فیدراسیۆنی رێكخراوەكان: گرێبەستی كامێری پۆینت تو پۆینت نایاساییەو لەڕێی دادگاوە هەڵیدەوەشێنینەوە
  2023-06-03       602       

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رایدەگەیەنێت، گرێبەستی کامێرای پۆینت تو پۆنیت بەتەواویی نایاساییەو لە رێگەی تیمێکی پارێزەران و دادگاوە هەوڵی راگرتنی ئەو پێشلکارییە دەدەن کە بەهەدەردانی زۆری سامانی گشتی تێدایە.

ئاوێنە: فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمڕۆ شەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، "لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کامێرای پۆینت تو پۆنیت نوسراو ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی دەکەن، چونکە گرێبەستەکە دو خاڵی تێدایە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، یەکەم ئەم گرێبەستە بەهەدەردانی گەورەی سامانی گشتی تێدایە و دوەمیش لەروی یاساییەوە پێچەوانەی یاسای هاتوچۆ و بنەما یاساییەکانە".

ئاماژە بەوەشدەکەن، لە هەنگاوەکانیان بەردەوام دەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە، "چونکە بەگوێی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت نەکراوە و هیچ کەسێک لە دامەزراوەکان خۆی ناکات بە خاوەنی گرێبەستەکە و کەس نیە بەرگری لێبکات، کەس نیە وەڵامێک بداتەوە و بەرگری لە گرێبەستەکە بکات، بۆیە لە داهاتودا لە رێگەی دادگاوە کاری لەسەر دۆسیەکە دەکەین".

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەشڵێن، ساڵی رابردو چەندین کۆنگرەی رۆژنامەوانیان ئەنجامداوە و چونەتە لای داواکاری گشتی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پەرلەمانی کوردستان و دەستەی دەستپاکی و هیچ کەسێک بەرگری لەو گرێبەستە نەکردوە و کەس پێیوانیە کە گرێبەستەکە یاساییە.

داواش لە شۆفێران دەکەن ئەو کەسانەی کە سزادەدرێن پەیوەندیان پێوەبکەن بۆ ئەوەی لەرێگەی دادگاوە سزاکەی هەڵبوەشێنرێتەوە و لە رێگەی دادگاوە کاردەکەن بۆ ئەوەی جگە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە لایەنی حکومەتیش سزا بدرێت چونکە سەرپێچی یاسایان کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×