"دەبێت پەرلەمانتارانی كوردستان موچەكانی دوای 2022/11/6 بگەڕێننەوە.. زياتر لەسێ ملیار دینارە"
  2023-06-03       1455       

ئا: ئاوێنە

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە 6ی 11ی 2022وە سەرجەمیان بە خانەنشین هەژمار دەکرێن و دەبێت ئەو پارەیەی لەدوای ئەو رێكەوتەوە وەریان گرتوە بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی کە سێ ملیارو 395 ملیۆن و 300 هەزار دینارە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە پەیامێکدا لەژێر ناونیشانی "نامەیەک بۆ دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان" رایگەیاندوە، "دەرچونی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی سەبارەت بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، لەلایەک جێگەی نیگەرانی و لەلایەکی تر مایەی دڵخۆشیە، جێگەی نیگەرانیە بەوەی نەدەبو دوای 31 ساڵ ئەزمون و حوکمرانی، بەم شێوازەی ئێستا دامەزراوە یاساییەکانی هەرێم، بەتایبەت بەرزترین دامەزراوەی وەک پەرلەمان بکەوێتە بەر تانەو تەشەری بەغداو بە نادەستوری دابنرێت، ناوبانگی هەرێم و حوکمرانیەکەی لەبەر چاوی هاوڵاتیانی خۆی و دۆست و هاوپەیمانەکانی لەکەدار بکرێت، هۆکاری سەرەکی بڕیارەکەش خودی پەرلەمانە کە بوە مایەی ئەوەی ساڵێکی تەمەنی بە نادەستوری هەژماربکرێت و هەرێمیش بخاتە بۆشایی یاساییەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، مایەی دڵخۆشی و پێشوازیلێکردنە، چونکە بڕیارەکە دەرەنجامی خەمساردی لایەنە سیاسییەکان (بەتایبەت پارتی و یەکێتی)ە، چونکە نە پەرلەمان و نە ئەو دو هێزە گوێیان لە هاوار و تکای خەلکانی دڵسۆز و یاساناس نەگرت، هەر بۆیەش لە بەغداوە وەستێنران، ئەگەر گوێیان بگرتایە، هەڵوەستەیەکیان لەسەر هۆشدارییەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان و کونسوڵخانەکان بکردایە، ئەگەر گوێیان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بگرتایە لە بری تاوانبارکردنیان، ئەگەر بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمیان لەبەرچاو بگرتایەو تۆزێک راستگۆبونایە لەگەڵ ئەو دروشمانەی بەناوی دیموکراسیەوە بانگەشەیان بۆ دەکرد، چی پێویستی دەکرد بەغدا بێت و مێزی یارییەکی سالێ‌ قلب بکاتەوە بەسەر پەرلەماندا؟.

ئینستتیوتی پەی وتویەتی"پارتی و یەکێتی و گۆڕان و هاوپەیمانەکانیان لە شەو و رۆژێکدا بەیەکەوە تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە، کەچی لەگەڵ ئەو هەمو نزیککەوتنەوەشیان لەیەکتری، نەیانتوانی لەماوەی ساڵێکدا لەسەر هەڵبژاردن رێکبکەون، چونکە ئەگەر لەسەر هەڵبژاردن رێکبکەوتنایەو بە بیانوی جیاجیای بێ بنەما پەکی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان نەخستایە؟ سەرەنجامیان بەم رۆژە نەدەگەیشت؟ هەمو ئەمانە هۆکاری دەرچونی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و بەنادەستوری ناساندنی پەرلەمان و دروستبونی بۆشایی یاسایین لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسیاری یەکەمیش پارتی و یەکێتی و خودی پەرلەمانی کوردستانن".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەگەر بەهۆی ئەو بڕیارەوە هەستی تاکێکی کورد بریندار بوبێت، دەبێت لەو راستییە تێبگەین کە بڕیارەکەی دادگە پەرلەمانی هەڵنەوەشاندوەتەوە وەک هەندێک کەس و لایەن بۆ جولاندنی هەست و سۆزی خەڵکی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو دادگا هەڵەیەکی راستکردوەتەوەو یاسایەکی پەرلەمانی هەڵوەشاندوەتەوە کە بەنادەستوری تەمەنی خۆی پێ درێژکردبوەوە، واتە بڕیارەکە نەک پەرلەمانی بچوک نەکردوەتەوەو لە هەیبەتی نەداوە، بە پێچەوانەوە گەورەیی پەرلەمانی دەرخستوەو و سەنگ و ئیعتیباری بۆ گێڕاوەتەوە".

