوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە ڕێگەخۆش بکات بۆ ئەوەی سوید لە هەفتەکانی داهاتودا پەیوەندی بە ناتۆوە بکات و بتوانێت سەروسەدا بکات لەگەڵ ڤیتۆکەی تورکیادا، کە بوەتە ڕێگر لە بەردەم داوای سوید بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانی ناتۆ.

بەشێک لە کوردەکانی سوید تەنها نیگەران نین لەوەی پەیڕەوکردنی ئەم یاسا نوێیە شیانی هەیە مەترسیداربن بۆ هەندێک کورد، بەڵکو دەڵێن، "یاساکە مەترسییە بۆ سەر مێژوی سەدان ساڵەی ئازادییەکان لە سوید".

ئامینە کاکە باوە، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی سوید بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "ئەم وڵاتە کە ئەزمونی زیاتر لە 300 ساڵی دیموکراسی و مافی ئازادی ڕادەربڕین و کۆڕ و کۆبونەوەی هەیە، بەڵام ئێستاکە ئاوای لێهاتوە و خراپتریشی لێدێت".

یاسادانەران لە سوید مانگی ڕابردو یاسا نوێیەکەی دژی تیرۆر پەسەندکرد، وەک هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی تورکیا لەوەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەسەندبکات.

یاسا نوێیەکە سزای زیندانیکردنی هەتا 4 ساڵ لەخۆدەگرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تۆمەتبار دەکرێن بە بەشداریکردن یان تەنانەت پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوێک کە بە تیرۆرست دادەنرێت، هەروەها بۆی هەیە سزاکە دو هێندە بکرێت ئەگەربێت و کەسەکە بە ئەنجامدانی تاوانێکی قورس تۆمەتباربکرێت.

پرۆژە یاسایە بە دەنگی 268 بە "بەڵێ" و 34 دەنگ بە "نەخێر" پەسەندکرا و 47 پەرلەمانتاریش ئامادەنەبون، بەپێی یاساکە شیانی هەیە سزای زیندانی هەتاهەتایی بسەپێنرێت بەسەر هەر کەسێک کە وەک سەرکردەیەکی رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکرێت، لە وڵاتی سوید زیندانی هەتاهەتایی واتای ئەوەیە لانیکەم 20 بۆ 25 ساڵ زیندانیکردن.


ئامینە کاکە باوە دەڵێت، "دەوڵەتی سوید بۆ ئەوەی ئەردۆگان ڕازیبکات سەبارەت بە پرسی ئەندامێتی لە ناتۆ هەمو کارێکی کردوە، ئەوە دوجار یاسا گۆڕا، کۆتا جار لە 3ی مانگی پێنج بڕیاری لەسەردرا، ئەم یاسایە بۆ هەمو کورد مەترسیدارە".

سوید و فینلاند دوای لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022، داوای ئەندامێتیان لە ناتۆ کرد، فینلاند لە مانگی چوار ئەندامێتییەکەی پەسەندکرا، بەڵام داواکەی سوید لەلایەن تورکیاوە هەتا ئەم سەروەختە ڕەتکراوەتەوە.

هەرچەند تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید لە شاری لولیای باکوری سوید بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "ئەم یاسا نوێیە ئەو کەلێنە پڕدەکاتە لە یاسای دژە تیرۆری ئێستاماندا"، بەڵام سوید پێشتر بەشداریکردنی لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا قەدەغە نەکردبو، ئەو دەڵێت، "ئێستا ئەم کارە دەکەین".

ئامینە کاکەباوە لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەر دوێنێ لە میدیاکانی سویددا بڵاوبوەوە کە ڕۆژی چواری ئەم مانگە خۆپیشاندانێک سازدەکرێت دژی ناتۆ و دژی تورکیا، بەڵام لە ئێستادا پۆلیسی سوید وا خەریکە بەری پێدەگرێت، قسە لەسەر ئەوەیە ئایا دەهێڵن ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزاییانە بکرێت یان نا، وەزیرێک لە تورکیا پەیامێکی تویتەری بڵاوکردوەتەوە و فشار لە دەوڵەتی سوید دەکات کە نەهێڵن خۆپیشاندان و گردبونە بکرێت لەبەرئەوەی دەستی پەکەکەی تیادایە".

پانتایی بەرفراوانی ئەم یاسایە بوەتە هۆی نیگەرانی لە سوید سەبارەت بەوەی ئایا چیتر دەتوانرێت ئازادی ڕادەربڕین لەو وڵاتە پارێزراوبێت و نەخرێتە خانەی "پشتیوانیکردن لە تێرۆر".

حکومەتی سوید هیوادارە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا ڕازی بکات بەر لە کۆبونەوە لوتکەییەکەی هاوپەیمانی ناتۆ لە ڤیلنیۆسی پایتەختی لیتوانیا لە مانگی حەوتدا بۆ ئەوەی گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ هەڵبکات.

ئامینە کاکە باوە دەشڵێت، "هەتا تورکیا بە ئامانجی خۆی نەگات ڕاناوەستێت؛ ئەردۆگان دەیەوێت پرسی کورد لەناوبەرێت و شتێکی بە ناوی کورد و کوردستان نەمێنێت، ئێرانیش هەر ئەو هەوڵە دەدات، بەشار ئەسەد و عێراقیش ئەگەر توانایان هەبێت هەر ئەو هەوڵە دەدەن، هەر بۆیە ئەم پرسە تەنها لە یەک شوێن نییە، ئەمە دژی گەڵی کوردە و دژی مافەکانی دژی ئازادی بیر و باوەڕە".

ئامینە کاکە باوە دەڵێت، "لە سوید خەڵک زۆر دەترسن، من خۆپیشاندانێکم کرد لە 3ی مانگی ڕابردو لە بەردەم پەرلەمان، باوەڕکە 4 دانە کورد و 10 بۆ 15 کەسی سویدی هاتبون، خەڵک ناوێرێت بێت و بوەستێت و لەوێ وێنەیان بگیرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×