2023-08-13   872     
بڕیارە سبەی دووشەممە، دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی 12 سکاڵا کۆببێتەوە؛ سێ دانەیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. یەکێک لە سکاڵاکان دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە کە لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکراوە کە سەر بە حیزبوڵای عێراقە. سکاڵایەکیشیان لەلایەن پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێوە دژی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران تۆمارکراوە.
ئاوێنە: بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 13-8-2023، دادگەکە کۆببێتەوە. سێ لە سکاڵاکان پەیوەندییان بە سێ بابەتی دارایی و رێوشوێنی کارگێڕی لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. سکاڵای یەکەمیان لەلایەن سعود سەعدوون ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق کە فراکسیۆنی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق لە پەرلەمان تۆمارکراوە. سکاڵاکە دژی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوا دەکات بڕیاری ژمارە 61ـی ساڵی 2020ـی تایبەت بە پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەنادەستووری دابنرێت.
رۆژی یەکشەممە، 13-8-2023، مەهدی سبێحاوی، پارێزەرەی دۆسیەی پەرلەمانتارەکە رایگەیاند، "سبەی ئامادەی دادگا دەبین. سکاڵامان دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە بە پشتبەستن بەو خۆپیشاندانانەی لەلایەن فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دژی پاشەکەوتکردنی مووچەکانیان کرا."
مەهدی سبێحاوی وتی، "بڕیاری پاشەکەوتکردنی مووچە دژی چەندین بڕگە و مادەی دەستوورییە و دەبێت لەلایەن دادگەکەوە بە نادەستووری بناسرێت".
بڕیاری ژمارە 61ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020 درا، لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکهاتبوو و بەپێی بڕیارەکە؛ تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە لێبڕینی مووچە کرایە 21٪.