ئینستتیوتی پەی پەرلەمانی تۆمەتبار كردوە بەوەی کە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی "نەک جێگەی داخ نیە بەڵکو خەڵکی کوردستان دەبێت سوپاسگوزار بن کە بەو بڕیارە چونکە مافێکی زەوتکراویا بۆ گێڕدرایەوە و بەپێی یاساو پەیرەو چوار ساڵ جارێک مافی دەنگدانیان هەیە، کەواتە خودی پەرلەمان و بڕیارە نایاساییەکانی خۆیەتی بونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی نەک بڕیاری دادگا".

لە نوسراوەکەدا هاتوە، "دوای پێنج رۆژ، کەچی تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر ئەو بڕیارە چارەنوسسازە دەرنەبڕیوە کە لە دژی دەرچوە و کۆتایی بەتەمەنی خولەکەی هێناوە! نە قبوڵی کردوەو نە رەتیکردوەتەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان کەوتونەتە سوڕی متبون و بێدەنگییەوە کە شەرمێکی سیاسیی گەورەیە، ئەگەر دادگا غەدری لێکردون دەبێ رەتیبکەنەوە، ئەگەر غەدریش نیە دەبێ بەفەرمی پێشوازی لێبکەن و رێکارەکان دەست پێبکەن".

ئەوەش خراوەتەڕو، "تاکە رێگە لەبەردەمی پەرلەماندا جێبەجێکردنی بڕیارەکەو دەست پێکردنی هەنگاو و رێکارەکانە، ئەرکی سەر شانیانە بۆ راستکردنەوەی خەمساردی و پێشێلکاری و ئەو هەڵانەی کردیان، تا رەوشەکە لەوە ئاڵۆزتر نەکەن، بۆ ئەوەی تەنگژەو قەیرانی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان نەخولقێنن و هەرێم روبەڕوی کێشەی زیاتر نەکەنەوە، کێشەی زیاتر بۆ موچەو بودجەی خەڵکی کوردستان دروست نەکەن، لێرەوە بوەستن و بەردەوام نەبن لەسەر ئەو پێشێلکاری و کارە ناپەیڕەویانەی کردویانە، دواجار هەوڵی هێنانەوە سەر رێچکەی ئاسایی و یاسایی دامەزراوەکانی هەرێم بدەن".

ئینستتیوتی پەی چەندین داواکاری خستۆتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان كە ئەمانەن:

یەکەم: پەرلەمانی کوردستان لە 6ی 11ی 2022 تەمەنی یاسایی بەسەر چوە، دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامەکانی لەو رێککەوتەوە هیچ سیفەتێکی پەرلەمانییان نەماوە، ئەوەی لە پەرلەماندا سیفەتی یاسایی هەبێت و کارە کارگێڕییەکانی ناو دامەزراوەکە رایی بکات تەنها سەرۆکی دیوانە.

دوەم: لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستەی سەرۆکایەتی و سەرجەم ئەندامان سەردانی پەرلەمان بکەن، دوای دەستلەکار ترازانیان وەک ئەندامی پەرلەمان، ئەوانەی خوازیارن خانەنشین بکرێن لەلایەن سەرۆکی دیوانەوە نوسراویان بۆ بکرێت بۆ وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی بۆ رایی کردنی مامەڵەکانیان، ئەوانەشی نایانەوێت خانەنشین بن نوسراویان بۆ بکرێت بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر کاری پێشویان.

