فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردهوه كه حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامانجی ئاسانکاری و کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی و خێرایی لە ڕاییکردنی کارەکان، پڕۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بەدیجیتاڵی دەکاتو لەمەودوا هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواکاری پێشکەش بکەن.
ئاوێنه: فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومهتی ههرێم دهڵێت، لەڕێگەی ئەم سیستەمە نوێیەوە، لەهەر کات و شوێنێک بێت، دەتوانن بەئاسانی و خێرایی و پارێزراوی، داواکاراییەكانی تایبەت بە تۆمارە بازرگانییەکانیان پێشکەش بکەن. بەمەش "ژمارەی یەکەی بێهاوتا" دەدرێتە هەر کۆمپانیایەکی تۆمارکراو تا بە ئاسانی سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی حکومەت ببینن.
ئەم دەستپێشخەرییە هەوڵێکی هاوبەشی نێوان پەرلەمانی کوردستان، نوسینگەی سەرۆک وەزیران، نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و هاوتەریبیشە لەگەڵ ستراتیژی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا.
ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه سیستەمی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بەچەندین تایبەتمەندییەوە شوێنی پڕۆسەی کارکردنی پێشوو دەگرێتەوە. پێشتر پێویست بوو داواکار چەندین جار سەردانی فەرمانگە و بەشە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری دامەزراوە بازرگانییەکان بکات، تا بە پڕۆسەیەکی دوور و درێژ و تێچوویەکی زۆر و دوو داواکاریی جیاواز، ناوی بازرگانی یان کۆمپانیاکەی تۆمار بکات، ئەمەش جۆرێک لە ئاڵۆزی و بێزاری دروست کردبوو، و ئەم کەموکوڕییانە ڕێگر بوون لە پێشکەوتنی ئابووری و گەشەی کۆمپانیاکان و دەستپێشخەریی خاوەنکاران.
لهبارهی سوودەکانی بەدیجیتاڵیکردنی سیستەمە نوێیەکە، ئهوه خراوهتهڕو كه "ئەم سیستەمە نوێیە، چەندین سوودی هەیە، چیتر بە ماوە و تێچوویەکی زۆر، کۆمپانیا و ناوی بازرگانی تۆمار ناکرێت، بەڵکوو لە هەر شوێنێک بێت ٨٠٪ هەرزانتر لە جاران و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری کارکردندا ناوی بازرگانییەکە تۆمار دەکرێت. هەروەها داواکار بە شێوەی گەڕانی ئۆنلاین، دەتوانێت ناوە بازرگانییەکەی پشتڕاست بکاتەوە، تا کەسی دیکە نەتوانێت بە هەمان ناو لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیا تۆمار بکات."