"ناکۆکی یەکێتی‌و پارتی هۆکاری سەرەکی لاوازبونی پێگەی کوردە لەعێراقدا"
  2023-08-04       2368       

ئا: ئاوێنە


جێگری پێشوی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بارودۆخی ئێستای سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان بارودۆخێکی سەختە، مانەوەی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا "روبەڕوی مەترسی گەورە بوەتەوە".

ئا: ئاوێنە

 

ساڵح موتڵەگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوە، "ئاڕاستەیەک دروستبوە زومی لەسەر بایەخدانە بە پارێزگاکان و هەوڵدانی پارێزگاکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، ئەمە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد "ناکۆکی نێوان حزبە کوردییەکان لە بەرژەوەندی داهاتوی هەرێم نییە؛ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان لەلایەن حزب و ناکۆکی لەسەر دارایی لە داهاتودا دەگۆڕێت بۆ ناکۆکی نێوان پارێزگاکانی هەرێم و درز دروستبون".

پارتی و یەکێتی وەکو دو حزبی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، ناکۆکی قوڵ لە نێوانیاندایە، یەکێک لە ناکۆکییەکان تایبەتە بە داهات و خزمەتگوزارییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، بەردەوام بەرپرسانی یەکێتی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانیان بەوە تۆمەتبارکردوە کە "گەمارۆی خستوەتە سەر سلێمانی" بەوەی بە پێی پێویست بودجەی بۆ دابین نەکراوە، لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیران پرسیاری خستوەتە سەر شەفافیەتی کۆکردنەوەی داهات لە سلێمانی.

دواجار ئەم ناکۆکییە گەیشتە ئاستی بایکۆتکردنی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چەندین مانگ لە مانگی 10 ساڵی ڕابردو لەلایەن تیمی یەکێتییەوە بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی.

جێگری پێشوی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێییوایە، "ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی هۆکاری سەرەکی لاوازبونی پێگەی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا".

ساڵح موتڵەگ دەڵێت، "لایەنی تر هیوادارن ناکۆکی نێوان ئەم دو حزبە تەشەنە بکات و هەوڵی تەشەنەکردنی ناکۆکییەکەش دەدەن".

هەندێک لە چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێیانوایە هەوڵێکی ئیقلیمی لە ئارادایە بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی و قەوارەی دەستوری و یاسایی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوەشدەکەنەوە هەوڵەکان لە ڕێگەی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێن.

لەو بارەیەوە، ساڵح موتڵەگ وتی، "هەوڵی کرداری ئیقلیمی نابینم بۆلاوازکردنی هەرێم، حزبەکان هۆکارن بۆ لاوازبونی پێگەی هەرێم، بێگومان لەلایەنی ئیقلیمیەوە هاندان هەیە بۆ لاوازکردنی هەرێم و بردنی دۆخەکە بە ئاقاری بەش بەشبوونی پارێزگاکان".

وتیشی، "هەندێک حزبی کوردی بێ مەبەست بێت یاخود بە مەبەست دابەشبونی پارێزگاکانی دەوێت، هەندێک حزبی تریش تاکڕەویان دەوێت و ئەوانی تر وەکو پاشکۆ دەبینن، سازش لەم پێناوەشدا دەکەن، ئەمانە هۆکارن بۆ ڕەخساندنی زەمینە بۆ دەستوردانە ئیقلیمییەکان".

دەربارەی ئایندەی هاوپەیمانێتی نێوان کورد و شیعە، ساڵح موتڵەگ جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەڵێت، "هاوپەیمانێتییەکە ئایندەی نییە، دو حزبە کوردییەکە هەڵەیەکی گەورەیان کرد کاتێک لە ڕابردودا هاوپەیمانێتی کوردی - شیعەیان لە دژی سونە ئەنجامدا، ئەوەتا سەرکردایەتی شیعەشیان لەگەڵ نەما و دۆخەکە گەیشتوەتە ئەمڕۆ".

هەروەها ئەوەشی خستەڕو، "ئێستا متمانە نەماوە لە نێوان لایەنەکاندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتری، ئەمەش عێراقی لاوازکردوە، هاوپەیمانێتییەکان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی و لەسەر حسابی وڵات ئەنجامدران".

جێگری پێشوی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێییوایە، هەر حکومەتێکی عێراق لە سەرەتای پێکهێنانیدا بەڵێنی گەورە بە کورد و سونە و تەنانەت شیعەکانیش دەدات، بەڵام دواتر هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت، چونکە ئامانجییان دەست بەسەرداگرتنی حکومەتە نەک شتی تر.

ساڵح موتڵەگ دەڵێت، "لایەنەکان دورن لە چارەسەرکردنی کێشە و دۆخی تاڵی عێراق، بیریان لای بەهێزکردنی میلیشیاکانیان و گەشەپێدانی توانا داراییەکانیانە، تا زیاتر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە".

هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی عێراق بە فەرمی داوای کشانەوەی پێشمەرگەیان نەکردوە لە ناوچەکانی دەرەوەی هێڵی 36، بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن "حکومەت لە پلانیدایە داوای کشانەوەی پێشمەرگە بکات بۆ ناوچەکانی پێش ڕووخانی رژێمی بەعس".

لەو بارەیەوە، ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی، "ئەگەر پێشڕەوی لە هەر لایەکەوە ڕوبدات، لەلای عێراق یاخود هەرێم، لەو ناوچانە کێشە ڕودەدات، پێشمەرگە لە هەر جێگەیەک بێت گرنگ ئەوەیە سەقامگیری دابین بکات".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×