سێیەم: لە ئەگەرێکدا پەرلەمان ئەو نوسراوەی نەکرد، پێویستە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەو پەرلەمانتارانەی پەرۆشی چاکسازی و سەروەریی یاسان، خۆیان بەتاک دوای مامەلەکانیان بکەون و بەپێی یاسا ئەنجامی بدەن.

چوارەم: لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامان پێویستە پەیوەست بن بە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 یاسای (چاکسازی لە موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان) کە ئەم خولەی پەرلەمان خۆیان دەریانکردوە، یاساکە لەسەر خۆیان جێبەجێ بکەن و پێشێلی نەکەن، لە دوای 6ی 11ی 2022ەوە لە وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتەکانیان پەیوەست بن بەیاساکەوە، لەو رێککەوتەوە بە خانەنشین هەژمار بکرێن و جیاوازی موچەکانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، چونکە بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی ماوەی شەش مانگ موچەی زیادەیان وەرگرتوە، سەبارەت بەوانەش کە لە چەند مانگی رابردودا خانەنشین کراون، ئەوانیش خۆیان بەدوای مامەڵەکانیانەوە بن بەپێی یاسای چاکسازی.

پێنجەم: ئەوانەی لەدوای رێکەوتی 6ی 11ی 2022ەوە بۆ جێگرتنەوەی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان لەماوەی نادەستوریبونی پەرلەماندا سوێندیان خواردوە، بەپەرلەمانتار هەژمار ناکرێن و هیچ ئیمتیازێکی پەرلەمانتاریش نایانگرێتەوە، بۆیە بەزوترین کات نوسراویان بۆ بکرێت بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ سەر کاری پێشویان.

شەشەم: بەپێی یاسا کاتێک پەرلەمانتاران خانەنشین دەکرێن موچەی شەش مانگیان وەک ئیکرامیە پێدەدرێت کە بڕی 52 ملیۆن ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی بار قورسی لەسەر ئەندامان دروست نەبێت، پێشنیار دەکەین ئەو بڕە پارەی بەزیادەوە لە موچە وەریانگرتوە لەو ئیکرامیەیە لێیان بگێڕدرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێر و (8) ئەندامی تر بەهۆی ئەوەی لە خولەکانی پێشو پەرلەمانتار بونە، ئیکرامیەیان وەرگرتوەو بەپێی یاسا لەم خولەدا ناتوانرێت دوبارە بۆیان خەرج بکرێتەوە.

حەوتەم: لە نزیکترین ماوەدا ئەندامانی خولی پێنجەمی پەرلەمان خانو و شوقەکانی پەرلەمان رادەست بکەنەوە تا لە ئێستاوە بۆ ئەندامانی خولی شەشەم نۆژەن بکرێتەوەو ئامادە بکرێت.

هەشتەم: ئەرکی هەریەک لە دامەزراوە فەرمیەکانی: (دیوانی چاودێری دارایی)، (دەستەی دەستپاکی) و (داواکاری گشتی)یە کە چاودێری و بەدواداچون بۆ پرۆسەکە بکەن، بۆ ئەوەی هەم یاسای چاکسازی پەرلەمان و هەم بریاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە ئیمتیازی پەرلەمانتاران جێبەجێبکرێت.

ئینستتیوتی پەی وتوشیەتی"داواکارین دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتارە، بەوانەشەوە کە پەرلەمانیان بەجێهێشتبو و بایکۆتیان کردبو، یا ئەو بەڕێزانەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکردبو و دەنگیان لەسەر نەدرابو، لە زوترین کاتدا ئەم هەنگاوانە بگرنە بەر، بەپێچەوانەوە ئێمە وەک ئینستتیوتی پەی چاودێری هەنگاوەکانیان دەکەین، وێرای دەستخۆشی لەوانەی هەنگاوەکە جێبەجێ دەکەن، ناوی ئەو ئەندامانەش بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین کە پەیوەست نەبن بەو یاسایەی خۆیان دەریان کردوە".

