لیژنەی مادەی ١٤٠ بۆ تاوتوێ كردنی كێشەكان كۆبوونەوە
  2023-08-13       590       

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و بە ئامادەبوونی ئەندامانی  ماددەی ١٤٠ی پەرلەمان و هادی عامری سەرۆكی لیژنەی  مادەی ١٤٠ی دەستوور كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێ  كێشە و گرفتەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ماددەكە كرا.

ئاوێنه‌: بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت كۆبوونەوە لیژنەی مادەی ١٤٠ی پەرلەمان لەگەڵ هادی عامری و تاوتوێكردنی ماددەكە ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ بە سەرپەرەشتی شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی مادەی ١٤٠ لە پەرلەمان لەگەڵ لیژنەیەكی هەمان ماددە كە هادی عامری سەرۆكاییەتی دەكات كۆبوونەوە، بە مەبەستی تاوتوێ كردنی دۆسیەی قەرەبووكردنەوە و تەرخانكردنی دارایی بۆی لە یاسای بودجە.

ئاماژە بەوەش كراوە، لیژنەكان تاوتوێی دۆسیەی گەڕاندنەوەی ماف و خەرجكردنی دارایی بۆ زیان بەركەوتووان كرد، كە بەهۆی سیاسەتەكانی ڕژێمی بەعسەوە دیمۆگرافییای پارێزگاكانی كەركوك – دیالە – سەڵاحەدین و نەینەوا گۆڕانگاری بەسەردا هێنرا.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان حكومەت و لیژنەكانی پەرلەمان بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستوور كراوە.

ناوەڕۆكی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ماددەیەكی دەستوورییە و لە دوای لەشكركێشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ پەسەند كرا، بە مەبەستی بۆ چارەسەركردنی پرسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەکانە، كورد داوای جێبەجێكردنی ماددەكە دەكات، بەڵام تاوەكو ئێستا بەهۆی چەندین هۆكارەوە بە تەواوی مادەی ١٤٠جێبەجێ نەكراوە.

دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا مادەی ١٤٠ وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا دیاری كردبوو.

لە مادەكەدا ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی دیاریكردووە كە سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت، یەكەمیان ئاساییكردنەوەیە، واتە چارەسەركردنی ئەو گۆڕانكاریانەی لە دیمۆگرافیای كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكاندا لە سەردەمی ڕژێمی سەدام و دوای سەدام ڕوویاندا، دووەمیان سەرژمێری دانیشتوانی ئەو ناوچانە، دواهەمینیان گشتپرسییەكە بۆ دیاریكردنی ئەوەی دانیشتووانەكەی چییان دەوێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×