لهکۆبونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دهستوری عێراق بڕیاردرا کۆبوونەوەکانی لیژنەكه هەموو هەفتەیەک ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی ماددەکە "بچێتە قۆناغێکی باشترەوە". هاوكات بڕیادرا دەستوەردانی سوپای عێراق لەکاروباری جوتیارانی ناوچە کوردستانییەکان رابگیرێت.
ئاوێنه: ئەمڕۆ یەکشەممە، بەئامادهبونی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق، کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی لیژنەکە لەپەرلەمانی عێراق بەڕێوەچو. دوای تەواوبونی کۆبونەوەکە، هادی عامری و شاخەوان عەبدوڵا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامداو وەڵامی رۆژنامەنوسانیان دایەوە.
شاخەوان عەبدوڵا لهبارهی كۆبونهوهكهوه رایگەیاند، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی لیژنەی باڵای ماددەی 140، بڕیادرا سوپای عێراق دەستوەردان لەکاروباری جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان نەکات و چیدیکە سوپا رێگری لەکاری کشتوکاڵی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە نەکات، "چونکە ئەو کارە پێچەوانەی دەستورە". وتیشی، ئەوانەی خاوەن زەوییەکانن، "دەتوانن زەوییەکانیان بکێڵن و رێگرییان لێ ناکرێت".
بەوتەی شاخەوان عەبدوڵا، لەگەڵ هادی عامری و ئەندامانی دیکەی لیژنەکە رێککەوتون، کۆبونەوەکانی لیژنەی باڵای ماددەی 140 هەموو هەفتەیەک ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی ماددەکە "بچێتە قۆناغێکی باشترەوە".
لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعس، شاخەوان عەبدوڵا وتی، "بڕیارەکانی سەرکردایەتی بەعس هەڵنەوەشاونەتەوە"، بەڵکو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەکو پڕۆژەیاسایەک دەنگی لەسەر داوەو چاوەڕێن رەوانەی پەرلەمان بکرێت. ئەوەشی خستەڕوو، "کۆدەنگی فراکسیۆنەکان لەسەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکەو هەڵوەشاندنەوەی بڕیاەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعس هەیەو هەموو هەوڵێک دەدەین لەپەرلەمان پەسەندی بکەین".
لای خۆیەوە، هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێبکردنی ماددەی 140 رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە بەشێوەیەکی یاساییو لەپەرلەمانی عێراق بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی رژێمی بەعس هەڵبوەشێنەوە و کار بەبڕیاری "هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری شیمال" بکرێت، قەرەبوی هاوڵاتیان بکرێتەوەو پارچە زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
بابەتێکی دیکە لەکۆبونەوەکەدا کە باسی لێ وەکو کرا، وەکو ئەوەی هادی عامری ئاماژەی پێ دەدات، "قەرەبوکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانە بووە کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە"و ئاماژەی بەوەشدا، " 439 هەزار دۆسیەی ماددەی 140 واژو کراون، بەوەش قەرەبوکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووانی ماددەی 140 پێویستی بە 22 ساڵە".
هادی عامری خەرجکردنی 200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ماددەی 140 بە "بڕێکی زۆر کەم" ناوبردو وتی، "هیوامان وایە برادەرانمان لەپەرلەمانی عێراق کار بۆ زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە بکەن، چونکە بە ڕاستی ژمارەی زیانلێبەرکەوتووانی ماددەی 140 زۆرە و ئەو بڕە پارەیەی خەرجکراوە، زۆر کەمە".
بهپێی ماددەی 140ی دهستوری عێراق، پێویستە چارەنوسی كەركوكو ناوچەكانی دیكەی جێناکۆک دوای هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوەو سەرژمێرییو دواتر راپرسی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، ئەو ماددەیەش پشتی بەستووە بەجێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ماددەی 58ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، کە لەمانگی 3ی ساڵی 2004دا دەرکراوەو لەسێ بڕگەی سەرەکی پێکدێت.