هەروەها بڕی ئەو بودجەیەشی خستۆتەڕو کە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی و یاسای چاکسازی، پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕدرێتەوە

یەکەم: ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی بریتین لە سێ کەس، بڕی موچەکانیان مانگانە: (سەرۆک: پانزە ملیۆن دینار)، (جێگری سەرۆک: سیانزە ملیۆن دینار)، (سکرتێر: یانزە ملیۆن دینار)، گەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین خزمەتیان تەواوەو سەرجەم موچەی خانەنشینی وەربگرن، ئینجا موچەکانیان دەبێت بە نیوە.

سەرۆکی پەرلەمان مانگانەی خانەنشینی حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینار و جێگرەکەشی شەش ملیۆن و 500 دینار وەردەگرێت

واتە بۆ هەر مانگێک: (سەرۆک: حەوت ملیۆن و 500 هەزار دینار)، (جێگر: شەش ملیۆن و 500 هەزار دینار) و (سکرتێر: پێنج ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار) بگێڕنەوە، کە بۆ شەش مانگ (سەرۆک: چل و پێنج ملیۆن دینار)، (جێگر: سی و نۆ ملیۆن دینار) و (سکرتێر: سی و سێ ملیۆن دینار)، بەوەش کۆی ئەو بڕە پارەی هەرسێکیان بۆ شەش مانگ بە زیادە وەریانگرتوە دەبێت بیگێڕنەوە، دەکاتە 117 ملیۆن دینار.

دوەم: موچەی ئەندامان کە مانگانە هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی گەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی 51 ئەندامن کە تەمەنیان 45 ساڵ و بەسەرەوەیە، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین ئەوانە هەر هەمویان مەرجی خزمەتیشیان تەواوەو دوا میچی موچەکەش وەربگرن، موچەی هەر یەکێکیان دەگاتە رێژەی 50% کە بڕی چوار ملیۆن و 100 هەزار دینارە.

واتا هەر یەکێکیان دەبێ بۆ هەر مانگێک بڕی چوار ملیۆن و 100 بگێڕنەوە، بەوەش هەر ئەندامێک بۆ شەش مانگ دەبێت 28 ملیۆن و 700 هەزار دینار بگێڕێتەوە، واتە بە تێکڕای 51 ئەندامەکە بۆ شەش مانگ دەبێت ملیارێک و 254 ملیۆن و 600 هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە.

سێیەم: ئەو ئەندامانەی نەگەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، واتە لە خوار 45 ساڵەوەن، ژمارەیان 49 ئەندامە، موچەی مانگانەیان هەشت ملیۆن و 200 دینار، موچەی خانەنشینی هەر یەکێکیان دەگاتە رێژەی 25% کە بڕی دو ملیۆن دینار لە مانگێکدا، بەپێی ئەمەش دەبێت مانگانە شەش ملیۆن و 200 هەزار دینار بگێڕنەوە، واتا هەر یەک لەو ئەندامانە بۆ هەر شەش مانگ دەبێت 43 ملیۆن و 400 هەزار دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕێتەوە، بەوەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەر 49 پەرلەمانتارەکە بۆ شەش مانگ بیگیچڕنەوە دەگاتە ملیارێک و 822 ملیۆن و 600 هەزار دینار.

چوارەم: ئەو ئەندامانەی کە دوای 6ی 11ی 2023 سوێندی یاساییان خواردوە، بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی هیچ ئیمتیازێکی پەرلەمانتاری نایانگرێتەوە، 6 ئەندامن، یەکێکیان لە 30ی 11ی 2023 سوێندی یاسایی خواردوە، بەپێی ئەمەش ناوبراو موچەی پێنج مانگی وەرگرتوە بۆ هەر مانگێک هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینار، کۆی پێنج مانگی دەکاتە 41 ملیۆن دینار، پێنج ئەندامەکەی تریش لە 15ی 3ی 2023 سوێندی یاسایان خواردوە، واتا هەریەکەیان موچەی یەک مانگ و نیویان وەرگرتوە کە کۆی موچەی هەریەکێکیان لەو ماوەیەدا دەکاتە 12 ملیۆن و 300 هەزار دینار، کۆی ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش پەرلەمانتارە دەبێت بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی بریتیە لە 102 ملیۆن و 500 هەزار دینار.

