ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات -پەیەدە- دەڵێت، تورکیا لەرێگەی کردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونەوە، کار بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ تورکمانەکان لەباکورو رۆژھەڵاتی سوریا دەکات.
ئاوێنه: ساڵح موسلیم بەمیدیای نزیک لەئیدارەی خۆسەری راگەیاندووه، تورکیا لەئێستادا کار لەسەر نەخشەیەکی تایبەت بەتورکمان دەکات و دەیەوێت دەوڵەتێکیان لەباکورو رۆژھەڵاتی سوریا بۆ دروستبکات، بۆیەش لەو ناوچانە چەندین بنکەی راھێنانی بۆ چەکدارکردنی خەڵک کردووەتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، حکومەتی سوریا ناتوانێت و کاریش بۆ ئەوە ناکات ھێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی بکاتەدەرەوە، چونکە لەژێر کاریگەری سیاسەتی وڵاتانی وەک روسیاو ئێرانە، ئەو دوو وڵاتەش بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیا ھەیە و کار بۆ ئەوە ناکان ئەنقەرە ھێزەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە، بۆیە بابەتەکە ئاڵۆزەو تەنھا بەیەکێتی ناوخۆیی و تێکۆشانی بەردەوام بەدیدەھێنرێت.
ھاوسەرۆکی پەیەدە وتیشی، لێدوانەکەی سەرۆکی سوریا کە کشانەوەی تورکیای کردووە بە مەرج بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان، لێدوانێکەو باوەڕی وایە دیمەشق ھێزو توانای ئەوەی نییە بەتەنھا سوپای تورکیا پابەندی کشانەوە بکات.