ئاژانسی (بغداد الیوم)ـی عێراقیی، هەواڵێکی بڵاوکردوهتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ وردبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، ئەویش بە ئامادەکردنی کۆی هەموو بەڵگەنامە و دۆسێکانی خەرجیی و ژمارەی فەرمانبەران و هەر شتێکی دیکە کە پێویستە بۆ پێداچوونەوەی گشتیی و وردبینییکردن لە لایەن ئەو شاندەوە.
ئاوێنە: ئاژانسەکە نووسیویەتی؛ دوای بڵاوکردنەوە و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بودجەی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2023، یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دەستوور و بە تایبەتیی هەردوو ماددەی 12 و 13ی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەند دەست کراوە بێت لە ناردنی داهات و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی 25 ترلیۆن دیناری عێراقییە بۆ ساڵی 2023.
ئاژانسەکە روونی کردوهتەوە ئەو هەنگاوە بریتییە لە گەیشتنی شاندێکی باڵای دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کە کارەکەیان بریتییە لە پاکتاوکردنێکی گشتیی و فراوانی هەموو خەرجییەکانی هەرێم بۆ ساڵی 2022 و لەگەڵ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە کە شاندەکەی دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ ماوەی 10 رۆژ دەمێننەوە، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی ئاگادار کردوهتەوە کە دەبێت هەموو بەڵگەنامە و نووسراو و داتای خەرجییەکانی ماوەی ئاماژەپێدراو (2022- تا مانگی شهشی 2023) ئامادە بکەن بۆ ئەوەی شاندەکەی دیوانی چاودێریی دارایی ناوەند وردبینیینان بۆ بکات.
بەپێی هەواڵی ئاژانسە عێراقییەکە، شاندەکەی دیوانی چاودێری دارایی ناوەند بە هاوەڵی شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان دەگەڕێت، لەگەڵ تەواوبوونی کارەکانی ئەو شاندەی دیوانی چاودێریی دارای عێراق، شاندێکی دیکە لە بەغداوه دێتە هەرێم بۆ وردبینییکردنی هەموو ئەو داتا و خەرجییانەی حکومەتی هەرێم داونیەتیە بەغداوه لەگەڵ ژمارەی فەرمانبەران و قەبارەی داهاتەکانی ناوخۆ. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم رێکارانە بریتیین لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە سێساڵییەکە.