پێنجەم: ئەندامانی فراکسیۆنی یەکگرتو لە 1ی 3ی 2023 لە پەرلەمان نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پەسەند کرا، کە پێنج ئەندام بون، واتە چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتوە، هەر پێنج ئەندامەکەی یەکگرتو گەیشتونەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین خزمەتیشیان تەواو بێت و بالاترین موچەی خانەنشینی وەربگرن، هێشتا دەبێت مانگانە هەر یەکێکیان چوار ملیۆن و 100 هەزار بگێڕێتەوە، کە کۆی گشتی ئەو بڕەپارەیەی بە هەر پێنجیان دەبێت بیگێڕنەوە خەزێنەی گشتی بریتیە لە 82 ملیۆن دینار.

شەشەم: هەریەکە لە پەرلەمانتاران کازم فاروق و عەلی حەمەساڵح کە لە 1ی 3ی 2023 نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پەسەند کرا، واتا چوار مانگ لە تەمەنی نایاسایی پەرلەمان موچەیان وەرگرتوە، ناوبراوان هیچ کامیان نەگەیشتوەتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، بۆیە هەریەکەیان مانگانە دەبێت شەش ملیۆن و 200 هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی، واتە هەر یەکەیان 18 ملیۆن و 600 هەزار دینار بگێڕنەوە، بەپێی ئەوەش بە هەردوکیان و ماوەی سێ مانگ دەبێت 49 ملیۆن و 600 هەزار دینار بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

حەوتەم: بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە 6ی 11ی 2022ەوە تا ئێستا ماوەی 7 مانگە پەرلەمانی کوردستان نایاساییە، واتە جیاوازی ئەو شەش مانگەی موچەکانیان کە پێویستە بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە سەرجەمی دەکاتە سێ ملیۆن و 395 هەزار و 300 هەزار دینار.

هەشتەم: ئەم بڕە پارەیەی دەستنیشانکراوەو پێویستە بگەڕێتەوە تەنها خەملێنراو و گریمانەیە، چونکە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی ئەگەر بەپێی یاسای چاکسازی بچینە ناو وردەکاریەوە، بەشێکی زۆرتر لە ئەندامان مەرجی خزمەتیان تەواو نیە و ئەو موچەی بۆ خانەنشینی ئێمە لێرەدا گریمانەمان بۆ کردوە کەمتر دەبێتەوە.

نۆیەم: لە حاڵەتی خەرجکردنی موچەی مانگی مایس کە تا ئێستا نەدراوە، ئەگەر بۆ پەرلەمان خەرج بکرێت، ئەو کاتە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، کە موچەی زیادەی مانگێکی دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران دەکاتە 581 ملیۆن و 600 هەزار دینار، بەپێی ئەمەش ئەو کاتە بڕی سێ ملیار و 976 ملیۆن و 900 هەزار دینار بە نایاسایی بەهەدەر دەچێت، کە پێویستە بگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

دەیەم: هەندێک لەو ئەندامانەی ناڕازیبون لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پێشتر لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە لێدوانیان دابوکەوا لەدوای 6ی 11ی 2022وە موچەکەیان وەرنەگرتوە، ئێمە وەک ئینستتیوتی پەی هیچ بەلگەیەکی فەرمیمان لەبەر دەست نەبوە، هەر بەرێزێک ئەگەر بەڵگەی هەبێت دەکرێ ئاگادارمان بکاتەوە تا بیخەینەڕو، بۆ ئەوەی مافی پێشێل نەکرێت.

یانزەیەم: ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر رایانگەیاندبو، گوایە لەدوای 6ی 11ی 2022 مەچەیان وەرنەگرتوە، پرسیارێک دێتە کایەوە ئاخۆ موچەکانیان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر خەزێنەی گشتی یاخود خراوەتە سەر ئەژمارەکانیان، کە ئەمە ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بەدواداچونی بۆ بکەن.

خشتەی بڕی ئەو پارانەی بەپێی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی:

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×